شوبات 19, 2020

یانەی شەترەنجی خانزاد لە ئاستی لاوانی عێراق پلەی دووەم بەدەست دێنێ

دوای بەشداربوون لە پاڵەوانێتی لاوان و تازە پێگەیشتوانی عێراق، یانەی شەترەنجی (خانزاد) کە تاکە یانەی کوردییە بەشدارە لەم پاڵەوانێتیەدا، کە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، وێڕای ھەموو ئاستەنگە داراییەکان، توانی پلەی دووەمی ئەو پاڵەوانێتیە بەدەست بێنێت و جارێکی تر دەسکەوتەکان بۆ ھەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

(د.دڵزار حەمە ساڵح) سەرۆکی یانەی خانزاد لە ئاخاوتنێکی بۆ (ھەولێر) ڕایگەیاند: ئەگەرچی لە ئاستەنگێکی دارایی گەورەداین بەھۆی ئەو قەیرانە سەختەی کە بەرۆکی کوردستانی گرتووە، بەڵام ئێمە دەستەوەستان نەبووین و ھەمیشە ھەوڵەکانمان بەردەوام بووە بۆ بەدیھێنانی خەونەکان، تەنانەت ھەتا ئەمڕۆکەش سەرگەرمی مەشق و ڕاھێنانین بۆ پێگەیاندنی چەند یاریزانێکی لاو لە ڕێگەی خوولە تایبەتیەکانمانەوە، ئەو دەستکەوتەی کە لە پایتەختی عێراقیش بەدەستمان ھێنا و پلەی دووەممان لەو پاڵەوانێتیەی لاواندا بەدەست ھێنا، درێژەدانی دەستکەوتەکانی ڕابردووە، کە ئەمەیش جێگەی شانازی ھەموو کوردستانە، کە یانەیەکی کوردی بتوانێت لە ئاستی عێراقدا پلەی دووەم بەدەست بێنێ، لەو نێوەندەشدا سوپاسی تایبەتی دەستەی ڕاھێنەرایەتی و دەستەی کارگێڕی و یاریزانەکان دەکەم، کە بەوپەڕی دڵسۆزانەوە خۆیان بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادەکردبوو، تا دەستکەوتیشیان بەدەست نەھێنا نەگەڕانەوە پایتەختی کوردستان.

 

© 2017 Hawler