شوبات 19, 2020

مۆندیالی 2018 مۆندیالی ئەنجامە چاوەڕێنەكراوەكانە

سێ شێرەكە، دوای جامی جیهانی 1990، بۆ یەكەمجار خۆیان گەیاندە یارییەكانی پێش كۆتایی جامی جیهانی.

لە یارییەكەی ئینگلتەرا بەرانبەر بە سوید، هەری مەگوایر (Harry Maguire) و دێلا ئالی (Dela Alley)، دوو گۆڵیان تۆماركرد و ئێستە یاریزانانی گاریس ساوسگیت (Gareth Southgate) دەبێ ڕۆژی چوارشەم لە یاریگەی لوژنیكی مۆسكۆ بەرەوڕووی كرواتیا ببنەوە.
ساوسگیت و یاریزانەكانی ئینگلتەرا، دوای بردنەوە لە سوید، ڕێك هاوشێوەی بردنەوە دراماتیكییەكەیان بەرانبەر بە كۆڵۆمبیا، كردیان بە شایی و بەزم و خۆشی و ئێستە هەنگاوێكیان ماوە بۆ ئەوەی یاریی كۆتایی بەرانبەر بە براوەی فەڕەنسا و بەلجیكیا بكەن، هەرچەند كرواتیا وا بە ئاسانی نادۆڕێت.

سێیەم جار بۆ چوارگۆشەی زێڕین
سێ شێرەكە لە مێژووی خۆیاندا، بۆ سێیەم جارە دەگەنە چوارگۆشەی زێڕینی جامی جیهانی. ئەوان لە جامی جیهانی 1966 لە خاكی خۆیاندا بوون بە پاڵەوان، لە جامی جیهانی 1990ی ئیتاڵیا بە لێدانی یەكلاكەرەوە بە ئەڵمانیا دۆڕان.
هەرچەند لە سویدیان بردەوە، بەڵام بێ كەموكوڕیش نەبوون. ئینگلیزەكان بەهێواشی و لەسەرەخۆیی دەستیان بە یاری كرد و لە نیوەی دووەمدا چەند جارێك جۆردان پیكفۆرد (Jordan Pickford) ی گۆڵپارێزیان لەلایەن هێرشبەرانی سوێدەوە تاقی كرایەوە. بابەتێك كە ڕاهێنەری دڵنیگەران كردووە. هەرچەند ئەوان باروبنەی خۆیان پێچایەوە و ئێستە بیر لە بردنەوەی كرواتیا دەكەنەوە. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە ساوسگیت كەموكوڕییەكانی پێكهاتەكەی بەباشی دەزانێت و هۆشداری تەواویش دەداتە یاریزانەكانی، چونكە یاریزانەكانی كرواتیا، یاریزانی سوید نین و بەباشی هەلەكان دەقۆزنەوە.
"مەگوایر" و "پیكفۆرد"، دوو ئەستێرەی یاریی ئینگلتەرا بەرانبەر بە سوێد، دوو گەنج، كە چاوەڕوانی هەڵەیان لێ دەكرا، كەچی هەنگاوێكی باشیان بڕی. مەگوایر ڕێك ئەو پیاوەیە كە ساوسگیت بۆ هێڵی بەرگری دەیەوێ. پیكفۆردیش دوای گرتنەوەی لێدانی یەكلاكەرەوەی كارلۆس باكا (Carlos baca)ی كۆڵۆمبی، لە یاری بەرانبەر بە سویدیش پیشانی دا بۆچی متمانەی پێ كراوە. هەوڵێكی زۆری دا و هەوڵەكەی لە كلینشیتێك بەئەنجام گەیشت.

كردنەوەی گرێكوێرە بەدەست دێلا ئالی
دێلا ئالی لە ڕووسیا، سەرەتایەكی خراپ لە ڕووی جەستەییەوە، بەڵام یاریزانێكی كلاسیك كە دەتوانێ گرێكوێرەی یارییەكان بكاتەوە.
لەڕاستیدا ئالی، لە یاری بەرانبەر بە سوێد، تەنیا بۆ ئەوەی كاریگەر بێت، نەختێ كێشەی هەبوو. ئەویش تۆپەكەی جێسی لینگارد (Jesse Lingard) ی بە باشی قۆستەوە و بە گۆڵە جوانەكەی، كاریگەری خۆی سەلماند.

ئایا ئینگلتەرا دەیقەومێنێ؟
ئینگلتەرا لە یاری پێش كۆتایی بەرەوڕووی كراواتیا دەبێتەوە و لە ڕووداوی گەورەی وەرزشیدا، كاتێك دەگاتە ئەوقۆناغە، ئەگەری قەومانی هەموو شتێك هەیە. ئایا ئینگلتەرا دەیقەومێنێ؟
هەڵبەت گومان لەوەدا نییە یاریزانانی ساوسگیت ڕۆژی چوارشەم لە مۆسكۆ یارییەكی سەخت و گرانیان لەپێشە، بەڵام لەڕاستیدا ئێستە ڕاگرتنی ئینگلتەرایش كارێكی زۆر سەخت و دژوارە، ئەویش دوای بردنەوەكانی لە خاكی ڕووسیادا، كە متمانەیەكی زۆریان بەخۆیان هەیە و بڕوایان بەخۆیانە.
بەختی سەرەكی پاڵەوانی، ئەویش دوای ماڵئاوایی ئەڵمانیا، ئەرژەنتین، ئیسپانیا و بەڕازیل، ئێستە لەولای خشتەوە دێن، بەلجیكیا و فەڕەنسا كە یارییەكەی دیكەی چوارگۆشەی زێڕین دەكەن. بەڵام لەبیر نەكەین، ئەم جامی جیهانییە، جامی جیهانی پێشبینینەكراوەكانە.
كێ دەڵێت ئینگلتەرا ناتوانێ هەموو پێشبینییەكان بگۆڕێت و ئەستێرەیەكی دیكە بۆ درێسەكەی زیاد ناكرێ؟

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler