نیسان 15, 2021

ئه‌مشه‌و چامپیۆنزلیگ به‌ دوو یاری لوتكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

 

له‌ یاری چوونی قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگ ئێواره‌ی ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و دوو یاری لوتكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، هه‌ردوو یارییه‌كه‌ش به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌بێ هانده‌ر ده‌كرێن، میدیاكانی ئیسپانیا سێكوچكه‌ی نوێی ریال مه‌درید بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ به‌ چه‌كه‌ تۆقێنه‌ر و نوێیه‌كه‌ی لیڤه‌رپوولیش ده‌كه‌ن.

ریال مه‌درید ـ لیڤه‌رپوول
ئه‌م یارییه‌ له‌ یاریگه‌ی ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ له‌ مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا ده‌كرێت، ئه‌م دوویانه‌یه‌ هه‌ردووكیان ئه‌م وه‌رزه‌ ئاست و ئه‌نجامه‌كانیان جێگیر نییه‌، له‌م یارییه‌ چاره‌نووسسازه‌دا هه‌ردوولا سه‌ركرده‌ و جه‌نه‌راڵی هێڵی به‌رگرییان له‌ده‌ستداوه‌، رامۆس به‌هۆی ئازاری ئه‌ژنۆی له‌ پێكهاته‌ی ریال مه‌درید دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ لیڤه‌رپوولیش ڤێرجیل ڤان دایكی له‌ده‌ستداوه‌.
لیڤه‌رپوول ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ بردنه‌وه‌ی ناسناوی پرێمه‌رلیگ بێهیوا بووه‌ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت و به‌ جیاوازی 25 خاڵ له‌ مان سیتی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ دووره‌، هه‌موو ئامانج و هیوای یۆرگن كڵۆپی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول له‌ خولی نێوخۆیی ئینگلیزی ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانی بلیتێكی چامپیۆنزلیگی داهاتوووه‌.

كڵۆپ لێ ناگه‌ڕێت پلانه‌كانی ئاشكرا بێت
یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول ئاماده‌ نه‌بوو مه‌شقه‌كانی له‌ یاریگه‌ی دی ستیفانۆی تایبه‌ت به‌ ریال مه‌درید بكات، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی تاكتیك و پلانه‌كانی ئاشكرا نه‌بێت، بۆیه‌ دوایین مه‌شق و راهێنانی تیپه‌كه‌ی له‌ یاریگه‌ی ئانفیڵد ئه‌نجام دا و پاشان خۆی بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و ئاماده‌ كردووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ریال مه‌دریدیش له‌ لالیگا به‌ به‌راوردی ساڵانی پێشووتر خراپه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ 4 یاری دۆڕاندووه‌ و له‌ 6 یاریش به‌رامبه‌ربووه‌ و له‌ ریزبه‌ندی سێیه‌می خوله‌كه‌ دێت، به‌ڵام هێشتا ئومێدی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

زێدان به‌ سێكوچكه‌یه‌كی هێرشبه‌ری نوێ یاری ده‌كات
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت ده‌رفه‌ت به‌ ئیدین هازارد بدات كه‌ تازه‌ له‌ پێكان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و پێشبینی كراوه‌ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یاری بكات.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، زیزۆ ده‌یه‌وێت له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و له‌ دژی لیڤه‌رپوول به‌ سێكوچكه‌ی (ئاسێنسیۆ، ڤینسیۆس و بێنزێما) یاری بكات.
ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه‌ تاكه‌ یانه‌ی ئیسپانیایه‌ له‌ چامپیۆنزلیگ ماوه‌ته‌وه‌ و دوورنه‌خراوه‌ته‌وه‌، دوایینجار كه‌ به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول یاری كرد بێت له‌ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018 بوو كه‌ ئه‌وكات ریال مه‌درید به‌ 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك شكستی به‌ لیڤه‌رپوول هێنا، گۆڵه‌كانی ریال مه‌درید كه‌ریم بێنزێما و گاریس به‌یل تۆماریان كرد، ئه‌ستێره‌ وێڵزییه‌كه‌ له‌و یارییه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسوناوی ده‌ركه‌وت و دوو گۆڵی كرد. له‌و یارییه‌دا به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ی رامۆس و سه‌ڵاح هاوكێشه‌ی یارییه‌كه‌ی گۆڕی و ئه‌ستێره‌ میسرییه‌كه‌ له‌ خوله‌كی 31 به‌هۆی ئازاری شانییه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت و تیپه‌كه‌ له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ رووخا.

چه‌كه‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی یۆرگن كڵۆپ
لیڤه‌رپوول ئه‌گه‌رچی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ڕووی هێڵی هێرشبه‌رییه‌وه‌ جۆرێك له‌ ناجێگیرییان پێوه‌ دیاره‌، رۆبێرتۆ فێرمینیۆی به‌رازیلی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ڕووی ئاست و گۆڵكردنه‌وه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و نێوانی مانێ و سه‌ڵاحیش وه‌كو جاران خۆش نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئومێدێكی گه‌وره‌ی به‌ لیڤه‌رپوول به‌خشێوه‌ دیێگۆ جۆتای هێرشبه‌ری پورتوگالییه‌ كه‌ یه‌كه‌مین وه‌رزییه‌تی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول له‌ چامپیۆنزلیگ یاری ده‌كات.
دیێگۆ جۆتا له‌ هاوینی رابردوو له‌ یانه‌ی ولڤرهامتن به‌ به‌های 44 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ لیڤه‌رپوول، به‌ یه‌كێك له‌ باشترین و كاریگه‌رترین گرێبه‌سته‌ مێژووییه‌كانی لیڤه‌رپوول هه‌ژمار ده‌كرێت.
دیێگۆ جۆتا ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ له‌ كۆی 7 یاری 4 گۆڵ و 1 ئاسیستی كردووه‌، له‌ 15 رۆژی رابردووش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ و یانه‌كه‌ی شه‌ش گۆڵی كردووه‌ و به‌ چه‌كه‌ نوێیه‌كه‌ی كڵۆپ له‌ چامپیۆنزلیگ داده‌نرێت.

مانچێسته‌ر سیتی ـ دۆرتمۆند
له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی چوونی قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له‌ نێو یاریگه‌ی ئیتیحادی تایبه‌ت به‌خۆی به‌ره‌نگاری یانه‌ی دۆرتمۆندی زه‌رده‌واڵه‌كانی ئه‌ڵمانیا ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتێكدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له‌م وه‌رزه‌ ئاستی له‌وپه‌ڕی لوتكه‌دایه‌، ناسناوی پرێمه‌رلیگی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر مسۆگه‌ر كردووه‌ و له‌ دوو پاڵه‌وانێتی دیكه‌ی نێوخۆیی گه‌یشتووه‌ته‌ یاریی كۆتایی.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی بورووسیا دۆرتمۆند به‌ سه‌ركردایه‌تی ئێرلینگ هالاندی گه‌نجه‌ نه‌رویجییه‌كه‌ ئاستی له‌ بۆندزلیگا له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌ و به‌جۆرێك خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ گه‌یشتن به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو بێهیوا ده‌بێت.

© 2017 Hawler