کانونی دووەم 24, 2020

ئەو 10 ئەستێرەی لە جامی جیهانیدا ماونەتەوە

ئەستێرە ناودارەكانی تۆپی پێ دوای دۆڕانی هەڵبژاردەكەیان بەرەو ماڵ بوونەوە، مێسی، ڕۆناڵدۆ، نێیمار و بە دەیان ئەستێرەی دیكە، كەچی چوار هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ چوارگۆشەی زێڕینیش بێ ئەستێرە نین و لێرەدا ئاماژە بە دە كەسیان دەكەین كە دەتوانن كاریگەری تەواویان لەسەر یارییەكان هەبێ.
ئەم جامی جیهانییە، جامی سەرسوڕمانە، سەرەتا نەگەیشتنی هۆڵەندا، چیڵی و ئیتاڵیا كە هەر بلیتی یارییەكانیان پێ نەبڕا، دواتر دوورخرانەوەی ئەڵمانیا لە قۆناغی گروپی، دوورخرانەوەی ئەرژەنتین، ئیسپانیا و پورتوگال بە قۆناغی شازدە. كەچی سورسوڕمانتر ئەوە بوو كە بەڕازیل بەدەست بەلجیكیا ماڵئاوایی پێ كرا.
بەو حاڵەشەوە دە ئەستێرەی ماوە لە جامی جیهانی بریتین لە:

1- پۆل پۆگبا
ئەستێرەی یانەی مان یونایتد و هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە. ئەو بە بڕی 89 ملیۆن پاوند درێسی شەیتانەسورەكانی پۆشی و لە جامی جیهان لەگەڵ یاریزانان ماتویدی و كانتێ و ... هێڵی ناوەڕاستی فەڕەنسایان پێ سپێردراوە و لە پێنج یاریدا ئاستێكی باشیان پێشكەش كردووە. ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵانە تا ئێستا 359 خولەك یاری كردووە، هەڵبەت گۆڵی تۆمار نەكردووە و دەبێ ئاستێكی باشتر پێشكەش بكات.

2- ئێمباپێ
ئێمباپێ لە نۆزدە ساڵیدا 20 یاری بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا كردووە و شارەزایانی تۆپی پێ بە یاریزانانی وەكوو زێدان، پلاتینی، هێنری و ... دەچوێنن. ئەستێرەی گرانبەهای پاریس سان جێرمان لە هەموو یارییەكانی هەڵبژاردەكەیدا یاری كردووە و تا ئێستا 3 گۆڵی لێداوە. ئێمباپێ سێ گۆڵەكەی لە پێنج لێدان ئاراستە كردووە و پێنج بڕینی یاریزانانی لە ناو هێڵی سزادا هەبووە، كە كارامەیی ئەو دەردەخات.

3- ئەنتوان گریژمان
گریزمان ئەستێرەیەكی نایابە بۆ فەڕەنسییەكان كە لە لالیگا یاری دەكات. گریزمانیش وەكوو ئێمباپێ سێ گۆڵی تۆماركردووە و جگە لە گۆڵەكانی، پاسێكی گۆڵیشی هەبوو و هونەری گریژمان و ئاستبەرزییەكەی لە یاری بەرانبەر بە ئۆرۆگوای دەركەوت.

4- رۆمێلۆ لۆكاكۆ
لۆكاكۆ لە باشترین هێرشبەرەكانی جیهانی تۆپی پێیە. ئەو جگە لە گۆڵكردن، جەستەیەكی ئامادەشی هەیە و هەروەها وەكوو زۆربەی هێرشەبەران خۆویست نییە، ئەو بابەتە لە سێیەم گۆڵی بەلجیكیا لە ژاپۆن دەردەكەوێ. لۆكاكۆ چوار گۆڵی تۆمار كردووە، واتە هەر یارییەی گۆڵێك و پاسێكیشی هاویشتووە. جێی سەرەنجە كە لە هەموو لێدانەكانی، تەنیا یەكیان لەلایەن گۆڵچییەكانەوە گیراوەتەوە.

