شوبات 19, 2020

پرسیاری ڕیاڵییەكان، كێ جێگەی ڕۆناڵدۆ دەگرێتەوە؟

           ڕێك ساڵێك لەمەوبەر، نێیمار بارسێلۆنای بەرەو پاریس سانت جێرمان جێ هێشت و بارسێلۆنایش تا كۆتایی وەرزی گواستنەوەی یاریزانەكان، هەوڵی كڕینی یاریزانێكی جێگرەوەی نێیماری دا، هەڵبەت بە نرخێكی گونجاو.
ریاڵ مەدرید ئێستە ڕۆژانی هاوشێوەی بارسێلۆنای هەیە. ئەوانیش دوای فرۆشتنی ڕۆناڵدۆ، لە چاو بارسێلۆنا، زیاتر كاتیان بۆ كرینی یاریزان بە دەستەوە بووە، بەڵام تا ئێستە جێگرەوەی ڕۆناڵدۆیان نەكڕیوە. جێگرەوەی یاریزانێك كە بە بڕوای زۆر كەس، باشترین یاریزانی ڕیاڵ مەدرید بووە. ڕۆناڵدۆ لە 438 یاری بۆ ئەو یانەیە، 450 گۆڵی تۆمار كردووە و ئێستە هیچ یاریزانێكی ڕیاڵ توانای جێگرتنەوەی ئەوی نییە!


مێسی، سەرئێشەی ڕیاڵییەكان
ئەو بابەتە بۆتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ فلۆرێنتینۆ پرێز. سەرۆكی یانەی ڕیاڵ مەدرید، سەبارەت بە كڕینی چەند یاریزانێكی ئاستبەرز، خێرا ناووبانگی پەیدا كرد، بەڵام دوای كڕینی خامێس رۆدریگز لە ساڵی 2014 كە بە 80 ملیۆن یۆرۆ ڕێگەی ڕیاڵی گرتەبەر، ئیتر هیچ یاریزانێكی گرانبەهای نەكڕیوە. ئەو ڕۆژانە، باشترین یاریزانەكانی جیهان لە چەند یانەدا یاری دەكەن و ڕیاڵیش بێ ڕۆناڵدۆ ماوەتەوە. ئێستە بە جیابوونەوەی ڕۆناڵدۆ و ئامادەبوونی مێسی، پێناچێ ڕیاڵ بتوانێ ڕكەبەری بارسێلۆنا بكات.
 
دەست لە نێیمار و ئیمباپێ و هازارد بشۆن
نێیمار و ئیمباپێ دوو ئامانجی گەورەی ڕیاڵ مەدریدن، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لە ڕاگەیاندراوێكدا، كڕینی هەر دوو یاریزانی ڕەتكردەوە. ڕیاڵ دەبێ دەست لەو دوو یاریزانە بشوات، چونكە پاریس سانت جێرمان نایانفرۆشێت. دەنگۆی كڕینی ئەدن هازارد لەئاردابوو. هێرشبەری بەلجیكی لە جامی جیهانیدا درەوشایەوە و تەنانەت دوای جامی جیهانی ئەگەری ڕۆیشتنی لە یانەی چێڵسی نەشاردەوە.
بەو حاڵەیشەوە ماوریزیۆ ساری، ڕاهێنەری چێڵسی هێشتا هەوڵی هێشتنەوەی هازارد دەدات و لەكاتێكدا تیبۆ كۆرتۆڤا لە ڕیاڵ مەدرید نزیك بووەتەوە، بەڵام پێ دەچێ ئەگەری فرۆشتنی هازارد كەمە، چونكە چێڵسی داوای پارەیەكی خەیاڵی لە ڕیاڵ دەكات و چونكە هازارد بژاردەی سەرەكی ڕیاڵ نییە، كەواتە ئامادە نییە پارەیەكی زۆری بۆ خەرج بكات.

هاری كین عاشقی تۆتنهامم
هاری كین، یاریزانێكی دیكەیە كە ڕیاڵ هەوڵی كڕینی دەدات، بەڵام هێرشبەری تۆتنهام ڕێگەی گاریس بەیڵ و لۆكا مۆدریچی ناگرێتە بەر و لە لەندەن دەمێنێتەوە. تۆتنهایم ئەم ڕۆژانە هەوڵی بەدەستهێنانی چامپیۆنز لیگ دەدات و "هاری كین"ـیش بە گیان و دڵ تۆتنهایمی خۆش دەوێت و بۆندەكەی نوێ كردۆتەوە و ناچێتە ڕیاڵ مەدرید.

كڕینی یایزانی لاو
دەكرێ ئاماژە بە بژاردەی دیكەی وەكوو ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی بكەین، بەڵام هێرشبەری تەمەن سی ساڵان ناتوانێ جێگرەوەیەكی باش بۆ رۆناڵدۆ بێت، بەڵكوو ئەو دەتوانێ زیاتر ڕكابەرێكی بەهێز بۆ كەریم بێنزێما بێت.
لۆپێتگی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید هەوڵی كڕینی هێرشبەرێكی ئاستبەرز دەدات، ڕەنگە هێرشبەرەكە ناوێكی گەورەی نەبێت، ئەوەش بۆ سیاسەتی نوێی پرێز دەگەڕێتەوە، بە تایبەت دوای كڕینی ئەندرێ لونین، گۆڵچییە نوێیەكەیان.
پێرێز لە كاتی ناساندنی لونین وتوویەتی، هەوڵی ئێمە بۆ ئێستە و داهاتووی یانەكەمانە. دەمانەوێ گەنج بكڕین، بۆ ئەوەی داهاتووی یانە دابین بكەین.
لونینی تەمەن 19 ساڵان و ئەلوارۆ ئۆدریوزولای تەمەن 22 ساڵان لەگەڵ وینیسیۆس جۆنیۆری تەمەن 18 ساڵان، تا ئێستە یارزانە نوێیەكانی ڕیاڵن. وینیسیۆس لە یاری بەرانبەر بە مان یونایتد درەوشایبەوە، هەرچەند ئەویش ئاستێكی ئەستێرەئاسای نییە.

بەیڵ باشترین جێگرەوە ڕۆناڵدۆ
پێدەچێ جێگەی ڕۆناڵدۆ لە ڕوانگەی ڕاهێنەرەوە پڕ كرابێتەوە. لۆپێتگی چاوی بڕیوەتە ئاستبەرزی گەرت بێل. ئەو لەو بارەیەوە وتویەتی؛ ڕۆناڵدۆ لە یاریزانە سەرەكییەكانی ڕیاڵ بوو و ڕۆیشت. گاریس بەیڵ یاریزانێكی نایابە و ئاستێكی باشی هەیە. ئەو دەتوانێ كێشەكانمان بۆ چارەسەر بكات.
بێنزێما هێرشبەری نوك دەبێت و ئیسكۆ، ماركۆ ئەسێنسیۆ، لۆكاس ڤاسكێز و وینیسیۆسیش ركاربەری یەكتر دەكەن، لە كاتێكدا مۆدریچ و كرۆس و كاسیمیرۆش هێڵی ناوەڕاستی ڕیاڵ پێك دێنن.
كەواتە دوای ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ و زینەدین زیدان، ئێستە پێدەچێ ڕێاڵ مەدرید سیاسەتی خۆی لە كڕینی ئەستێرەكاندا گۆڕیبێت. ڕیاڵ دەیەوێ بارقورسایی ئاستبەرزی ڕۆناڵدۆ بخاتە سەر شانی گاریس بەیڵ و لەوەبەدوا سوود لە یاریزانی گەنج وەربگرێت. بەو دەرئەنجامە دەگەین كە ڕیاڵ مەدرید سیاسەتێكی دروستی هەڵبژاردووە، هەڵبەت نە بۆ ئەمساڵ، بەڵكوو بۆ داهاتووی یانەكە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler