کانونی یەکەم 11, 2019

پاریس سانت جێرمان، بۆندێكی خەیاڵی بۆ دەستخستنی رۆناڵدۆ ئامادە كردووە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

فابینیۆ 5 وەرزی داهاتوو لە لیڤەرپوول یاری دەكات
یانەی مۆناكۆی فەرەنسی، رایگەیاند كە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول گەییشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ گواستنەوەی یاریزانی بەڕازیلیی یانەكەیان فابینیۆ بۆ یانە ئینگلیزییەكە، هەرچەندە بەهای بۆندەكەیشی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام پێدەچێت بۆندەكەی بە 40 ملیۆن پاوەند گەییشتبێتە بنبەست و بۆ 5 وەرزی داهاتووە.
ئەو یاریزانە بەڕازیلییەی یانەی مۆناكۆ، لە هەموو پاڵەوانیەتییەكانی وەرزدا، 45 یاریی بۆ یانە فەرنسییەكەی ئەنجام دا، 8 گۆڵی تۆمار كرد و 5ـی دیكەیشی سازاند.
یانە فەرەنسییەكە، لە پەیجی خۆی لە تویتەر، ئەوەی راگەیاندووە كە لە بارەی گواستنەوەی فابینۆوە، لە یۆلیۆی 2018ـەوە گەییشتوونەتە ڕێككەوتن، هیوای ئەوەیشیان خواستووە لە یانەی لیڤەر، داهاتوویەكی باشتری هەبێت و سەركەوتوو بێت، ئاماژەیشیان بەوە كردووە كە هیچ كات لە بیری ناكەن.
رۆژنامەی تیلیگراف، ئاماژەی بەوە كردووە، كە ڕێككەوتنی نێوانیان لەسەر 40 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینییە.

پاریس سانت جێرمان، بۆندێكی خەیاڵی بۆ دەستخستنی رۆناڵدۆ ئامادە كردووە
یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی، ئامادەیە بۆندێكی گەورە پێشكەش بكات بۆ دەستخستنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو كارەیشی بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینە، پلانداڕێژ كردووە.
سایتی Le10sport، ئاماژەی بەوە كردوە، كە دوای ئەوەی راگەیاندرا رۆناڵدۆ یانەكەی جێ دەهێڵێت، پاریس ئەو بیرۆكەیە دەكاتە هەنگاوی پراكتیكی.
سایتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە كارگێریی یانەی پاریس سانت جێرمان، ئامادەیە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی یانەی ریاڵ مەدرید بكات، بۆ واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ئەو یاریزانە پورتوگالییەدا.
بۆ بیرهێنانەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، كە بە بردنەوەی تیپەكەی كۆتایی هات، لێدوانێكی سەیری دا و ئاماژەی بەوە كرد، ئارەزوو دەكات یانەی ریاڵ مەدرید جێ بهێڵێت.
لە كاردانەوەی ئەو لێدوانەدا، سێرجیۆ رامۆسی كاپتنی یانەكە، وتی: ئەوەی كردت باش نەبوو، كاتێكی گونجاویش نەبوو بۆ قسەكردن لەسەر ئەو كارە، ئێمە لەگەڵتین و پشتیوانت دەبین.

لە باری سەرنەگرتنی بۆندی نێیمار، ریاڵ پەنا بۆ سێ یاریزانی دیكە دەبات
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، چاوی لەسەر ئەوەیە كە بۆند لەگەڵ یاریزانی نێونەتەوەیی بەڕازیلی نێیمار دا سیلڤادا واژۆ بكات، خۆ ئەگەر ئەو بۆندەیشی سەری نەگرت، سێ یاریزانی دیكەی وەك بژاردەی جێگرەوە بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە.
لەم هاوینەدا، ریاڵ هەوڵ و كارەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ دەستخستنی نێیمار، هەوڵیش دەدات لە دەست گاریس بەیڵ رزگاری بێت.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە بارێكدا ئەگەر ریاڵ گاریس بەیڵ بفرۆشێت و لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ نێیمار سەرنەكەوت، پەنا بۆ سێ بژاردەی دیكە دەبات، كە ئەوانیش بریتین لە ئیدین هازارد، یاریزانی یانەی چێڵسی و پاولۆ دیبالا، یاریزانی یانەی یوڤێنتوس و محەممەد سەڵاح، یاریزانی یانەی لیڤەرپوولن.

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler