نیسان 01, 2020

ئایا شكست لە مۆندیالی 2018 لە پێگەی مێسی وەكوو باشترین یاریزانی مێژوو كەم دەكاتەوە؟

ئایا ئەوە دوایین جار بوو لیونێل مێیسمان لە گەورەترین ڕووداوی تۆپ یێ، واتە جامی جیهانیدا بینی؟ ئەرژەنتین ماڵئاوایی پێ كرا، عاشقانی مێسی دەبێ دڵیان بە دەسپێكردنی یارییەكانی لالیگا خۆش بكەن.

ڕاستە ئەو هەرچی دەیتوانی ئەنجامی دا و لە دۆڕان بەرانبەر بە فەڕەنسا دوو پاسی گۆڵی هاویشت، بەڵام ئەوە كەم بوو، زۆریش كەم بوو. كەواتە خەونەكە ئەستەمتر دەبێ. 18ـی دیسەمبەری 2022، ئەو ڕۆژەی ئەگەر بڵێین مێسی دەبێتە پاڵەوانی جامی جیهانی، تەمەنی دەبێتە 35 ساڵ و 208 ڕۆژ. تەنیا سێ یاریزان توانیویانە بە تەمەنی زیاتر، خۆیان بگەیەننە یاری كۆتایی و جامەكەیان بردۆتەوە. نیلتۆن سانتۆز لە 1962، دینۆزۆف لە 1982 و میرۆسلاڤ كلۆزێ لە 2014. ئەوە واتە شتێكی ئەوتۆ ڕووی داوە، بەڵام ناتوانێ كارێكی ئاسان بێت، هەرچەند ئێمە باس لە مێسی دەكەین. زۆر قورس و ئەستەمە، بەڵام مێسی پێنج تۆپی زێڕین و چوار خولی یانە پاڵەوانەكانی بردۆتەوە و 552 گۆڵیشی بۆ بارسێلۆنا لێداوە.

مێسیش وەكوو ئێمە مرۆڤە
دەسكەوتەكان گەورەن، بەڵام جیاوازن. زۆف گۆڵچی بووە و یاسایەكی جیاوازی هەیە. سانتۆز یاریزانێكی بەئەزموونی بەڕازیل بوو و لەگەڵ دیدێ، زیتۆ، گارینشا، ژالما سانتۆس یاری دەكرد. كلۆزێ لە جامی جیهانی 2014دا تەنیا لە سێ یاریدا یاریزانی سەرەكی بوو و گۆڵێكی تۆمار كرد و بارە قورسەكە لەسەر شانی یاریزانە هاوڕێكانی بوو.
بەڵام لەبیر نەكەین كە بە تێپەڕبوونی تەمەن، ئاست و تواناشمان كەم دەبێتەوە و "مێسی"ش وەكوو ئێمە مرۆڤە.
ئەگەر بەو پێودانگە بێت، مێسی هیچكات نابێتە پاڵەوانی جامی جیهانی، واتە ئەو ڕێگەیە نابڕێت كە پیلێ و مارادۆنا بڕیویانە. باسی ڕۆناڵدۆ جیاوازە: یەكەم، یۆرۆی بردۆتەوە و دووەمیش، پورتوگال پورتوگالە، نە ئەرژەنتینە و نە بەڕازیلە.

هەڕەشە بۆ سەر پێگەی مێسی
ئایا شكست لە جامی جیهانی 2018 لە پێگەی مێسی وەكوو باشترین یاریزانی مێژوی تۆپی پێ كەم دەكاتەوە؟
ئەگەر ڕاستگۆیانە باسی بكەین، نابێ كەمی بكاتەوە، هەرچەند زۆر كەس هاوڕا نین، بەڵام ئایا یاریزانێك تا چەند دەتوانێ سەركەوتنی هەڵبژاردەكەی مسۆگەر بكات؟ زێنەدین زێدان بوو بە پاڵەوانی 1998، چونكە هاوڕێیەكانی لە كاتی زیادكراوەدا لە پاراگوایان بردەوە، چونكە بە لێدانی یەكلاكەرەوە ئیتاڵیایان شكست دا. ئەو لە فایناڵی 2006 دۆڕاندی، چونكە هاوڕێیەكانی بێ ئەو لە لێدانی یەكلاكەرەوە دۆران.
هەرچەند مێسی دەتوانێ بە دەیان جار جامی جیهانی 2014 وەبیر خۆی بێنێتەوە، دەیتوانی براوە بێت، بە تایبەت ئەگەر هیگواین هەلە ئاسانەكەی لەدەست نەدابا.

هەڵسەنگاندن بە كۆیە نەك بە تاك
خۆ تۆپی پێ زۆرانبازی نییە، وەرزشێكی به‌ كۆمه‌ڵه‌ و دەكرێ لە وەرزشی تاكدا، وەرزشوانەكە بە دەسكەوتی تاك هەڵسەنگێنی، بەڵام لە فوتبۆڵ و بالە و باسكە و .... ناكرێ. مێسی لە جامی جیهانی 2006 یاریزانێك بوو كە تەنیا لە 11 یاری بارسێلۆنا یاریزانی سەرەكی بوو، سێ یاری كرد، دوویان وەكوو یاریزانی جێگرەوە و گۆڵێكیشی تۆمار كرد. لەو یارییەی كە بە لێدانی یەكلاكەرەوە بەرانبەر بە ئەڵمانیا دۆرا، لەسەر كورسی یەدەك بوو. جامی جیهانی 2010، ماڕادۆنای ئاستنزم لە ڕاهێنەرایەتیدا ڕاهێنەری بوو. مێسی بە تەواوی یاری كرد، هەرچەند زۆر پاسی جوانی دەهاویشت، كەچی دووبارە بە ئەڵمانیا دۆڕا. لە جامی جیهانی 2014 بە پێكانەوە یاری كرد، كەچی یەك بە یەك لە هەڵبژاردەكانی بردەوە، دیسانیش دۆرا، دیسانیش ده‌ره‌قه‌تی ئەڵمانیا نەهات. بەڵام خەڵاتی باشترین یاریزانی پێ بەخشرا.
لەم جامی جیهانییەشدا، خۆرخێ سامپاولی هەڵەكانی ساڵی 2010ـی دووبارە كردەوە، بەو جیاوازییە كە ئەوكات ئەستێرەیەكی وەكوو مارادۆنا ڕاهێنەری ئەرژەنتین بوو. هەڵەكانی سامپاولی زەق دەكرانەوە، سامپاولییەك كە خۆی هۆكاری دڵەڕاوكێ و سترێس بوو.

گەر مێسی نەبووایە!
مێسی ئەگەر لەگەڵ خۆیدا ڕووڕاست بێت، باش دەزانی لەدەستدانی لێدانی سزا بەرانبەر ئایسلەندا و ئاستنزمی هەموو یاریزانەكان بەرانبەر بە كرواتیا بۆ ئەویش دەگەڕێتەوە، یان ئەوەی كە ڕێبەرێكی بەتوانا نەبوو، هەر بۆیە شەڕی مان و نەمان لەگەڵ نایجریا كرا، ئەویش بردنەوەیەكی دراماتیك، كەچی بەرانبەر بە كەڵەشێرەكان شكستیان خوارد.
ئیتر قسە و باس و تویژینەوە دەست پێ دەكات. گەیشتن بە چوار ڕووداوی گرینگ، دوو دۆڕان بە لێدانی یەكلاكەرەوە و دۆڕانێك لە كاتی زیادكراوە لە یاری كۆتایی، خەڵكانێك هەن كە لەو باوەڕەدان مێسی ده‌بووایه‌ باشتر بێت، ڕەنگە مێسیش لەو باوەڕەدا بێت، بە تایبەت بەهۆی ئەم جامی جیهانییە.
بەڵام لەبیر نەكەین، لە زۆر یاریدا ئەگەر مێسی نەبووایە، ئەرژەنتین وەكوو ئەو یارییەی لێ دەهات كە شەش گۆڵی لە ئیسپانیا لێ كرا، یان ئەو یاریانەی بێ مێسی بە ڤێنزویلا و بولیڤیا دۆرا، ئەی بۆ دەبێ هاتریكەكەی دوایین یاری لەبیر بكەین كە مێسی كردی و هەڵبژاردەكەی گەیاندە جامی جیهانی.
دەكرێ بەو دەرئەنجامە ڕوونە بگەین: سەركەوتن،،، كاتێك دەكەویتە چاورچێوەیەكی ڕێكخراو زۆر ئاسانترە، وەكوو ئەوەی لە بارسێلۆنادا هەیە. ئەوەی كە فەرمان لە پێپ گواردیۆلا وەربگری، یان لە سامپاولی، یا ئەوەی كە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستت ڕاكیتیچ بێت یان لوكاس بیلیا، زۆر جیاوازە. لەڕاستیدا بێ بەرنامەیی و ناسەقامگیری زیاتر لە هەموو كەس گورز لە مێسی دەوەشێنێت.

تەنیا زەمەنە شكست ناخوات
لە لایەكی دیكەوە بیر لە خراپترین یاری مێسی، پێش یاری بەرانبەر بە كرواتیا بكەینەوە، یاری گەڕانەوەی خولی یانە پاڵەوانەكان بەرانبەر بە ڕۆما كە بارسا تیادا 3 بە سفر دۆڕا. دەكرێ سەركۆنەی ڕاهێنەر بكەن، ستایشی ڕكابەر بكرێ و بڵێی جوانی تۆپی پێ لەوە دایە كەس لە ئەنجامەكەی ناگات، بەڵام ناكرێ چاوپۆشی لە ئاستنزمی مێسی بكرێ. شەوی خراپی مێسی بوو، كێشەكەش لێرەدایە، كە تەمەن دەچێتەسەر، شەوانی وەكوو ڕۆما و نیژنی لە چاوەڕوانیدا دەبن. هەر چۆن دەڵێن: "تەنیا زەمەنە شكست ناخوات."

بۆ ئەو كەسانەی خولیای "مێسی"ـین
مێسی ناتوانێ زەمەن بۆ خۆی ڕابگرێ، بەڵام، تەنیا بەڵام، دەتوانێ بە ئاستبەرزی خۆی پێش لە خێرایی تێپەڕبوونی زەمەن بگرێ. ڕەنگە لە 2022 هەلێكی دیكەی هەبێ، سەبارەت بە خۆی، سەبارەت بەو كەسانەی حەزیان لە یاریكردنی مێسی لە جامی جیهانییە و بۆ ئەو كەسانەی كە تەنیا، پاڵەوانێتی ئەم جامی جیهانییە دەكەن بە پێوەر، نەك تەمەنێك سەروەری لە تۆپی پێدا، كە بە بەژن و باڵای مێسییەوە بڕاوە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler