کانونی یەکەم 08, 2019

كارلۆس كەیرۆش: ناهەقیم لە ئینیێستا كرد و زۆر دڵگرانم كاتێك دەبینم هیچ ساڵێك تۆپی زێڕینی نەبردووەتەوە

هەڵبژاردەی ئێران لە جامی جیهانی و لە قۆناغی گرووپەكاندا، كەوتووەتە پاڵ ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب، كەوتنێك كە لە ڕاستیدا كەس بیر لە هەستانەوەی ناكاتەوە، لێ تۆپی پێ، دنیای سوپرایز و پێشهاتە چاوەڕێنەكراوەكانە.
كارلۆس كەیرۆشی ناودار، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانە و، گۆڤاری ماركا چاوپێكەتنێكی لەگەڵدا كردووە، رۆژنامەی هەولێریش پوختەی ئەو دیمانەیەی بۆ خوێنەرانی كردووە بە كوردی.

مێسی بە كەس ڕاناگیرێ!
لە بارەی بەشدارییەكانی وەك راهێنەر لە مۆندیال، كەیرۆش: بەڵێ، چوار جار وەكوو ڕاهێنەر و سێیەم بەشداری بەدوای یەكی منە لە جامی جیهانی، دووجار لەگەڵ ئێران و جارێكیشیان لەگەڵ پورتوگال. ماڵئاوایی لەگەڵ پورتوگاڵ، ئەویش بەرانبەر بە ئیسپانیا، یارییەكی تا بڵێی گران بوو، هەڵبەت ناوبژیوان باش نەبوو، بەهەرحاڵ دۆڕاندمان و بۆ پورتوگال گەڕاینەوە. هەرچەند لە جامی جیهانی ڕابردوویشدا ناوبژیوان ستەمی لێ كردین. بەرانبەر بە ئەرژەنتین زۆر باش بووین، بەڵام مێسـی، بە كەس ڕاناگیرێت و بە لێدانە جادووییەیكەی، ئێمە دۆڕاین. لەڕاستیدا دوو ناوبژیوان چارەنووسی یارییەكەیان دیاری كرد، یەكەمیان مێسـی و ئەوەی دیكەیشیان ناوبژیوان، كە لێدانی سزای سەر دژاگەی ئەژمار نەكرد. ئێمە دەبووایە بە گۆڵێك پێش كەوتباین و زابالێتایش بەكارتی سوور دەركرابا. مێسـی لە هەر یارییەكدا كاریگەری خۆی هەیە، وەكوو ئەو یارییەی لە جامی جیهانی بەرانبەر بە ئێمە كردی، هەر بۆیە فیفا نابێ ڕێگەی یاریكردن بەو یاریزانە بدات! هەرچەند لە ڕوانگەی منەوە ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهانە، بەڵام مێسـی جاری وایە لە ناو یاریگەدا كاری وا دەكات كە ئەنجامدانی لەلایەن مرۆڤەوە مەحاڵە.

ئەستەمترین گرووپ
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، لە بارەی گرووپەكەیانەوە لە مۆندیال، وتی؛ گرووپێكی زۆر گرانمان بەركەوتووە، پورتوگال، ئیسپانیا و مەغریب. بەڵێ ڕەنگە قورسترین بێ، بەڵام ئێمەش پلانی خۆمان هەیە. بەرەنگاربوونەوەی پێكهاتە بەهێزەكان، بەرەو پێشەوە و بەرەو باشتربوون. ئەوە ئامانجی ئێمەیە. لە ڕوانگەی منەوە، گروپێكی باشە، یاریكردن بەرانبەر بە پورتوگال و ئیسپانیا هەستێكی خۆشم پێ دەبەخشێ. هەڵبەت ڕاستییەكان دەزانم و ئێمە بۆ ئەوە لە جامی جیهانین، كە باشترین یارییەكانی خۆمان بكەین. خۆشییەكەی لەوەدایە یەكەم یاریمان لەگەڵ مەغریبە و ئیسپانیا و پورتوگالیش دەبێ لەگەڵ یەكتر یاری بكەن، واتە بۆ ئێمە و مەغریب باشە. ئیسپانیا و پورتوگال، ئامانجیان پاڵەوانیەتییە، بەڵام ئێمە و مەغریب تەنیا بۆ بڕینی قۆناغی یەكەم یاری دەكەین.

ئیسپانیا لە باشترینەكانە
كارلۆس كەیرۆش، دەڵێ؛ یەكەم شت كە لەبارەی ئیسپانیا دەبێ باسی بكەم، گەڕانەوەیان بۆ ڕۆژانی باشبوونیانە. باش یاری دەكەن، كۆنتڕۆڵی یاریگە، بۆشاییەكان بە باشی پڕ دەكەنەوە و كات بەدەستەوە دەگرن. ئەوان باشترینن، یاری بەدەستەوە دەگرن و لەگەڵ لوپێتگی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچن. پێكهاتەیەكی باشی ئامادەكردووە، بە جیاوازییەكی كەم لەگەڵ پێكهاتەی دێل بۆسكێ، جددیتر، بە هەوڵی زیاترەوە. لە هەر دە خولەكدا شێوەیەكی نوێ لە یاری ئیسپانیادا بەدی دەكرێ. هەر بۆیەش ئیسپانیا، یاریكردن بەرانبەر زۆر قورس و دژوارە. خاڵی لاواز لە ئیسپانیادا نابینم، بەو حاڵەشەوە یاریكردن بەرانبەر بە ئیسپانیا وەكوو یاری باسكە نابێت. بڕیار نییە بەرانبەر پێكهاتەیەكی باسكەی NBA یاری بكەین. ئەوە تۆپی پێیە و چركە ساتەكان تیادا كاریگەرن. تۆپی پێ، دەتوانێ هەر ڕووداوێكی تێدا بێت. لە تۆپی پێدا بەردەوام پێكهاتەیەك براوە نییە و ئێمە بەو بیرۆكەوە بەرەنگاری زلهێزەكان دەبینەوە. خودانی تۆپی پێ دادپەروەرە و باشترینی ناو یاریگە براوەیە. باس باسی گرتنی ڕۆناڵدۆ و ئینێستایە، نەخێر ئێمە یاریی خۆمان دەكەین، واتە گەیشتن بە بارودۆخێك كە بتوانین 90 خولەك شەڕی ڕكەبەرەكان بكەین، بەرەنگاریان بینەوە و لێیان ببەینەوە.
ئاماژەی بەوەیش كرد؛ من باش دەزانم یاریی بەرانبەر بە ئیسپانیا و گۆڕینی شێوەی یاریكردن كارێكی دژوارە. ئێمە لە ئاسیا كۆنتڕۆڵی 60 تا 70%ـی یارییەكانمان بەدەستەوە بوو، بەڵام بەرانبەر بە ئیسپانیا پێچەوانە دەبێتەوە. باشە بۆچی دەبێ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئینێستا پلانمان هەبێ، كاتێك سیلڤا، پیكێ، ئیسكۆ و ئەسەنسیۆش یاری دەكەن؟ خۆ ناكرێ بیر لە كۆنتڕۆڵكردنی یەك یان دوو یاریزان بكەیتەوە. دەبێ سەرەتا خۆمان بۆ یارییەكی ئەستەم ئامادە بكەین و دواتر بەدوای وردەكارییەكاندا بین.

ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆناڵدۆ
 ڕووبەڕووبوونەوەیەكی تایبەتە، چونكە ئەزموونی هاوبەشمان بەیەكەوە هەیە. ئەو باشترین یاریزانی جیهانە، بەڵام تا ئەو كاتەی فیكەی یاری لێ دەدرێت، دواتر پێكهاتەیە قسەی یەكەم دەكات نەك یاریزانێك بە تەنیا. ئێمەیش لە ئێران زۆر یاریزانی باشمان هەیە، بەهێزن، پێكهاتەیەكی بەهێزمان هەیە. ئێران تەنیا خۆی بە یاریزانێكەوە نەگرتووە، بەڵكوو پێكهاتەیەكی كامڵین. ئێمە وەكوو بارسێلۆنا، ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد ئەستێرەیەكی تایبەتمان نییە. ئەستێرەی ئێمە پێكهاتەكەمانە. هەموومان بە یەكەوە هەوڵ دەدەین، بە یەكەوە شەڕی ئامانجێك دەكەین. هەوڵ دەدەین یاری باش بكەین، بە یەكگرتوویی دەتوانین سەركەوین.
ئێمە بەشێكی زۆری یاریزانەكانمان لە دەرەوەی ئێران یاری دەكەن و ئەزموونی نێودەوڵەتیان هەیە. تەواوی یاریزانەكان، ئاستیان زۆر باشە، جیاوازییەكی ئەوتۆیان تیادا نابینم. پلانی باشم بۆیان هەیە و لەوەش دڵنیام دەروەستی دێن. بۆ جامی جیهانی دەبێ بە باشترین شێوە خۆی بۆ ئامادە بكەی، ئێمە ئەو كارەمان كردووە و ئەوەی تر دەمێنێتەوە پۆستنەوەی هەلەكان.
 
لە كۆتاییدا، مافی ئینێستام خوارد
كەیرۆش، لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، وتی؛ بە ڕۆیشتنی ئینیێستا زەبرێكی قورس بەر تۆپی پێ كەوت. لەبارەی خەڵاتەكانییەوە، هیچكات مافی خۆی پێ نەدرا، منیش لەو كەسانەم كە ناهەقیم لەگەڵ كرد و دەنگی باشترینم پێی نەداوە! جیهانی تۆپی پێ زۆری پێ قەرزدارە. ئەو لە باشترینەكانە. زۆر پێی دڵگرانم كاتێك دەبینم هیچ ساڵێك تۆپی زێڕینی نەبردووەتەوە. ئەوە تۆپی پێیە و زۆرجار بێبەزێیانە بڕیار دەدات.

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler