ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پێرێز چاره‌نووسی كریستیانۆ له‌به‌رده‌م میدیاكان ئاشكرا ده‌كات

به‌ گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا تا دێت ده‌نگۆی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانه‌ی یوڤێنتۆس زیاتر ده‌بێت، پێشبینی ئه‌وه‌ش كراوه‌ فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی ریال مه‌درید سبه‌ی سێشه‌ممه‌ له‌ به‌رده‌م میدیاكان ماڵئاواییكردنی كریستیانۆ له‌ یانه‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت و راستییه‌كانی پشت رۆیشتنی ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ بۆ میدیاكاران ئاشكرا بكات.

رۆژنامه‌ی ماركای ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كریستیانۆ به‌ ویستی خۆی له‌ ریال مه‌درید ده‌ڕوات و پێرێز ده‌یه‌وێت گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌.
ماركا ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ كه‌ پێرێز داوای له‌ كریستیانۆ كردووه‌ له‌ به‌رده‌م میدیاكان بریاری رۆیشتن له‌ ریال مه‌درید بدات، به‌ڵام كریستیانۆ ئه‌م داواكارییه‌ی فلۆرێنتینۆ پێرێزی ره‌ت كردۆته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ته‌نیا ده‌یه‌وێت به‌ په‌یامێك له‌ سۆشیاڵ میدیا ماڵئاوایی له‌ هانده‌رانی ریال مه‌درید بكات.
به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، كریستیانۆ نایه‌وێت رۆیشتنه‌كه‌ بكاته‌ ویستی خۆی و ده‌یه‌وێت بیخاته‌ ئه‌ستۆی پێرێز، بۆیه‌ سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید بڕیاریداوه‌ رۆی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رۆیشتنی كریستیانۆ له‌سه‌ر داوای خۆی رابگه‌یه‌نێت و به‌ هه‌موولایه‌ك بڵێت ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه‌ گرێبه‌ستی ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ درێژ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كریس ڕه‌تی كردۆته‌وه‌.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ هاوینی 2009 له‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتده‌وه‌ به‌ گرێبه‌ستێكی 90 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریال مه‌درید گواسترایه‌وه‌، له‌ ئێستادا به‌ 450 گۆڵ گۆڵكاری مێژووی یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌یه‌، له‌م هاوینه‌شدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ به‌ 100 ملیۆن یۆرۆ و به‌ مووچه‌ی ساڵانه‌ی 30 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ یوڤێنتۆس بكات.