5- كڤین دی برۆین
دی برۆین، یەك لە گرینگترین یاریزانەكانە بۆ سەركەوتنی بەلجیكیا لە جامی جیهانیدا. ئەستێرەیەك كە نواندنێكی سەقامگیری هەیە و بەردەوام لە باشترینەكانە. دی برۆین هێڵی ناوەڕاستی بەلجیكیای بەهێز كردووە و گۆڵێكیشی لێداوە و پاسێكیشی هاویشتووە. دی برۆین بە شەڕانی ناو یاریگا ناسراوە و هیوای شەیتانە سوورەكانە لە یاری پێش كۆتایی كە بەرانبەر بە فەڕەنسا دەكرێت.

6- ئیدن هازارد
كاپتنی هەڵبژاردەی بەلجیكای، دوای چەند وەرز درەوشانەوە لە یانەی چێڵسی، ئێستە خەوی گەورەی هەیە و ئەویش بە بردنەوەی جامی جیهانی، دەتوانێ سەرەنجی زیاتر بۆ لای خۆی ڕاكێشێت. لەڕاستیدا بەلجیكییەكان باش دەركەوتوون و بە بردنەوە لە بەڕازیل كارێكی زۆر گەورەیان كرد كە بێشك ڕۆڵی هازارد بەرچاو بوو. هازارد تا ئێستە دوو گۆڵ و دوو پاسی هەبووە و بە شێوەی مامناوەندی لە هەر چوار یاریدا كاریگەری تەواوی هەبووە.

7- لۆكا مۆدریچ
تەنانەت هاندەری هەڵبژاردەكانی ڕكابەریش مۆدریچیان خۆش دەوێ. ئەستێرەی تەمەن 32 ساڵان زیاتر لە هەر گەنجێك ڕادەكات و توانایەكی بەرچاوی هەیە و یەك لەو یاریزانانەیە لە ئاستی یانەكەیدا دەركەوتووە و لە خراپترین دۆخدا فریادڕەسی هەڵبژاردەكەی بووە. مۆدریچ بەرانبەر بە ئەرژەنتین گۆڵێكی بێ وێنەی تۆماركرد و ئێستا خۆی بۆ بڕینی سێ شێرەكان ئامادەكردووە و خەونی بردنەوەی جامەكە دەبینێ.

8- ئیڤان ڕاكیتیچ
ڕاكیتیچ، ئەستێرەیەكی شان بە شانی مۆدریچە. یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا لەو جامی جیهانیەدا ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە و لە هەر دوو یاری كە بە لێدانی یەكلاكەرەوەی كۆتایی هاتووە، ڕاكیتیچ لە پشت دوایین تۆپ وەستاوە و هەر دووكیانی گۆڵ كردووە. ڕاكیتیچ تەنیا گۆڵێكی لە ناو یاریدا تۆمار كردووە و 230 پاسی دروستی هەبووە.

9- هاری كین
گۆڵكاری جامی جیهانی، كاپیتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بێشك پاڵێوراوی تۆپی زێڕینی جامەكەی و ئەویش یەك لەو ئەستێرانەیە كە تا ئێستە لە جامی جیهانیدا ماوەتەوە. كین بە لێدانی 6 گۆڵ، هۆكارێكی سەرەكی سەركەوتنەكانی ئینگلتەرا بووە. باشتر لە هەر یاریزانێك لێدانی یەكلاكەرەوە لێ دەدات و ڕكەبەرانی سێ شێرەكە بە باشی دەزانن كە فاوڵ لە ناو هێڵی سزای ئینگلتەرا، واتە گۆڵێك بۆ هەری كین.
10- جۆردن پیكفۆرد
كۆرتۆڤا، لوریس و سوباشیچ، هەموان گۆڵچی باشی ئەم جامی جیهانییەن، بەڵام پیكفۆرد ئاستێكی باشتری پێشكەش كردووە. ئەو لە یاری یەرانبەر بە كۆڵۆمبیا، هەڵبژاردەكەی لە دۆڕان ڕزگار كرد و جگە لەو چەد گێڕانەوەی هەیبوو، لە لێدانی یەكلاكەرەوەشدا ئەستێرەی هەڵبژاردەكەی بوو و توانی بۆ یەكەمجار ئینگلتەرا لە لێدانی یەكلاكەرەوەكانی جامی جیهانی دەرباز بكات. پیكفۆرد بەرانبەر بە سویدیش سێ گێڕانەوەی باشی هەبوو و لە كۆتاییدا بە باشترین یاریزانی یارییەكە هەڵبژێرا

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler