کانونی یەکەم 11, 2019

ڕیاڵ مەدرید پاشای ئەورووپایە، گەر هونەری قەدەغەكراوی جۆدۆی سەر محەمەد سەڵاحی لێ دەرچێ!

هەر دەڵێی یاریزانانی زیزۆ بۆ بردنەوەی ئەورووپا لەدایك بوونە، بۆ بردنەوەی هەموو ژمارە پێوانییەكان، بۆ گەیشتن بە لوتكەی ئەورووپا.

ڕیاڵ مەدریدی زینەدین زێدان یەك بەدوای یەك بەربەستەكان دەبڕێت، ئەوانەی كە دەیانوت ناكرێ پارێزگاری لە پاڵەوانیەتیی چامپیۆنس لیگ بكرێت، ئێستە بۆ ڕێزگرتن لە ڕیاڵییەكان هەستاونەتەسەرپێ و بە چاوێكی پڕ لە ڕێزەوە لە زیزۆ دەڕوانن. ئەوانەی لەماوەی دوو وەرزدا زومی ڕەخنەكانیان خسبوویە سەر ئاستی ڕیاڵ مەدرید، ئێستە بڕوایان بە هێز و توانایی ڕیاڵ و زیزۆوە هەیە. بەڵام پاشای ئەورووپا، چۆن سێزدەمین پاڵەوانیەتیی بەدەستهێنا؟

گرووپێكی قورس و سەركەوتنێكی ئاسان
دوای تیروپشكی خولی یانە پاڵەوانەكان، بارساییەكان بەگاڵتەوە وتیان، سەركەوتن لەم گروپە، بۆ ڕیاڵییەكان پاڵەوانیەتییە! هەڵبەت سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ئەوكاتی ڕیاڵییەكان لە لالیگا و هاوگرووپبوونیان لەگەڵ دۆرتمۆند وتۆتنهام لە ئەورووپا، ئەو تانەیە زیاتر لە ڕاستی دەچوو. بەڵام ڕیاڵی زیدان، بۆ جارێكی دیكە لە ئەورووپا درەوشایەوە و بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ دۆرتمۆند ئەو قۆناغەی بڕی، هەڵبەت بە تۆتنهام دۆڕان و لە پلەی دووەمی گرووپەكەیاندا گیرسانەوە.









نێیمار، بوفۆن و هاینكس، قوربانیانی ڕیاڵ مەدرید
ڕیاڵ مەدرید، هەر وەكوو قۆناغی گرووپی، لە یاری دەركردن بەرەنگاری یانە بەهێزەكان بووەوە. سەرەتا پاریس سانت جێرمان، كە دەرزەنێك یاریزانی بەتوانا و ئامادەی هەبوو، نێیمار، ئیمباپێ، كاڤانی، دی ماریا، ڕابیۆ، تیاگۆ سیلڤا، دراكسلر و ....، بەڵام نوێنەری پاریسییەكان لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا دەروەستی زیزۆ و یاریزانەكانی نەهات و ماڵئاواییان پێ كرا.
لە هەنگاوی دواتر بەرەنگاری یۆڤێنتوس بوونەوە، كە بەردەوام توانیبووی لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا ماڵئاوایی بە ڕیاڵییەكان بكات. بەڵام هەر دەڵێی یاریزانانی زیزۆ لە ئەورووپا ڕاپەڕیبوون، بەرانبەر بە هەموو ژمارەپێوانەیییەكان، هەموو ئەگەر و بەربەستەكان.... یۆڤینتوسی لەناو یاریگەی خۆیدا شكست دا، بەڵام لە سانتیاگۆ، لە یارییەك كە ئێستەیش قسەی لەسەرە، تەنیا چەند چركەیەكی مابوو ماڵئاوایی بكات، كەچی ئەو لێدانە سزایەی كە كردی بە هاتوهاوار، كاری بوفۆن و خاتوونی پیرە یەكسەرەكرد و ڕیاڵ ئەو قۆناغەشی بڕی.
 لە یاریی پێش كۆتاییدا، هەموو دژبەر و ڕكابەرەكانی ڕیاڵ پاڵپشتی بایرن میونشنیان دەكرد، بەڵام پێكهاتەكەی هاینكسیش دەربەستی ڕیاڵ نەهات. بەخت، چانس، یان ئەزموون و ناوبژیوان، هەر كامێكیان بێت، ڕیاڵ لە بایرنی بردەوە. ڕیاڵییەكان سێ یانەی بەهێزی ئەورووپایان شكست دابوو، هەرچەند خۆشیان ناتوانن ڕۆڵی كاریگەری ناوبژیوانەكان لە سەركەوتن و بردنەوەیاندا لەبیر بكەن.

فایناڵ، بە تامی هونەری جۆدۆی ڕاموس و سێزدەیەمین پاڵەوانی
ڕیاڵییەكان لە یاریی كۆتاییدا ڕووبەڕووی سوورپۆشەكانی لیڤەرپوول بوونەوە. نیوەی یاریگە 90 هەزار كەسییەكە دروشمی سەركەوتنیان بۆ لیڤەرپوول لێ دەدا، هەڵبەت تا ئەوكاتەی ڕاموس ئەو هونەرە قەدەغەكراوەی وەرزشی جۆدۆی لە محەمەد سەڵاحی بەستەزمان نەدابوو، كەچی لە كۆتاییدا دیسانیش ڕیاڵییەكان جامەكەیان بردەوە. پێكانی سەڵاح هاوسەنگی یارییەكەی شێواند و ئێستە زیاتر لە پاڵەوانیەتیی ڕیاڵ، گۆڵە جوانەكەی بەیل و هەڵە ساویلكانە و كوشندەكانی گۆڵپارێزی لیڤەرپوول باسیان دەكرێت، لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی محەممەد سەڵاح بۆ یارییەكانی جامی جیهانی كە تەنیا چەند ڕۆژێكی ماوە.

ڕیاڵ، هەموو ژمارە پێوانییەكان بۆ تۆ!
یاریزانانی زیدان لەكاتێكدا جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایان بردەوە، كە زۆربەی ژمارەپێوانەییەكانیشیان بڕی. زۆرترین لێدان، زۆرترین لێدان بۆ چوارچێوەی گۆڵ، زۆرترین هێرش و زۆرترین ژمارەی بردنەوەكان... كە هەموویان لە كۆتاییدا بەناوی ڕیاڵ تۆماركران. كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیش كە لە یاریی كۆتاییدا لە ئاستنزمەكانی ناو یاریگە بوو، بە پازدە گۆڵ باشترین گۆڵكاری ئەم وەرزەی یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا هاتەوە.

لێهاتوو لە ئەورووپا
لە كاتێكدا خراپترین ئاستیان لە لالیگادا هەبوو، ڕیاڵ چامپیونس لیگی بردەوە. پێ دەچێ، ئەوان بۆ بردنەوەی لوتكەی ئەورووپا لەدایك بوونە و گرینگ نییە كام یانە بەرەنگاریان دەبێتەوە، دۆرتمۆند، تۆنهام، پاریس سانت جێرمان، یوڤێنتوس، بایرن میونشن و لیڤەرپوول، هەموویان سەرن لە ناو سەراندا و لە بەهێزترین یانەكانی ئەورووپان، كەچی یەك بەدوای یەك بوونە قوربانی ڕیاڵ مەدرید و لە ساڵێكدا كە كەس بیری لەوە نەدەكردەوە ڕیاڵ جامەكە بباتەوە، كەچی بردییەوە و پیرۆزیان بێت.

بەرەو ژمارەپێوانییەكی مێژوویی
بەر لەوەی خولی یانە پاڵەوانەكان لەدایك بێت، گەورەترین یارییەكانی ئەورووپا، ناوی جامی یانەكانی ئەورووپا بوو. ڕیاڵییەكان پێنج ساڵ بەدوای یەك بوونە پاڵەوان و ژمارەپێوانەییەكی ناوازەیان تۆماركرد. ئێستە ڕیاڵ مەدرید سێ پاڵەوانی چامپیۆنس لیگی بردووەتەوە و چاوی بڕیوەتە ژمارە پێوانییەكەی پێنج بردنەوەی لەسەر یەك، بەڵام ئایا یانەكانی وەكوو بارسێلۆنا و ئەوانەی ئەم وەرزە بە ڕیاڵ مەدرید دۆڕاون، ڕێگەی ئەو سەركەوتنە مێژووییە بە ڕیاڵ مەدرید دەدەن لە دوو ساڵی داهاتووشدا جامەكە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ ببەنەوە...!!! هەرچەند 60%ـی ڕێگەیان بڕیوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ ئەو یارییانە قورستر دەبن، ئەویش بۆ ڕیاڵ مەدرید كە دەنگۆی ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ و بەیل و چەند یاریزانێكی دیكەی لەئارادایە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler