کانونی یەکەم 10, 2019

كێ نزیكترینە بۆ جێگرەوەی زێدان؟

زێدان وتی، "ئیتر نا"، ئەو گەورەترین پیشەی جیهانی تۆپی پێ و هەلی بوون بە یەكەم ڕاهێنەری چوارینەی بەدوای یەكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای لەدەست دا.
زیدان سودی لە وشەی desgaste وەرگرت، ئەو وشەیەی كە شەش ساڵ لەمەوبەر پێپ گواردیۆلا لە كاتی جیابوونەوە لە بارسێلۆنا بەكاری هێنابوو"لەپێ كەوتوو، ماندوو"، هەرچەند دەیویست وا بنوێنێت كە ماندوو نەبووە: "من سێ ساڵ ئەم كارەم كرد، بێشك وزەم تەواو نەبووە."

بۆ مانەوە، چەند ساڵ جارێك بیگۆڕە
ئەو فەڕەنسییە گەورە بێ موویە، جارێكی دیكە سەرسوڕهێنەر بوو. ئەو لەو پەندە سودی وەرگرت، ئەگەر دەتهەوێ بەردەوام براوە بی، چەند ساڵ جارێك یان یاریزانەكانت بگۆڕە، یان ڕاهێنەرەكەت. ئەو وتی: "كاتی هاتووە، ئەوبڕیارە لای من ئاسان نەبوو، زۆر بە وردی بیرم لێی كردەوە و بە بڕیارێكی دروستی دەزانم، هەرچەند زۆركەس لەگەڵیدا نین. دوای سێ ساڵ، ڕیاڵ پێویستی بە گۆڕانكارییە، شێوەیەكی دیكە لە كاركردن، ئەگەر بمانهەوێ سەركەوین. بەردەوامبوون لە سەركەوتن دژوارترە و بەهۆی ئەوەی كە من براوەم، لە ڕیاڵ دەڕۆم.
بەڵام ئایا دەتوانین بە سانایی ئەوە قبوڵ بكەین؟ یا ئەوەی كە دەڕوات ئەویش بەو هۆیەوە كە سەركەوتن لە كیەف ناتوانێ قەربوی وەرزێكی جیاوازی 17 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا بكاتەوە، یان پلەی سێیەمی لالیگا، یان دۆڕان بەرانبەر بە تۆتنهایم، یان ئەو یاریانەی بەرانبەر بە پارسی سان جێرمان، یۆڤنتوس و بایرن میونشن كردی و هەم خۆی و هەمیش هاندەرانی تووشی سەرئێشە كرد؟

لە بردنەوە فێرن
ڕەنگە وا بوبێت، بەڵام وازهێنان لە ڕاهێنەرایەتی ڕیاڵ مەدرید كە بە بردنەوەی چەمپیونزلیگ فێربووە، كارێكی ئاسان نییە.
تەمەنی مامناوەندی پێكهاتەی سەرەكی ڕیاڵ 29 ساڵە، زۆربەی یاریزانە سەرەكییەكانی تا ساڵی 2021، یان بۆندیان ماوە و زۆربەشیان پارەیەكی خەیاڵی وەردەگرن كە فرۆشتنیان كێشەیەكی دیكەیە، بەڵام ڕەنگە فلۆرنتینۆ پرێزی بەڕێوبەری ڕیاڵ مەدرید بەو شێوەیە ناڕوانێتە دۆخەكە. ڕەنگە دوای سێ هاوین كە تەنانەت یەك یاریزانی سەرەكیش نەكڕدراوە – دووەكەی دواینیان، تۆنی كرۆس و كیلور ناڤاس ساڵی 2014 هاتن، پلانی ساڵی 2018 تەقاندنەوەی تیم و نۆژەنكردنەوەی بێت.
ڕەنگە لێدوانی دوای یاری بەرانبەر بە لیڤەرپولی كریس ڕۆناڵدۆ و گەرت بێل، كە هەر دووكیان بە شێوەیەك باسی ڕۆیشتنیان كرد، هەر لەخۆوە نەبووە. ڕەنگە ئەوان لەوە تێگەیشتین كە ئەم هاوینە كاتی ماڵتەكاندنە و دەیانویست بۆخۆیان بارودۆخەكە بڕەخسێنن. ڕەنگە زێدان نەیدەویست بەشێك لە نۆژەنكردنەوەیە بێت. ئەوە بۆچوونێكە و دەتوانێ دروست بێت، ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو ئاشكرا بێت، بەڵام ئەی یانە چی لێ دێتەوە؟

گۆڕانكارییەكی گەورە
ئەگەر ئەو بۆچوونە كە ئێمە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەچین، ناڕاست بێت و پاڵپشتی گوتی بۆ ڕاهێنەرایەتی ڕیاڵ بكەن، هەر وەكوو زێدان، ئەویش بەشێك لە سەروەرییەكانی ڕیاڵ مەدریدە، ساڵانێكی زۆر یاریزانی یانە بووە و پێنج ساڵیش ڕاهێنەری گەنجانی یانەكە بووە. ئایا توانایی زێدانی گەورەپیاوی تۆپی پێی جیهانی هەیە؟ ڕەنگە نیبێت، بەڵام خۆمانەیە و هەمیشەش پاڵێوراوە. بژاردەی دیكە سانتیاگۆ سولاری ڕاهێنەری ئێستەی كاستیا، پێكهاتەی دووەمی یانەكەیە، ڕێك بەو كاریزمایە و پێشینەیە.

بەڵام ئەگەر بڕیارە تیپەكە بە تەواوەتی نۆژەن بكرێتەوە، كە واتە پێویستی بە فەلسەفەیەكی نوێ هەیە، هەڵبەت بە بژاردەی دەرەكییەوە.

هەموو بژاردەكان، گوتی تا ڤێنگر و ....
ڕۆژنامەی ماركا باس لە كۆنتێ، ئەلگیەری و كلۆپ دەكات كە بەختی سەرەكی بەدەستەوەگرتنی كورسی ڕیاڵیان هەیە.
مۆریسیۆ پۆچتنیۆ؟ شێوازی ئەو بە تەواوی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید جیاوازە، هەرچەند بۆ پێنج ساڵی دیكە بۆندەكەی لەگەڵ تۆتنهایم نوێ كردۆتەوە و ڕیاڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو راهێنەرە ئەرژەنتینیە دەبێ بچێتە ناو بازنەیەكی جەهەنەمی، ئەویش لەگەڵ دانیەل لوی، بەڕێوەبەری تۆتنهایم.
مائوریتزیۆ ساری؟ ڕەنگە ئەو گۆڕینیكی ژیرانەتر و فەیلەسوفانەتر بێت، هەرچەند دیار نییە توانای كۆنتڕۆڵكردنی ئەستێرە ناودارەكانی ڕیاڵی هەیە یان نا؟
ئەنتۆنیۆ كۆنتێ؟ ڕەنگە شێوەی ئەو بەدڵی ڕیاڵییەكان نەبێت، لای ئەو دەبێ هەموو شت لە جێی خۆی بێت، وەكوو سەربازی ناو بنكەی سەربازی. ماوەیەك لە یۆڤنتوس سەركەوتوو بوو، بەڵام ئایا دەتوانێ لە ڕیاڵ مەدریدیشدا سەركەوتوو بێت، لە كاتێك ئەو یانەیە سێ چەمپیونزلیگی بەدوای یەكی برۆدۆتەوە.
ئەرسن ڤێنگر؟ فلۆرنتینۆ دووجار هەوڵی بەدەستهێنانی داوە و ئەویش دەتوانێ بژاردەیەكی رۆمانسی بێت، هەرچەند بۆ بیركردنەوەی زیاتر دەبێ.

ماڵئاوا، تاكە زیزۆی تۆپی پێ
پرێز كاتی هەڵسەنگاندنی هەموانی هەیە. ئەوەی جێ ئاماژەیە، زێدان هەر بەو شێوەی ڕۆیشت كە هاتبوو. ئەو كەسێك نییە پێویستی بە هەڵدانەوە بێت. دەسكەوتەكان، لە كەمتر لە دوو ساڵ ونیودا، لە 13 جام، نۆیانی بردەوە، كێ پێی دەكرێ، بێتە مەیدانەوە!! زێدان دەڵێت: بەو زوانە لە درێسی ڕاهێنەرایەتیدا دەرناكەوێت، باشە بۆچی دەبێ ئەم كارە بكات؟ ئەو لە لوتكەدا ڕۆیشت. ڕۆیشتنت خێر، ئەی فەرماندە.
ئەنجام ئەوەیە، هەموومان باش دەانین ڕیاڵ پێویستی بە گۆڕانكاری بوو، جۆرێك گۆڕانكاری ژیرانە، تا زێدان لە لوتكەدا بمێنێتەوە، هەڵبەت ڕاستییەك هەیە: ئەویش، زێدانی یاریزانی ئێمەش جیاواز بوو و زێدانی ڕاهێنەریش لەگەڵ هەموان جیاوازە. ئەو تاكە زیزۆی تۆپی پێیە.

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler