تشرینی دووەم 30, 2021

تیروپشکی خولی یانە پلە یەکەکان ڕاکێشرا و ٣ یانە بەهۆکاری جیاواز بەشداری لە خولەکە ناکەن

تیروپشکی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئەنجامدرا، ئەم وەرزە ١٩ یانە بەشداری لە خولەکە دەکەن و یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن و دوو یانە خاوەن پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگەنە خولی نایابی کوردستان.

سێ یانە لەخولەکە کشاونەوە
بڕیار وایە خولەکە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا دەسەپێبکات، ١٩ یانە بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، بە دوو قۆناغ یارییەکانی ئەنجام دەدرێن، دوو یانەی خاوەنی پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە سەردەکەون بۆ خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، دوو یانەی کۆتایی هەردوو کۆمەڵەکەیش دادەبەزن بۆ خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان.
هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و ئاشتی لەشاری سلێمانی بەشداری خولەکەیان نەکرد و بەرپرسانی یانەکەیش هۆکاری بەشداری نەکردنیان دیاریکردووە، یانەی زێرەڤانیش دوای هەڵوەشانەوەی یانەکە بەهەمان شێوە بەشداری خولەکە نەکردووە. دەربارەی چارەنوسی ئەو یانانەیشی کە بەشداریان نەکردووە، عەبدولقادر حوسێن سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان گووتی: بەپێی ڕێنمایی هەر یانەیەک بەشداری هەر خولێک نەکات ڕاستەوخۆ پلە یەک دێتە خوارەوە، ئەگەر یانەیەکیش بەشداری تیروپشک بکات و دواتر بکشێتەوە ئەو سزای دابەزاندنی جیاواز دەبێت و هەموو بڕیارەکان لە کوڕاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان هەیە.

یانەی ئاشتی هۆکاری بەشداری نەکردنی ئاشکرا کرد
دەربارەی کشانەوەی یانەی ئاشتی لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر مەکوان سەعید ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: بەشداری نەکردنی یانەی ئاشتی لەخولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، هۆکاری یەکەم و سەرەکی ئەوەیە کە یانەکەمان لەڕووی داراییەوە بەتەواوی ڕوخاوە و خەرجی بەشدارینەکردنمان لە خول و پاڵەوانیەتیەکان نیە، هۆکاری دووەمیش بۆ ئەو بڕیارانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی یانەکان سەردەخەن و بڕیار لەسەر دەدەن، بۆیە پێمان وایە پارە خەرجکردن لەو جۆرە خولانە جگە لە خۆ هەڵخەڵەتاندن هیچی تر نیە، کە پێمان وایە نا یەکسانیەکی زۆر لە بڕیارەکانی فیدراسیۆنەکە هەیە و بە یەک چاو سەیری هەموو یانەکان ناکرێت.

خشتەو کاتی یارییەکان دیاریکرا
خشتەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولەکە دابەشکردنە یانەکانی هەردوو کۆمەڵەکە بەمشێوەیە دەبێت کە بڕیار وایە لە ١/١١/٢٠٢١ یەکەم گەڕ بەڕێوەبچێت:
کۆمەڵەیە یەکەم: ئاکرێ، بروسک، پیشەسازی، سێمێل، بەردەڕەش، خاک، شۆڕیجە، گارە، ئەڵتون کۆپری
یارییەکانی گەڕی یەکەمی کۆمەڵەیە یەکەم:
ئاکرێ - بروسک/ یاریگەی ئاکرێ
پیشەسازی - سێمێل/ یاریگەی پیشەسازی
بەردەڕەش - خاک/ یاریگەی بەردەڕەش
ئاڵتون کۆپری چاوەڕوانە

کۆمەڵەیە دووەم: (بازیان، قەڵادزێ، بابان، خانەقین، هەڵەبجەی شەهید، کۆیە، چوارقوڕنە، ڕزگاری، ڕانیە، سلێمانی)
یارییەکانی گەڕی یەکەمی کۆمەڵەیە دووەم:
بازیان - قەڵادزێ/ یاریگەی بازیان
بابان - خانەقین/ یاریگەی بابان
هەڵەبجەی شەهید - کۆیە/ یاریگەی هەڵەبجەی شەهید
چوارقوڕنە - ڕزگاری/ یاریگەی چوارقوڕنە
ڕانیە - سلێمانی/ یاریگەی ڕانیە

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

© 2017 Hawler