کانونی یەکەم 16, 2019

كوردێك بووەوە سەرۆكی یەكیەتیی ناوەندی تۆپی پێی عێراق

پێنجشەممەی ڕابڕدوو لە شاری بەغدا و لە نێو هۆڵی هۆتێل ڕەشید بە ئامادەبوونی نوێنەری یانەكان و سەرۆكی لقی شارەكان، هەڵبژاردنێكی تازە بۆ دەستنیشانكردنی ئەندامانی یەكیەتیی ناوەندی تۆپی پێی عێراق ئەنجامدرا و دواجار هەولێرییەك بە سەرۆكی یەكیەتییەكە دەستنیشانكرا.

(عەبدولخالق مەسعوود) كە چوار سالأ بەر لە ئێستە لەگەڵ (ناجح حەموود) ڕكابەری كرد و توانی بە سەرۆكی یەكیەتیی ناوەندی تۆپی پێی عێراق دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەمجارە (مەسعوود) توانی بەبێ بوونی هیچ ڕكابەرێك جارێكی تر و بۆ ماوەی (چوار) ساڵی تر پارێزگاری لە پێگەكەی بكات، لەم هەڵبژاردنە (مەلا عەبدولخالق) لە كۆی (51) دەنگ توانی (42) دەنگ بەدەستبێنێت.

(یوونس مەحموود) دەرنەچوو
ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە جێگەی سەرنج بوو هاتنە پێشەوەی یەكێك لە ئەستێرەكانی تۆپی پێی عێراق (یوونس مەحموود) بوو، كە ئەم خۆی بۆ پۆستی جێگری یەكەمی یەكیەتییەكە پاڵاوتبوو، بۆ ئەمەش دەبوو یوونس ركابەری (شەرار حەیدەر) بكات، بەڵام دواجار كوڕە (دوبس) ـیەكە سەركەوتوو نەبوو و، (شەڕاڕ حەیدەر) توانی بەدەستخستنی (35) دەنگ بەرامبەر بە (16) دەنگ بۆ (یوونس مەحموود) جارێكی تر بە جێگری یەكەمی سەرۆكی یەكیەتییەكە دەستنیشانبكرێت و ئەمە و لای خۆشیەوە (عەلی جەبار) بە كۆكردنەوەی (47) دەنگ بە جێگری دووەمی سەرۆكی یەكیەتیی ناوەندی تۆپی پێی عێراق دەستنیشانكرا.
جگە لە ڕكابەری سەرۆك و دوو جێگرەكەی، (18) بەربژێر لە ململانێی یەكتر بوون بۆ ئەوەی (نۆ) كورسی ئەندامیەتی یەكیەتییەكە بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن كە دیارترینیان (نەوزاد قادر) ـی وەرزشوانی كەركووك بوو، دوای دەنگدانی هەر (51) ئەندامەكەی دەستەی گشتی دواجار (نۆ) لە بەربژێرەكان ئەندامیەتی یەكیەتییەكەیان بۆ خۆیان بردەوەو هەریەك لە ئەندامانی پێشوو (كازم سوڵتان، تاریق ئەحمەد و محەممەد جەواد) نەیانتوانی لە دەستخستنی كورسیەكی ئەندامیەتی بۆ (چوار) ساڵی تر سەركەوتوو بن.

ئەندامە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی یەكیەتییەكە بریتی بوون لە:-
- عەبدولخالق مەسعوود ـ سەرۆك ـ (42) دەنگ.
- شەڕاڕ حەیدەر ـ جێگری یەكەمی سەرۆك ـ (35) دەنگ.
- عەلی جەبار ـ جێگری دووەمی سەرۆك ـ (47) دەنگ.
ئەندامەكان:-
1- مالح مەهدی ـ (41) دەنگ.
2- كامل زغەیر ـ (40) دەنگ
3- یەحیا زغەیر ـ (37) دەنگ.
4- یەحیا كەریم ـ (36) دەنگ.
5- سەعد مالح ـ (35) دەنگ.
6- عەلی ئەسەدی ـ (31) دەنگ.
7- غالب زاملی ـ (30) دەنگ.
8- فالح موسا ـ (22) دەنگ.
9- احسان عەلی حسێن ـ (21) دەنگ.

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

© 2017 Hawler