شوبات 28, 2021

چەمچەماڵ توندوتیژترین یانه ی ئه م وه رزه ی خولی نایابی كوردستانه و ده ۆكیش خاوێنترین یانه یه له م وه رزه

 

گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات، یانەکانی سیروانی نوێ و دەربەندیخان پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکەیان گرتووە، لەم گەڕەدا یانەی نەورۆز کە یەکێکە لە پاڵێوراوەکانی بەدەستهێنانی ناسناوەکە توشی چوارەم دۆڕانی لەسەر یەک هات، دەربەندیخان یاری لوتکەی لە پێشمەرگەی هەولێر بردەوە و پێشەنگی ڕیزبەندی یانەکانی کۆمەڵەی دووەمی وەرگرت، لە چوار گەڕی ڕابردوودا ١٣٧ کارتی زەرد و ٩ کارتی سور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، تا ئێستەیش ٧٥ گۆڵ تۆمار کراون، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو.

 

چوارەم دۆڕان بۆ نەورۆز

یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولەکە کۆتاییان هات و یانەکانی سیروانی نوێ و دەربەندیخان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گرتووە، لە یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم یانەی سیروانی نوێ میوانداری یانەی هەڵۆی کرد و هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوو، یانەی چەمچەماڵیش ڕکەبەری ئەو کۆمەڵەیەی گەرمتر کرد و ژمارەی خاڵەکانی وەکو سیروانی نوێ لێکرد و هاتە پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی سۆرانی بردەوە، لە دواین یاری ئەم کۆمەڵەیەیشدا یانە شێروانە لە یارییەکی پڕ گۆڵدا بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە سێ گۆڵ لە یانەی هەولێری بردەوە.

لە کۆمەڵەی دووەمیشدا یانەی نەورۆز توشی چوارەم دۆڕانی لەسەر یەک بوو، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک بە یانەی ئارارات دۆڕا، کە ئەمەی دوای یەکەم بردنەوە و ٣ خاڵ بوو لە خولەکە بە دەستی بهێنێت.

لە یارییەکی تریشدا یانەکانی هەندرێن و زاخۆ بەبێ گۆڵ یەکسان بوون و هەریەکە و خاڵێکیان وەرگرت، یانەی دهۆکیش توشی دووەم دۆڕان بوو لەم وەرزە و بە گۆڵێک بەرانبەر بە سێ گۆڵ بە یانەی  پێشمەرگەی سلێمانی دۆڕا.

لە یاری لوتکەی کۆمەڵەکەیشدا یانەی دەربەندیخان پێشەنگی یانەکانی لە پێشمەرگەی هەولێر وەرگرت، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لێبردەوە

لەم گەڕەدا لە کۆی ٧ یاریدا ١٨ گۆڵ تۆمارکرا کە دەکاتە ڕێژەی ٢،٥ گۆڵ بۆ هەر یارییەک.

 

چەند ئامارێک لەسەر خولەکە

دوای تێپەڕبوونی چوار گەڕ ٢٨ یاری ئەنجامدراون، ٧٥ گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢.٦ گۆڵە، یاری نێوان هەولێر و شێروانە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە، کە ٧ گۆڵ بووە، بەهادین بەکر هێرشبەری سیروانی نوێ خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەیە، کە لە گەڕی دووەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەولێر لە چرکەی ١٣ دا گۆڵی تۆمارکرد، نەریمان خدر گۆڵپارێزی هەندرێن، خاوەنی زۆرترین کلین شیتە کە لە ٤ یاریدا لە ٣ یاریدا گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە و تەنیا ١ گۆڵی لێ تۆمارکراوە، یاریزانی یانەی هەولێر عەبدولقادر ئەیوب بچوکترین یاریزانە لە خولەکە کە گۆڵ تۆمار بکات و لە تەمەنی ١٧ ساڵی لە گەڕی سێیەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەڵۆ گۆڵی تۆمار کرد، دوای ئەنجامە خراپەکانی نەورۆز، یونس سلێمان بووە یەکەم ڕاهێنەر واز لە پۆستی ڕاهێنەرایەتی بهێنێت، لە نێو ١٥ یانەی بەشداربووی خولەکە، یانەکانی دەربەندیخان و پێشمەرگەی هەولێر خاوەنی زۆرترین بردنەوەن کە ٣ بردنەوەیە، یانەی نەورۆز خاوەنی زۆرترتن دۆڕانە کە ٤ دۆڕانە، یانەی هەڵۆ خاوەنی زۆرترین یەکسان بوونە کە ٣ یارییە، یانەی برایەتی خاەنی زۆرترین گۆڵە کە لە ٣ یاریدا ١١ گۆڵی تۆمار کردووە، یانەی هەندرێن خاوەنی هەژارترین هێڵی بەرگرییە کە تەنیا ١ گۆڵی تۆمار کردووە، یانەی هەولێر لاوازترین هێڵی بەرگری هەیە و ١٣ جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژێندراوە، یانەی هەندرێن خاەەنی بەهێزترین هێڵی بەرگریە و تەنیا ١ گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

 

کام یانە زۆرترین و کام یانە کەمترین توندوتیژیان ئەنجامداوە؟

تا ئێستە چوار گەڕ لە یارییەکانی خولەکە بەڕێوەچوون و ژمارەی یارییەکان ٢٨ یارییە، لە ماوەی دەسپێکی خولەکە تا ئێستە، ١٣٧ کارتی زەرد بەڕویی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، کە دەکاتە ڕێژەی ٤،٨ کارت بۆ هەر یارییەک، هەروەها ٩ کارتی سور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، یانەی چەمچەماڵ تا ئێستە زۆرترین توندوتیژیان ئەنجامداوە و ١٦ کارتی زەرد و ٢ کارتی سور بەڕووی یاریزانانیان بەرزکراوەتەوە، خاوەنی کەمترین توندوتیژیش لە ماوەی چوار گەڕی ڕابردووی خولەکە، یانەی دهۆکە کە تەنیا ٣ کارتی زەرد بەڕووی یاریزانانیان بەرزکراوەتەوە، گەڕی چوارەم زۆرترین توندوتیژی تێدا ئەنجامدراوەو ٣٩ کارتی زەرد و ٢ کارتی سور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، یاری نێوان سۆران و برایەتی خاوێنترین یاری ئەم وەرزە بوو تا ئێستە کە تەنیا ١ کارتی زۆردی تێدا بووە، یاری نێوان پێشمەرگەی هەولێر و دەربەندیخانیش زۆرترین کارتی تێدا بووە کە ١٢ کارتی زۆرد و ١ کارتی سور بووە.

 

ئەو یاریزانانەی خێراترین گۆڵیان لەم وەرزە كردووه‌

ئه‌م له‌ چوار گه‌ڕی رابردووی خولی نایابی كوردستان 3 خێراترین گۆڵیان كردووه‌، 2 له‌و  خێراترین گۆڵانه‌ش له‌ دژی یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، به‌ڵام هیچ كامێكیان نه‌یانتوانیوه‌ ریكۆردی خێراترین گۆڵی یوونس شوكر یاریزانی پێشووی یانه‌ی زاخۆ بشكێنن كه‌ له‌ 8 چركه‌ تۆڕی گۆڵی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری هه‌ژاند.، هه‌ڵمه‌ت عادل یاریزانی پێشووی یانه‌ی شێروانه‌ به‌ 11 چركه‌ خاوه‌نی دووه‌مین خێراترین گۆڵه‌ له‌ مێژووی خولی نایابی كوردستان، گۆڵه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌هائه‌دین به‌كر به‌ 13 چركه‌ بووه‌ سێیه‌مین خێراترین گۆڵ له‌ مێژووی خولی نایابی كوردستان، ئه‌مه‌ش خێراترین گۆڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ن:

‎1ـ بەھادین بەکر/  سیروانی نوێ: ١٣ چرکە، لە دژی یانەی ھەلێر

‎2ـ عومەر ئەحمەد/  چەمچەماڵ:  ٢٨ چرکە،لە دژی یانەی سیروانی نوێ

‎3ـ ڕێباز ڕەحیم/  شێروانە:  ٣٥ چرکە لە دژی یانەی ھەولێر

 

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە

دوای تێپەڕبوونی چوار گەڕ کە ٢٨ یاری ئەنجامدراوە، بەبەراورد بە وەرزەکانی ڕابردوو، ژمارەی گۆڵەکانی گۆڵکاران کەمترە، تا ئێستە یاریزانی یانەی چەمچەماڵ عومەر ئەحمەد و یاریزانی یانەی برایەتی ژیار گۆڤەند خاوەنی زۆرترین گۆڵن و ٤ گۆڵیان تۆمار کردووە.

ڕیزبەندی گۆڵکارانیش بەم شێوەیەیە:

١- عومەر ئەحمەد ٤ گۆڵ / یانەی چەمچەماڵ

٢- ژیار گۆڤەند ٤ گۆڵ / یانەی برایەتی

٣- ئامانج ئەکرەم ٣ گۆڵ / یانەی پێشمەرگەی هەولێر

٤- دڵشاد حەمەڕەش ٣ گۆڵ / یانەی پێشمەرگەی سلێمانی

٥- عەلی کاکە مینە ٣ گۆڵ / یانەی دەربەندیخان

 

یارییەکانی گەڕی پێنجەم:

بریار وایە ڕۆژی هەینی گەرێکی تری خولەکە بە ئەنجامدانی ٧ یاری لە یەک کاتدا بەم شێوەیە لەکاتژمێر ٢:٠٠ بەڕێوەبچن:

کۆمەڵەی یەکەم:

هەڵۆ - برایەتی/ یاریگەی بلێ

 سۆران - هەولێر / یاریگەی سۆران

شێروانە - سیروانی نوێ / یاریگەی شێروانە

چەمچەماڵ چاوەڕوانە

کۆمەڵەی دووەم:

زاخۆ - پێشمەرگەی سلێمانی/ یاریگەی زاخۆ

پێشمەرگەی هەولێر - ئارارات / یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر

نەورۆز - هەندرێن / یاریگەی نەورۆز

دهۆک - دەربەندیخان / یاریگەی دهۆک

 

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:

کۆمەڵەی یەکەم:

١- سیروانی نوێ ٨ خاڵ

٢- چەمچەماڵ ٨ خاڵ

٣- برایەتی ٦ خاڵ

٤- شێروانە ٦ خاڵ

٥- هەڵۆ ٣ خاڵ

٦- هەولێر ١ خاڵ

٧- سۆران سفر خاڵ

کۆمەڵەی دووەم:

١- دەربەندیخان ١٠ خاڵ

٢- پێشمەرگەی هەولێر ٩ خاڵ

٣- پێشمەرگەی سلێمانی ٧ خاڵ

٤- زاخۆ ٧ خاڵ

٥- هەندرێن  ٥ خاڵ

٦- دهۆک ٤ خاڵ

٧- ئارارات ٣ خاڵ

٨- نەورۆز سفر خاڵ

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

© 2017 Hawler