کانونی دووەم 24, 2020

یەحیا کامەران؛ چیرۆکی شکستەکەی دەکاتە ئەزموونێک بۆخۆی و وانەیەک بۆ رکەبەرەکانی

یەحیا کامەران وەرزشکارێکی کوردە و له‌ دایكبووی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خاوەنی چەندان ناسناوی نێوخۆییە، پێشتر لە رۆژنامەی ھەولێر گرینگیمان بە دەستکەوتەکانی ئەو پاڵەوانە کوردە داوە، بەڵام لە دوایین پاڵەوانێتی تایبەت بە یانەکانی باکووری عێراق کە ٢٧ یانە لەسەر پلەکانی سەرەوە کێبڕکێیان دەکرد، ئەو پاڵەوانە کوردە بە جیاوازی خاڵە نەیتوانی ئەنجامێکی شایستە بۆ یانەی قەڕاغ بەدەست بنێنێت، به‌ڵام جیاواز له‌ هه‌موو وه‌رزشوانێك ده‌یه‌وێت ئه‌م شكسته‌ بكاته‌ ئه‌زموونێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو كێبڕكێیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر.

پاڵەوانە کوردەکە داوای لێبوردن دەکات
یەحیا کامەران لە رێگەی رۆژنامەی ھەولێر جیا لەوەی داوای لێبوردنی لە یانەکەی کرد و بەڵێنی ئەوەی داوە بە مەشق و راھێنانێکی بەردەوام ھەڵەکانی خۆی راست بکاتەوە.
یەحیا کامەران کە پێشتر بە ناوی کوردستان بەشداریی لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا کردووە و توانیویەتی لە کێشی ٥٧ کیلوگرام پلەیەکەم بەدەستێنبێت، بەڵام لە پاڵەوانێتییەکیە باکووری عێراق لە ئاست و رۆژی خۆیدا نەبوو.

شکستەکەی دەکاتە ئەزموونێک بۆخۆی و وانەیەک بۆ رکابەرەکانی
پاڵەوانە کوردەکەی سنووری شارەزووری کوردستان، بە رۆژنامەی ھەولێری راگەیاند، کە شکستەکەم لە دوایین پاڵەوانێتیم بۆ خۆم و بۆ رکابەرەکانم دەکەمە وانەیەکی سوودبەخش.
لەمبارەیەوە یەحیا دەڵێت: لەم پاڵەوانێتییە بۆم دەرکەوت نابێت بە یەک شێواز بەرەنگاری رکابەرەکانم ببمەوە، هاوكات بۆ ئەوەی شکست بە بەرامبەرەکانت بێنتیت دەبێت خوێندنەوەیەکی باش بۆ جوولە و نماییشەکانی بەرامبەرەکەت بکەیت.
یەحیا گوتیشی: شکستەکەم دەکەم ئەزموونێکی گەورە بۆ پاڵەوانێتییەکانی داھاتووم، ھەوڵ دەدەم له‌ داهاتوودا لە دەستپێکی یارییەکان بە لێدانی قورس رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەرەکەم نه‌بمه‌وه‌ و دەبێت ئاست و توانایەکی خۆم بە درێژایی کاتەکان دابەش بکەم و تا کۆتاییەکەی بە ئاستێکی جێگیر دژی بەرامبەرەکەم بجەنگێم.

یەحیا رۆژێک دوای شکستەکەی چی کرد؟
رۆژێک دوای سەرنەکەوتنی لە پاڵەوانێتی باکووری عێراق، یەحیا کامەران راستەوخۆ دەست بە مەشق و راھێنانەکانی دەکاتەوە و شکستەکەی ساردی ناکاتەوە، دەشڵێت: ئەم شکستە بێھیوای نەکردووم و زیاتری فێرکردم، وتەیەکی چینی ھەیە کاتێک دەڵێت یەک رۆژ راھێنان یەک رۆژ زووتر پێشت دەخات، بەڵام یەک رۆژ دوورکەوتنەوە لە راھێنان بە ئەندازەی ١٠ رۆژ دواتدەخات.
وازناھێنێت تا دەگاتە لوتکە
یەحیا کامەران لە ناوەراستی مانگی ئەیلوولی رابردوو لەسەر ئاستی نێوخۆ پلەی یەکەمی لە پاڵەوانێتیەکی کوردستان بەدەستھێنا، لە رێگەی رۆژنامەی ھەولێرەوە رایگەیاند کە رێگەیەکی دووری لەبەردەمە و کۆڵنادات تا دەگاتە لوتکە.
پاڵەوانە کوردە ھەڵەبجییەکە دەڵێت: من ئەگەر بەربەست و شکستی زیاتریشم بێتە رێ سارد نابمەوە و ناوەستم تا دەگەمە لوتکە و ھەر دەبێت رۆژێکدا بێت بە ئاواتەکەم بگەم.

پاڵەوانە ھەڵەبجەیەکە پەیامێکی ھەیە
لە کۆتایی لێدوانەکانی بۆ رۆژنامەی ھەولێر، یەحیا کامەران داوا لە حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسانی وەرزشی دەکات گرینگی بە یارییە تاکەکەسییەکان بدەن و چیتر پەراوێزیان نەخەن، دەشڵێت: من ئێستا قورسیارییەکی گەورە کەوتۆتە سەر ژیانم، لە ڕووی ئابوورییەوە رۆژانە لە ھەڵەبجەی تازەوە بچمە سلێمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵنادەم تا بە خەونەکەم دەگەم، دڵنیام لەگەڵ مامۆستا ئامانج فازڵ کە سەربازێکی گەورە لە پشت من، رۆژێکدا دێت بەیەکەوە لەسەر سەکۆی پاڵەوانێتییەکی جیھانی لەگەڵم دەبێت

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر
.

© 2017 Hawler