کانونی یەکەم 08, 2019

بڕیاریداوه‌ جگه‌ له‌ بارسێلۆنا یاری بۆ هیچ یانه‌یه‌كی ئه‌ورووپا نه‌كات

لیۆنێل مێسی له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی El Treceـی ئه‌رژه‌نتین، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دوای بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگا له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا، ئه‌مجاره‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تانگۆ نازناوی مۆندیال بباته‌وه‌، بردنه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه‌ش زۆر به‌ نایاب و خه‌ونی له‌ مێژینه‌ وه‌سف ده‌كات.
لیۆنێل مێسی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌رژه‌نتین به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیال نییه‌، پێیوایه‌ به‌رازیل و ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا نزیكترین هه‌ڵبژارده‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی جامی جیهانی.
مێسی ده‌شڵێت: متمانه‌ی گه‌وره‌م به‌ یاریزانه‌كانمان هه‌یه و‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ین، ئه‌ستێره‌ی به‌ توانا و به‌ ئه‌زموونمان هه‌یه‌.
مێسی ده‌شڵێت: نامانه‌وێت له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بكه‌ین و بڵێین بۆ بردنه‌وه‌ی مۆندیال ده‌چینه‌ رووسیا، چونكه‌ ئێمه‌ باشترین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیال نین.
مێسی له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی گوتی: جگه‌ له‌ بارسێلۆنا یاریی بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌وروپا ناكه‌م و به‌ر له‌ وازهێنانیش ده‌مه‌وێت بۆ بۆ شه‌ش مانگ له‌ خولی نێوخۆیی ئارجێنتین یاریی بكه‌م.
مێسی له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵییه‌وه‌ یاری بۆ بارسێلۆنا ده‌كات، 637 یاری بۆ بارسا كردووه‌ و 552 گۆڵ و 241 ئاسیستی كردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین 123 یاری كردووه‌ و 61 گۆڵی هه‌یه‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler