شوبات 19, 2020

ئایا مۆرینیۆ بەر لە دەستپێكی وەرز خۆی بە دەستەوە داوە؟!

گاردیەن، وێنەی توڕە و سەرسوڕماوی چاپ كردبوو، وێنەی یەك لە خاوەن شانازیترین ڕاهێنەرانی دەیەی ڕابردوو، وێنەی خۆزێ مۆرینیۆ. مانشێتێكی سەیری بۆ هەڵبژاردبوو: "پێدەچێ مۆرینیۆ بەر لە دەستپێكی وەرز خۆی بەدەستەوە دابێ". هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە و نووسینی مانشێتێكی ئەوتۆ، دەبێ بۆ چی بێت؟ بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بكەین كە ماوەیەكە كەمتر كەسێ پێكەنینی مۆرینیۆی بینیوە. وێنەكە ئاماژەیەكە بە سێیەم وەرزی ڕاهێنەرایەتی مۆرینیۆ، كە ئایا ئەم وەرزە توانای بەرەنگاربوونەوەی ڕاهێنەرە ناودارەكانی هەیە یان نا؟

خۆئامادەكردنێكی "زۆر خراپ"
گەشتی مەشق و ڕاهێنانی یونایتد بۆ ئەمریكا، پەردەی لەسەر پێكهاتە نوێیەكەی شەیتانە سوورەكان هەڵگرت. یەكەم گەشتیان دوای جیابوونەوەی ڕۆی فاریا یاریدەری كۆنی و هەروەها یەكەم یاری كە مەك كەریك ئەستێرەی پێشووی یونایتد، كایران مەك كێنا ڕاهێنەری پێشووی هەژدەساڵەكان و ستیڤانۆ راپێتی ڕاهێنەری پێشووی ئینتەر یاریدەدەری مۆرینیۆن. هەڵبەت گەشتێك بێ ئامادەبوونی دێ خیا، ماتیچ، جۆنز، پۆگبا، كۆكاكۆ، فلینی، ڕاشفۆرد، لینگارد، رۆخۆ، لیندلف، یانگ و فرێد كە دەریخست ئەوە پێكهاتەی سەرەكی شەیتانە سوورەكان نییە. مۆرینیۆ بە دوو وشەی "زۆر خراپ" ئاماژەی بە ئامادەبوونی مان یونایتد كرد، ئەوەیش لە كاتێكدا پێپ گواردیۆلا لە ئاماژەكردن بە نەبوونی شازدە یاریزانی مان سیتی لە گەشتەكەیان بۆ ئەمریكا، بە نیشانەی بەهێز بوونی تیمەكەی دەزانێت.
 
بیركردنەوە لە پاڵەوانێتی ئەستەمە
زۆر كەس بە تانەوە دەڵێن: "ئەگەر بە خۆزێ بێت، پێویستی بە یازدە یاریزانی دیكە هەیە"! بەڵام ئایا بەڕاستی یاریزانە نوێیەكانی یونایتد بۆشایی پێكهاتەیەكەیان پڕكردووەتەوە؟ ئایا ئەو مافی ئەوەی نییە بە تانە بە دەستەی كارگێڕی یانەكەی بڵێت "بیر لە پاڵەوانێتی پریمەر لێگ نەكەنەوە."
فرێد لە شاختارەوە هاتووە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بە پەنجاو پێنج ملیۆن پاوند. دالیوت یاریزانی بەرگری نۆزدە ساڵانی پۆرتۆ بە نۆزدە ملیۆن پاوند و هەروەها "لی گرانت" گۆڵپارێزی سی و پێنج ساڵانی ستۆك سیتی. بەڵام فرێد و دالیوت پێكانیان هەیە و جارێ ناتوانن بۆ مان یونایتد یاری بكەن و "هەری مەگوایر"ـیش هێشتە باری سەفەری لە لێسترەوە بۆ یونایتد نەپێچاوەتەوە. مۆرینیۆ، هاوینی ئەمساڵی بە هیوای بەهێزكردنی هێڵی بەرگری دەست پێ كرد. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو كە دەبێ لە دوو یاریزانی بەرگریی كەنارەكان سوود وەربگرێ كە وەكوو یاریزانەكانی مان سیتی لە هێرشكردندا بەتوانا بن، هەر بۆیە نابێ دڵی بە ئەنتۆنیۆ ڤالێنسیا و ئەشلی یانگ خۆش بێت كە تەمەنیان بۆ سیوسێ ساڵ بەرزبووەتەوە. باس لە هاتنی "تۆبی ئەلدرۆیرلد"ـەوە لە تۆتنهام دەكرا، بەڵام "پۆچتینۆ" ئەو یاریزانە نافرۆشێت. مۆرینیۆ دەیەوێ لە جیاوازی 39 گۆڵەی مان سیتی كەم بكاتەوە. هەوڵی كڕینی پریسیچ دەدات، بەڵام ڕیاڵیش هەوڵی كڕینی ئەستێرەی كرواتیای ئینتەر دەدات و ڕكابەرییەكە زۆر قورس و ئەستەم بووە.

سیتی و گواردیۆلا، تانە و سەركۆنەی مۆرینیۆ
 لەگەڵ ئەوەیشدا، پاڵەوانیەتیی بێ سەرئێشەی سیتی لە وەزری ڕابردوو بووەتە هۆكارێك بۆ سەركۆنەكردن و تانەلێدانی مۆرینیۆ. یونایتد بە سیتییەوە هەڵدەسەنگێنن و مۆرنیۆیش بە گواردیۆلاوە. دوو راهێنەری خاوەن شانازی لە دوو جەمسەری دوور لە یەكتر. مۆرینیۆ بەردەوام كێشەی لەگەڵ ئەستێرەكاندا هەبووە، لە ڕیاڵ مەدرید و لە چێڵسیش، لە هازاردەوە تا ڕۆناڵدۆ. لەكاتێكدا زۆربەی یاریزانەكانی سیتی، هەر لە دی برۆینەوە بگرە تا ستیرلینگ، دۆڵف، سیلڤا و فێرناندینۆ بە هاتنی پێپ گەیشتنە لوتكە، یان بەلایەنی كەمەوە ئەستێرەی داهاتوون.

پۆگبا لە دوو ئاستدا
ڕەنگە ئەگەر پێپ یاریزانێكی وەكوو مارسیالی هەبووایە، بێشك هەوڵی ئاستبەرزی ئەوی دەدا، بەڵام مۆرینیۆ ڕووی كردە سانچێز و ئێستەیش بیر لە پریسیچ دەكاتەوە. متمانە بە شاو، مارسیال، ڕاشفۆرد و پۆگبا لەلایەن مۆرینیۆوە كەم بووەوە، زیاتر كەم بووەوە. هەڵسەنگاندنێكی نێوان پۆگبای جامی جیهانی لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا، یان فیلینی بۆ مارتینێز لە هەڵبژاردەی بەلجیكا لەگەڵ یارییەكانیان لە ژێر دەستی مۆرینیۆ هەموو شت دەردەخات.

هاوشێوەی ئارسن ڤێنگر
مۆرینیۆی ئێستە، ڕێك وەكوو ئارسن ڤێنگری ساڵانی دوای 2004ـی ئارسناڵە. سەردەمانێك كە سیحری "ئارسنی جادوویی" لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێك كەم بووەوە و لە كۆتاییدا لەدەست چوو. هەڵبەت ڕوانگەی مۆرینیۆ لە یانەكانی وەكوو پۆرتۆ و چێڵسیدا كاریگەرە، بەڵام نە لە یانەیەكی كە بەردەوام لە لوتكەدا بووە. ڕاستە مۆرینیۆ، دوای ئەلێكس فێرگسۆن، باشترین ڕاهێنەری شەیتانە سوورەكان بووە، بەڵام ڕاهێنەرایەتی یانەكانی ئەتلتیكۆ مەدرید، لازیۆ، پاریس سانت جێرمان و مۆناكۆ بۆ مۆرینیۆ ئاسانترە لە ڕێبەرایەتی یانەكانی وەكوو ڕیاڵ مەدرید، بارسێلۆنا و تەنانەت مان یونایتدیش.

كەس حەز ناكات كورسییەكە بەجێ بێڵێت
ڕووبەڕووبوونەوەی مۆرینیۆ لەگەڵ دەستەی كارگێڕی شەیتانە سوورەكان كە پێی وتوون، "ئەگەر بەدوای سوودی بێ مەترسین، پارەكەتان لە بانكدا بهێڵنەوە" پیشان دەدات بۆچی پێكەنین لە ڕووخساری مۆرینیۆدا سڕاوەتەوە و ڕۆژنامە وەرزشییەكانی ئینگلتەرایش كردوویانە بە مانشێتی سەرەكیان. بەڵام ئەی لایەنگرانی مان یونایتد چی؟ ڕەنگە بەشێكیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە ڕێبەرایەتی شەیتانە سوورەكان بە مۆرینیۆوە بسپێردرێ، بەڵام ئەوانیش حەز ناكەن لەژێر پاڵەپەستۆی ڕۆژنامەكان و دەزگە ڕاگەیاندنەكانی ئینگلتەرا كورسییەكەی یانەكەیان جێ بهێڵێت

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler