ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئۆنای ئێمرێ و یەكەم هەنگاو بۆ كۆتایی سەروەریی ڤێنگەر

كاتێك ڕاهێنەرایەتی یانەیەك زیاتر لە دوو دەیە بدرێتە دەست كەسێكەوە، هەرچەند زۆریش بەتوانا بێت، زۆر ئەستەمە شێوازی یارییەكەی بە تەواوەتی بگۆڕدرێت، بەڵام ئێمرێ بۆ گۆڕانكاری لە شێوازی یاریكردنی ئەرسناڵ هاتووە.

ئارسن ڤێنگەر ڕاهێنەری پێشووی یانەی ئارسناڵ، شێوازێكی تایبەتی یاریكردنی بە یانەكەی بەخشیبوو، چ خراپ یان باش. شێوازێكی جوانتر بۆ بینەران، كە چەند ساڵێكی زێڕینی لەگەڵ ئارسناڵدا تۆماركرد. بە تایبەت لە وەرزی 2004-2003دا ئارسناڵ بێ شكست كۆتایی بە وەرز هێنا و جامەكەی بەرزكردەوە.

ڕاهێنەری باسكی و مجێز و ئارەزووی نوێ
بەڵام ئەو ڕاهێنەرە فەڕەنسییە لەو چەند ساڵەی دواییدا تووشی شكستی جۆراوجۆر بوو. ناسەقامگیری، نەبوونی هێڵێكی بەرگریی كارا، بێ توانایی لە كۆنتڕۆڵكردنی یاریدا، گۆڕانكاری كردە پێویستی یانەكەی و ئۆنای ئێمرێ دوای 22 ساڵ سەروەری ڤێنگر لە ئارسناڵ، جێگەی گرتەوە و ئەو ڕاهێنەرە باسكییە حەز و ئارەزوویەكی نوێی هێناوەتە یانەی لەندەنی.
لە دوو یارییەی بەرانبەر بە ئەتلەتیكۆ مەدرید و پاریس سانت جێرمان، بەرانبەر بە یانە ئیسپانییەكە بە گۆڵێك یەكسان بوون و بە ئەنجامی 5-1ـیش لە پاریس سانت جێرمانی یانەكەی پێشووی خۆی بردەوە. ئێلكساندەر لاكازت دوو گۆڵ و مەسعوود ئۆزیل، راب هولدینگ و ئەی ئەنكاتیە هەر كامەیان گۆڵێكیان تۆماركرد و دەریانخست هەر بە زوویی گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە.

ڕێگەیەك بۆ بڕینی بەرگریكاران
فەلسەفەی ڕاهێنەری فەڕەنسی لەو ساڵانەی دواییدا كاریگەری نەمابوو، پێكهاتەكەی تەنیا ساتێكی كەم بەجوانی یارییان دەكرد، بەڵام ئارسناڵی ئێمرێ بە وەگرتن و خاوەندارێتیكردنی تۆپ و گۆڕەپان هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی یارییەكە دەدەن و هاوكات بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ بڕینی بەرگریكارانی ڕكابەر بۆ تۆماركردنی گۆڵ.
نموونەكەی، گۆڵی یەكەمیان لە پاریس سانت جێرمان كە لە هێرشێكی پێچەوانە و خێرایی پیەر ئمریك ئۆبامیانگ و دواتر بە گەیشتنی مەسعوود ئۆزیل تەواو بوو.
ڤێنگەر، هیچ كات بەرگرییەكی باوەڕپێكراوی نەبوو. ئەو وەرزی ڕابردوو هەوڵی دا بە سێ بەرگریكار یاری بكات و لە كۆتاییدا بێ دەستكەوت مایەوە. زۆر شێوزای تاقیكردەوە، بەڵام نە پێكهاتەكەی باش یارییان كرد و نە ئەنجامی باشیشیان بەدەست هێنا.

چاونەترس لە یاریكردن بە دوو هێرشبەر
ڕاهێنەری ئیسپانی، بەڵام ڕووی لە سیستەمی 1-3-2-4 كردووە و ڕەنگە لە ماوەی وەرزدا گۆڕانكاری لە ناوەندی سیستەمەكەیدا بكات. مەبەستی تاقیكردنەوە و هەڵە نییە و بە چوار بەرگریكار یاری دەكات.
ڤێنگەر لایەنگری یاریكردن بە تاك هێرشبەر بوو، بەڵام ئێمرێ ترسی لە یاریكردن بە دوو هێرشبەر نییە. ڤێنگەر هەرچەند ئۆبامیانگی بە 75.6 ملیۆن یۆرۆ و لاكازتی بە 53 ملیۆن یۆرۆ كڕی، بەڵام زۆر بە كەمی یاری بە هەردووكیان كرد، هەر بۆیەش كاتێك لە نزیك یەكتر یاریان دەكرد، هاوئاهەنگ نەبوون.

ئۆبامیانگ و لاكازت وەكوو دوانە
بەڵام ئێمرێ سوودی لە هەر دوو یاریزان وەربگرتوو و تەنانەت وەكوو دووانە یارییان پێ دەكات كە دوو تایبەتمەندی جیاواز، بەڵام كاریگەریان هەیە. ئۆبامیانگ بەلای چەپەوە نووساوە و دەتوانێ بە سودوەرگرتن لە خێرایی، لە كاتێكدا لاكازت دەتوانێ بە جووڵەكانی ڕێگە بۆ یاریزانی هەڵبژاردەی گابۆن خۆش بكات. هەر كامەیان لەوەرزی ڕابردوودا سێ گۆڵی تۆمار كردبوو.

فەرمانی تاكتیكی بۆ یاریزانەكانی
ئێمرێ لەو ڕاهێنەرانەیە كە شانازی بە هێڵی بەرگرییان دەكەن و هەر بۆیە یەكەم كاری لە لەندەن، كڕینی گۆڵپارێزێك بوو، برێند لێنۆ بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ لە لێڤەركوزنەوە. دواتر یاریزانێكی بەرگریكار، سوكراتیس پاپاستاتۆپۆلیس بە 16 ملیۆن یۆرۆ، ستیڤان لیشت شتاینری بەرگریكار وەكوو یاریزانی ئازاد. هیوایەكی زۆری بە بەرگریكارەكانی هەیە و لەوباوەڕەدا نییە وەكوو وەرزی ڕابردوو 51 گۆڵیان لێ بكرێت.
هەروەها، پێكهاتەكەی ڤێنگەر، هیچكات سەبارەت بە توانای تاكتیكی ستایش نەكرا، بەڵام ئێمرێ ستراتیجی و تاكتیكی كارای هەیە و بەردەوام فەرمانی تاكتیكی بە یاریزانەكانی دەدات.
هەر بۆیەش، ئارسناڵی ئەمساڵ، ئەرسناڵێكی نوێیە و هەر لە ئێستەوە دەتوانن كاریگەری ئێمرێی باسكی تیادا ببینن

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .