کانونی یەکەم 11, 2019

ئه‌مڕۆ 2 یانه‌ی دیكه‌ بلیتی گه‌یشتن به‌ خولی پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان ده‌بڕن

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی ڕزگاری و ئاسۆ به‌فه‌رمی بۆ ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان سه‌ركه‌وتن، ئه‌مڕۆ له‌ خولی پله‌دووه‌كانی كوردستان دوو یاری گرنگ ئه‌نجام ده‌درێن و ناسنامه‌ی ئه‌و دوو یانه‌یه‌ی تر ئاشكرا ده‌بن، كه‌ هاوشێوه‌ی ئاسۆ و ڕزگاری بلیتی یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانی وه‌رزی داهاتوو ده‌بڕن، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م دوو یارییه‌یش هه‌ر 4 یانه‌ی سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ له‌ قۆناخی كۆتایی یاری ده‌كه‌ن و پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی یانه‌ پله‌ دووه‌كانی كوردستان له‌ نێوانیاندا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

برووسك ـ شێخان
ئه‌م یارییه‌ هاوشێوه‌ی یارییه‌كی كۆتایی بۆ هه‌ردولا زۆر گرنگه‌، چونكه‌ براوه‌یان ده‌گاته‌ خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان و چوار گۆشه‌ی زێڕین، دۆڕاویشیان ماڵئاوی ده‌كات و ده‌بێت چاوه‌ڕی ساڵێكی تر بكات، ئه‌مه‌ دووه‌م یاری نێوان هه‌ردوو یانه‌یه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ و له‌م قۆناخه‌، كه‌ یاری یه‌كه‌م یانه‌ی بروسك له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد، له‌ یاری دووه‌می خۆیدا له‌گه‌ڵ ئاسۆ تووشی شكست هات و شێخانیش به‌ بردنه‌وه‌ی له‌شه‌قڵاوه،‌ جا‌رێكی تر ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ردوو یانه‌ی بروسك و شێخانی لێكه‌وته‌وه‌‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یارییه‌كه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی دووه‌می شه‌هید فڕانسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
یانه‌ی بروسك كه‌ دوو جار بۆته‌ پاڵه‌وانی خولی یانه‌ نایابه‌كانی كوردستان گه‌ره‌كیه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می زێڕینی خۆی و ڕیزی یانه‌ گه‌وره‌كان.
ئه‌مساڵیش یانه‌كه‌ به‌سه‌ر په‌رشتی ڕاهێنه‌ری لاو (ئامانج مه‌حموود) و به‌ پێكهاته‌یه‌كی لاو به‌شداری خوله‌كه‌ی كردووه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان (محه‌مه‌د عه‌نته‌ر) كه‌ تاكو ئێستا 9 گۆڵی هه‌یه‌ و گۆڵكاری خوله‌كه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك یاریزانی تر ده‌یانه‌وێت له‌م یاریه‌دا سه‌ركه‌وتن تۆمار بكه‌ن، یانه‌ی شێخانیش كه‌ ئه‌مساڵ به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك تاكه‌ نوێنه‌ری پارێزگای دهۆك گه‌یشتۆته‌ ئه‌م قۆناخه‌، نایه‌وێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ له‌ده‌ست بدات و ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ بروسك خه‌ونی چه‌ند ساڵه‌ی هانده‌رانی بێنته‌دی و بگه‌نه‌ ڕیزی یانه‌ی پله‌ یه‌كه‌كان.
چه‌مچه‌ماڵ ـ خانه‌قین
له‌ یاری دووه‌میشدا هه‌ردوو یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قین به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یارییه‌كه‌ هاوشێوه‌ی یارییه‌كه‌ی تر بۆ هه‌ردوو یانه‌ یه‌كلای كه‌ره‌وه‌یه‌ و چاره‌نووسی هه‌ردوو یانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م یارییه‌وه‌.
بڕیاریش وایه‌ یارییه‌كه‌ له‌ شاری سلێمانی و دوور له‌ یاریگه‌ی هه‌ردوو یانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، چه‌مچه‌ماڵ له‌ قۆناخی یه‌كه‌مدا به‌ بێ دۆڕان گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌ و به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌ركه‌وت، یانه‌ی خانه‌قینیش دوای یانه‌ی ڕزگاری پلیتی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرت و گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌، هه‌ردوو یانه‌یش له‌م قۆناخه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاری یه‌كه‌مدا به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، دواتر خانه‌قین له‌ بازیانی برده‌وه‌ و چه‌مچه‌ماڵیش له‌گه‌ڵ یانه‌ی ڕزگاری تووشی شكست بوو، ئه‌مڕۆ جارێكی تر هه‌ردوو یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قین له‌ یاری یه‌كلای كه‌ره‌وه‌دا به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن.
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌دا به‌رده‌وام زۆرترین هانده‌ر له‌ یارییه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ ئاماده‌ بوون و به‌ گڕوتینێكی زۆره‌وه‌ هانی تیپه‌كه‌یان ده‌دا، بۆیه‌ چه‌مچه‌ماڵیه‌كان هه‌موو هیوایه‌كیان له‌سه‌ر یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیه‌ و نایه‌نه‌وێت ئه‌م هه‌له‌ له‌ ده‌ست بده‌ن، یانه‌ی خانه‌قینیش هه‌مان ئومێدی چه‌مچه‌ماڵی هه‌یه‌ و هه‌موو ساڵێك له‌ خولی پله‌ دووه‌كان به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گاته‌ دواین قۆناخ، به‌ڵام به‌خت یاوه‌ری نابێت، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌ چاره‌نوسسازه‌ و چاوه‌ڕێی یارییه‌كی به‌هێز ده‌كرێت.
بۆ زانین خولی یانه‌ پله‌ دووه‌كانی كوردستان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ به‌شداری 32 یانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ یانه‌كان به‌سه‌ر 4 كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكرا بوون و به‌ شێوازی ده‌رچوون به‌ دوو دۆڕان و به‌ شێوه‌ی ناوچه‌ی جوگرافی یارییه‌كانی به‌ڕێوه‌چوون و 8 یانه‌ گه‌یشتنه‌ قۆناخی دووه‌م و 4 یانه‌یش ده‌گه‌نه‌ ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان و له‌ چوار گۆشه‌ی زێڕین به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ ئاشكرا ده‌بێت

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler