کانونی یەکەم 08, 2019

زیدان هه‌موو شتێكی له‌ باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی لیڤه‌رپوول خسته‌ڕوو

له‌ باره‌ی یاریی كۆتایی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا كه‌ بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ شاری كێیڤی ئۆكراینا به‌ڕێوه‌ بچێت، زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید به‌شداریی له‌ پرێس كۆنفرانسێك كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ 100% سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ئاماده‌ن، ده‌شڵێت: كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ نازانم كام یاریزانه‌ له‌ فایناڵ له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ دابنێم.

زیزۆ ده‌ڵێت: نازانم لیڤه‌رپوول بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ تا چه‌ند تینووه‌،‌ به‌ڵام ئێمه‌ش له‌وان تینووترین و هه‌مان ئاره‌زوومان هه‌یه‌ و له‌ هه‌ر كاتێك زیاتر ده‌مانه‌وێت نازناوه‌كه‌ ببیه‌نه‌وه‌، گرنگی به‌وه‌ش ناده‌ین كه‌ دوو ساڵی رابردوو بووینه‌ پاڵه‌وان.
راهێنه‌ری ریال مه‌درید ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ی ئاشكرا بكات، ده‌شڵێت: دیاریكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ یاری ناكه‌ن سه‌خته‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش پێموانییه‌ ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول به‌ یه‌ك شێواز یاریی بكه‌ن.
زیزۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌وڵبده‌ین ئاماده‌كارییه‌كی باش بۆ یارییه‌كه‌ بكه‌ین و خاڵی لاوازی ركابه‌ره‌كه‌مان بدۆزینه‌وه‌، گوتیشی: وای نابینم ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو رووبدات، چونكه‌ ئاستی هه‌ردوو یانه‌ ناسراوه‌.
زیدان خۆی له‌ به‌راوردكردنی نێوان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و محه‌مه‌د سه‌ڵاح دزییه‌وه‌ و گوتی: من كریستیانۆم هه‌یه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر یاریزانه‌كانی خۆم قسه‌ ده‌كه‌م و نامه‌وێت باسی یاریزانه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر بكه‌م.
زیزۆ له‌ رێس كۆنفرانسه‌كه‌دا نهێنی به‌شداریكردنی كه‌ریم بێنزێمای له‌ یارییه‌كان ئاشكرا كرد و گوتی: بۆیه‌ به‌رده‌وام یاری به‌ بێنزێما ده‌كه‌م، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نایاب و باشی له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆ هه‌یه‌، جیا له‌وه‌ش من رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ 25 یاریزانم و داوایان لێده‌كه‌ین به‌باشترین شێوه‌ یاریی بكه‌ن.
زیدان له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: من له‌رووی تاكتیكه‌وه‌ باشترین راهێنه‌ر نیم، ئه‌وه‌ رۆژنامه‌كانن واده‌ڵێن، من شتێكی دیكه‌م هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ زۆر سۆزدارم.
راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید گوتیشی: ئێمه‌ له‌م وه‌رزه‌ شكستمان نه‌هێناوه‌، تاكه‌ هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌بوو له‌ جامی شای ئیسپانیا، به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا چاومان له‌ بردنه‌وه‌ی ناسناوێكی دیكه‌ی گه‌وره‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت بۆ سێیه‌مجار له‌سه‌ریه‌ك به‌ده‌ستی بێنین، نازانم له‌ یاری كۆتایی چی رووده‌دات، به‌ڵام به‌رده‌وام به‌ ئه‌رێنی بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ نه‌رێنی بیر بكه‌ینه‌وه‌ ناتوانم نازناو ببه‌مه‌وه‌.
'

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler