شوبات 19, 2020

بەڕازیل دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ سەركەوتن دەبێ بردنەوە لەخۆیدا بدۆزێتەوە

جیا لە چەند خۆبەردانەوەی خراپ، نێیمار لە یاریی بەرانبەر بە بەلجیكا هەموو هەوڵی خۆی دا، بەڵام بۆ بردنەوەی بەڕازیل شتێكی ئەوتۆ نەبوو و دووبارە ماڵئاوا. ماڵئاوا نێیمار، ماڵئاوا بەڕازیل!!
بەڕازیل، لە نیوەی دووەمدا بە گیان و دڵ یاریی كرد و دەیویست لە جامی جیهانیدا بمێنێتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا یاریزانانی تیتی براوە نەبوون. لە ماڵ و دوكان و دوورگە و كەنیسە گەورەكانی بەڕازیلدا، هەموان سەیری یارییەكەیان دەكرد، چاوەڕوانی ئەوە نەبوون فیكەی كۆتایی یارییەكە لە بەرژەوەندیی ئەوان لێ بدرێت، كەچی لێ درا و ماڵئاوایی بە بەڕازیل كرا.
بەرازیل بە دوو گۆڵ وەپاش كەوت، گۆڵێكی جوانی تۆمار كرد، بەڵام بۆ یارییەكە نەگەڕایەوە و زۆر بە ئاسانی ماڵئاواییان لە جامی جیهانی كرد. بەلجیكا یارییەكەی كازانی بردەوە، چونكە هەڵبژاردەیەكی باشتر بوو. تاكتیكی باشتری هەبوو، ڕێكخراوتربوو، شەڕانیتر و بوێرتر یاری كرد و هەموو یاریزانەكانی یەك لە یەك باشتر بوون.

بەڕازیل، بەڕازیلی جاران نییە!
بەڕازیل لەسەر كاغەز، هەموو یاریزانە باشەكانی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە. بەڵێ، ناوێكی گەورەی هەیە و ئێستەش دەتوانێ بزە و پێكەنین بخاتە سەر لێوی ئەو كەسانەی فوتبۆڵیان خۆش دەوێ، چ ئەوانەی خەڵكی ڕیۆبن، چ ڕووسیا و یان هەر شوێنێكی دیكە، یان لە هەرێمی كوردستان بن.
دوای دۆرانی ئەرژەنتین، ئیسپانیا و ئەڵمانیا، زۆر كەس لەسەر ئەو باوەڕەدا بوو بەڕازیل جامەكە بەرز دەكاتەوە، كەچی دۆڕاندی و سەلماندی بەڕازیل، بەڕازیلی جاران نییە. هەڵبژاردەیەك كە تا ساڵی 2002، لە 16 جام، پێنجیانی دەباتەوە، ئێستە بۆ چوارەم جاری بە دوای یەكدا دەدۆڕێت و ئەویش تەنیا جارێكیان گەیشتووەتە یاریی پێش كۆتایی، كەچی لەوێش بەئەنجامی 1-7 بە ئەڵمانیا دۆڕاوە.

سەردەمی ئەستێرە بەسەرچوو
ئەم هەڵبژاردەیە پێویست بوو باشتر و بەبەرنامەتر و بوێرتر یاری بكات. ئیتر ئێستە سەردەمی ئەوە نەماوە یاریزانێك بێت و هەمووان ببڕێت و گۆڵەكەیش بۆخۆی تۆمار بكات، چ نێیمار یان كۆتینیۆ. بەڕازیل لە نێوان فوتبۆڵی جاران و مۆدێڕنی ئێستەدا ماوەتەوە. یاریزانەكانی، وەكوو یاریزانانی ئەرژەنتین، زۆربەیان لە ئەورووپا پەروەردە دەكرێن و هەر بۆیەشە هەڵبژاردە ئەورووپییەكان لە جامی جیهانیدا بە باشی درەوشاونەتەوە. هێڵی بەرگری بەلجیكا بەردەوام ئامادەی گەڕاندنەوەی لێدانەكان بوو، نێیماریان لە گۆڵ دوور كردبووەوە، هەرچەند زۆر جار لە دوورەوە یاریزانەكانی دەبڕی، بەڵام بێ ئاكام، بێ ئامانج و بێ تۆماركردنی گۆڵ.

كەس فرمێسكی نێیماری نەبینی
 بەڕازیلییەكان، كاتێك تۆپەكانیان تووشی بەربەستێكی وەكوو گۆڵپارێزەكەی بەلجیكا بووەوە، بەخۆبەردانەوە و سەرلێشێواوی هەوڵی هەلی زێڕینیان دەدا، رەنگە زیاتر لە هەر یارییەكی دیكە. بە تایبەت نێیمار ئەگەر واز لە خۆبەردانەوە بێنێ، ئەستێرەی زێڕینی ئەو وەرزشەیە.
ئەگەر نێیمار بە خۆبەردانەوە ناوی دەرنەكردبا، ئایا ئەگەری نەبوو ناوبژیوان بڕیارەكانی بگۆڕێت و لێدانێكی سزایان بۆ بژمێرێ؟ هەڵسوكەوتەكانی نێیمار وایان كردووە خەڵكانێكی زۆر بەڕازیلیان خۆش نەوێت، هەر نەبێ كەمتر لە ڕابردوو. بەڵام، بەلجیكا ئەوتۆ نەبوو، وای كردووە خەڵكانێكی زۆر خۆشیان بووێت و ئێستە لایەنگرێكی زۆری هەیە.
گێمی دووەم بە دوو گۆڵ بۆ بەلجیكا بوو، بەڵام لە خولەكەكانی كۆتاییدا بەڕازیل گۆڵێكی تۆمار كرد. كەس نێیماری بە گریانەوە نەبینی، بەڵام بێشك بە هۆی ئەم شكستەوە زۆر دڵگرانە. بڕیار بوو نێیمار یاریزانی گەشاوە و براوەی بەڕازیلەكان بێت، بەو هیوایە یاریی كرد، تیمارێك بێت بۆ دۆڕانی چوار ساڵ لەمەوبەریان، ئەو كاتەی بەجۆرێك دۆڕان كە هیچ كات بۆیان قەرەبوو نەكرێتەوە. بڕیار بوو لەو یارییەدا، نێیمار و بەڕازیل بە هەموو یاریزانەكانییەوە، بە كۆتینیۆ، فرمینۆ و مارسێلۆ و ... تۆڵەی ئەڵمانیا لە بەلجیكا بكەنەوە، كەچی خۆیان تۆڵەیان لێ كرایەوە.

بەڕازیلییەكان شێتی تۆپ پێن و تەنیا بردنەوەیان دەوێ
هەندێ وڵات پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن كە بەلایەنی كەمەوە بچنە ناو قۆناغی شازدە، یان ئەوپەڕی قۆناغی هەشتەم، بەڵام بۆ بەڕازیل جیاوازە، ئەوان شێتی تۆپی پێن و تەنیا بردنەوە و بەرزكردنەوەی جامەكە بۆ ئەوان مانای هەیە و نە هیچی تر.
ئێستە بە بردنەوەی بەلجیكا لە بەڕازیل، واتە بەڕازیلی ئەورووپا، بە ڕێبەرایەتی رۆمێلۆ لۆكاكۆ و كوین دی برۆینی بوێر، پیشانی هەمووانی داوە كە چۆن یاری دەكرێت! بەڕازیل دەگەڕێتەوە، جارێكی دیكەش بۆ بردنەوە دێتەوە، بەڵام ئەگەر دەیەوێ سەركەوتوو بێت، دەبێ بردنەوە لە خۆیدا بدۆزێتەوە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler