تشرینی دووەم 20, 2019

ئه‌مشه‌و ڤینگه‌ر 28ـه‌مین گه‌شتی خۆی بۆ ئۆڵدترافۆرد ده‌كات و ده‌بێته‌ دوایین گه‌شتی وه‌ك راهێنه‌ری ئارسێناڵ

ئەمشەو، بیست و هەشتەمین سەفەرێتی بۆ ئۆلترافۆرد، دوایین سەفەر وەكوو ڕاهێنەری ئەرسێناڵ. سەفەرێك پڕ لە بیرەوەری تاڵ و شیرین، بەڵام زیاتر لە هەموو شت بیرهێنەرەوەی دابەزینی ئاستی تۆپچییەكانی لەندەن لە 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەوان بە حەڤدە خاڵ لە پاشن و پلەی شەشەمیان بەدەستە. ئەو ئەرسناڵەی ڕێگەی ئۆلترافۆرد دەگرێتەبەر، لە دەسپێكی ساڵی 2018ەوە تا ئێستە تەنانەت خاڵێكیشی لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەبردۆتەوە و لە شازدە یاری ئەمساڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا تەنیا سێزدە خاڵی بەدەستهێناوە. ئەو ئاستەی ئەرسناڵ دەردەخات كە بۆچی ئارسن ڤێنگر هیچ چارەیەكی دیكەی نییە جگە لە ماڵئاوایی و بۆچی ئەم سەفەرەی، دوایین سەفەرێتی بۆ مانچستەر یونایتد.

 ڤێنگر دەڕوات، بەڵام ئیتر ڕەنگە دووبارە نەبێتەوە، ڕەنگە هیچكات ساڵانی 1977 تا 2004 دووبارە نەبێتەوە كە یان مان یونایتد پاڵەوان بوو یان ئەرسناڵ. ئارسن ڤێنگر و ئالێكس فێرگسۆن لە لووتكەدا بوون، بەسەر هەورەكانی ئینگلتەراردا دەفڕین، ئەوان دۆست و ڕكابەر بوون. ڕكابەر بەجۆرێك كە ئاگری بەرنگاربوونەوەی پاتریك ڤییەرا و ڕۆی كینی خۆشی دەكرد.

یەكەم سەفەر
یەكەم سەفەری ڤێنگەر بۆ ئۆلترافۆرد پاییزی 1996 بوو كە بە گۆڵێك دۆڕا. ئەو دیدارەی كە فێرگسۆن گاڵتەی بە چەند زمانزانی ڤێنگر كرد، بەڵام ئەرسناڵ لەبەردەست ڤێنگر بوونە پیاوێكی دیكە: دێڤید سیمن، مارتین كیون، تۆنی ئەدامز، ستیڤ بۆڵد، لی دیكسۆن، پاتریك ڤییەرا، دێڤید پلات،نایجل وینتربرن، پۆل مێرسۆن، دەنیس بێركامپ و یان ڕایت. ئەوان لە ساڵی 1998 بەو گۆڵە درەنگەساتەی مارك ئۆڤێرمارس لە ئۆلترافۆرد بەرانبەر بە پیتەر ئشمایكل بوون بە پاڵەوان. گۆڵێك كە ڤێنگەر ئۆڤێرمارسی گرتە باوەشێك. كامێرا هاتە سەر پیاوێكی كزی لاواز، كە هاواری دەكرد، بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ.....ڤێنگەر لە فێرگسۆنی بردبۆوە.

دووبارە هەستانەوە سەرپێ
ڤێنگەر دوای شكستی 1-6 لە یۆناتید لە ساڵی 2001 دانی بەوە دانا بەر لە یاری تەواو ببوون، بەڵام هەر ئەو پیاوانە خێرا و لە ساڵی 2002 بە بردنەوەیان لە سێزدە یاری كۆتاییدا دووبارە بوونەوە پاڵەوانی ئینگلتەرا. ئەوجارەیان بە تاكە گۆڵی سیلوین ویلتۆرد لە ئۆلترافۆرد بەرانبەر بە فابیان بارتێز. ئەو دیدارەی كە دێڤید دین بەڕێوەبەری ئەرسناڵ بە گواستنەوەی دەسەڵات ناوی برد و تۆپچییەكان دواتر و هەر لەو ساڵەدا جامی ئینگلتەراشیان بردەوە. مارتین ئێدواردز سەرۆكی پێشووی یۆنایتد لە كتبەكەیدا ئاشكرای كردووە كاتێك فێرگسۆن ساڵی 2001 نزیك بوو ماڵئاوایی لە ڕاهێنەرایەتی شەیتانەسوورەكان بكات، دیدارێكی لەگەڵ ڤێنگەردا هەبووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاهێنەری مانچستەرییەكان.

نه‌فرەت لە نێوان ئەرسناڵ و یونایتد
یارییەكانی دواتری ئەرسناڵ و یونایتد پڕ بووە لە نه‌فرەت و توندوتیژی. بەرنگاربونەوەی ئۆلترافۆرد لە ساڵی 2003، پێكەوەهەڵپڕژانی كیون و ڤان نیستلرۆی و دواتر لێدانی سزا و چەنگەپرچەی یاریزانەكان، یان ساڵی 2004 كە لە كۆتاییدا ژمارەپێوانەیی ئەرسناڵ تۆماركرا بە چلونۆ یاری بێ شكست. ئەرسناڵ دوای ئەو ئاستبەرزییەی، داشكا و بە ڕۆیشتنی تێری هێنری و ڤییەرا، بیرەوەرییەكانی بردنەوەی لە ئۆلترافۆردیش ڕەش بوونەوە. دەركرانی لە ساڵی 2009 و ڕۆیشتن بەسەر پەیژەكان و وەستانی لەنێوان هاندەرانی یونایتد، ڕووداوێكی سەیروسەمەرە بوو و شكستی 2-8یان لە ساڵی 2011 دەریخست ئەرسناڵی ڤێنگەر تا چ ڕادەیەك بێ هێز بووە. پێكهاتەیەكی ئاست مامناوەند بە یاریزانانی وەكوو ژێسنی، جنكینسن، ترائۆرێ، رەمزی، كاكلین، رۆسیچكی كە تیایدا ڤان پێرشی، ڤالكات و ئەرشاڤین نەیاندەتوانی بەتەنیا براوەی یارییەكان بن.

ڕەنگە دووبارە بتبینمەوە
ڕاستییەكە ئەوەیە، ڤێنگەر لە ماوەی 27 سەفەری بۆ ئۆلترافۆرد تەنیا پێنج جار بردوویەتەوە و شازدە جاریش دۆڕاوە و ستایشی ڤێنگەر سەبارەت بە بردنەوەكانێتی بەرانبەر بە فێرگسۆن لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی ئەركی ڕاهێنەرایەتی ئەرسناڵ. ڤێنگەر ئەمڕۆ چاوێك بەسەر هەموو بیرەوەرییەكانیدا دەخشێنێتەوە، بردنەوە و دۆراوەكانی بیر دەێنەەوە، تاڵی و شیرینییەوكانی سەفەری ئۆلترافۆردی دێتەوە بەرچا و دەڵێت: "نازنم چۆن پێچوازیم لێ دەكەن، لە ماوەی بیستودووساڵی ڕابردوودا ڕكابەرێكی گەورە بۆ یەكتر بووینە، بەڵام ئەگەر لەگەڵمدا گەرموگوڕ بن، بە باوەشی كراوە پێشوازی لێ دەكەم، ئێستە كە سەیری ڕابردوو دەكەم، دەبینم كە یونایتد چ یانەیەكی گەورە بوو. ئەوان گیگز، بێكهام، ڕۆناڵدۆ و ڕۆنیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو گەنجە ئاستبەرزانە.
ئایا ئەوە دوایین سەفەری ڤێنگەرە لە پۆستی ڕاهێنەرایەتی خۆیدا بۆ ئۆلترافۆرد؟ ئایا دووبارە وەكوو ڕاهێنەری یانەیەكی دیكە بۆ ئۆلترافۆرد دەگەڕێتەوە؟ فەڕەنسییەكان بەردەوام "Peut-être que

vous pouvez le voir " دووبارە دەكەنەوە، واتە "ڕەنگە دووبارە بتبینمەوە".

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler