تشرینی دووەم 20, 2019

شەوێكی ئەنفێڵدی یان شەوی خۆكوژی ڕۆمییەكان؟

شەوێكی لەبیرنەكراو لە ئەنفێڵد، بۆ كلوپ، بۆ سەڵاح و هاوڕێیانی، بۆ هاندەران لیڤەرپوول، تەنانەت لە خەیاڵیشدا بیریان لە تۆماركردنی پێنج گۆڵ نەدەكردەوە، بەڵام گۆڵەكان لێدران، یەك بەدوای یەك، یەك لە لەیەك جوانتر... ئاخ ئەگەر ئەو دوو گۆڵەی ڕۆما لێ نەدەدرا، هەرچەند لیڤەرپولییەكان هەر لە ئێستەوە خۆیان لە یاری كۆتاییدا دەبینن، هەڵبەت ئەگەر بەدەردی بارسیڵۆنای ئەمساڵ و پاریس سانت جێرمانی پاردا نەچن.

ئامادە و چارەنووس
بەرەنگاربوونەوەیەك كە كەس پێی وانەبوو لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا بكرێ. یارییەك لە نێوان تیمێكی سێیەم چوارەمی ئینگلتەرا و تیمێكی دووەم سێیەمی ئیتاڵیا. لە نێوان دوو یانە، یەكیان (لیڤەرپوول) لە دوایین پاڵەوانیەتییەكەی بیستوهەشت ساڵ تێدەپەڕێ و ئەوەی دیكەیان (ڕۆما) حەفدە ساڵ.
یارییەك كە كەس چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەدەكرن، بگەنە ئەم قۆناغە. بەڵام جەنگاوەرانی مرسی ساید و گلادیۆتۆرە ڕۆمییەكان، بێ وەبەرچاوگرتنی بارسێلۆنا، پاریس سانت جێرمان، مانچستەر یونایتد و یۆڤنتوس، یارییەكی بەچێژی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەكانیان كرد، هەڵبەت بە تامی چارەنووس. زۆربەی لایەنگرانی لیڤەرپوول لەو باوەڕەدان "چارەنووس" ئێمەی بەرەو پاڵەوانەتییی بردووە. دەڵێن نادۆڕێین، كەسی پێمان ناوێڕێ. دەڵێن گرینگ نییە ڕیاڵ لە یاریی كۆتایی بێت یان بایرن. دەڵێن "ئێمە ئامادەین".

شەوانی ئەنفێڵد
شەوێكی ئەنفێڵدی بوو، شەوێكی لەبیر نەكراو، بۆ بیرەوەری. بیرەوەری ڕابردووی سەركەوتنی سێ گۆڵ بەرانبەر بە سنت ئەتیەن 1977 و ئەو لێدانەی ستیڤن جێڕارد 2005 بەرانبەر بە ئۆلیمپاكوس.. ئەنفێڵد ئێستە قەڵایەكە كە لیڤەرپوول لە بیست یاری دوایی ئەورووپایی خۆیدا تەنیا یارییەك دۆڕابوو، ئەویش لە پاییزی ساڵی 2014. یاریی كە دەستی پێ كرد، لیڤەرپوول لەچاو ڕۆما، تیمێكی بە ئەزموونی چوارگۆشەی زێڕین دەهاتەبەرچاو. ئەوان لە سێ یاری چوارگۆشەی زێڕینی ئەورووپادا یارییان كردبوو و هەر سێ یارییش بەرانبەر بە چێڵسـی، دوو جار لە ساڵانی 2005 و 2007 ڕێگەی یاریی كۆتاییان گرتبووە بەر و جارێكیان و لە ساڵی 2008 بەرانبەر بە پیاوانی بریج دۆڕاندیان... ڕۆما ئەو یانەیە كە بارسێلۆنای گەورەی دوور خستەوە، ئەو یانەیە دوای دواكەوتن گۆڵێك، لە كۆتاییدا 4-2 لە ناپولی بدرەوە. ئەو یانەیەی كە لە بیست خولەكی سەرەتاییدا زۆر بوێرانە یاری كرد، بەڵام لە كۆتاییدا پێنج گۆڵی لە لیڤەرپول لێ كرا.

گەردەلوولەكەی سەڵاح
دوو گۆڵی بەدوای یەكی سەڵاح لە نیوەی یەكەم، چارەنووسی یارییەكەی دیاریكرد. دواتر دوو پاسی بە فیرمینیۆ و مانە دا، بۆ ئەوەی وەكوو ئەستێرە بدرەوشێتەوە. ئاستبەرزی محەمەد سەڵاحی میسـری و لێدانی پێنج گۆڵ لە ماوەی سیوپێنج خولەك بردنەوە لە مان سیتیمان بیر دێنێتەوە. ئەو یارییەی سەڵاح لە خولەكی دوازدە گۆڵی لە مان سیتی دا و ئەكسلید چێمبەرلین و مانە خێرا دوو گۆڵی دیكەیان بۆ لیڤەرپوول لێدا. وتنی نا لە لایەن یورگن كلوپ بۆ پاشەكشـێ دوای پێشكەوتن لە ڕكەبەرەكان، وای كردووە محەمەد سەڵاح بوێرانەتر لە هەموو یاریزانێك یاری بكات. سەڵاح تا ئێستە چلوسێ گۆڵی تۆماركردووە. هەرچەند ناكرێ هونەری ئەو یاریزانە وەبەرچاو نەگرین. گۆڵی یەكەمی سەڵاح زیاتر وە گۆڵی گەورەپیاوانی تۆپی پێ دەچوو، وەكوو لێدانەكانی مێسـی، یان ڕۆناڵدۆ.. بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئەوە بوو كە بۆ ڕێز لە یانەی پێشووی، دوای ئەوەی دوو گۆڵیشـی لێدا، تەنانەت بۆ چركە ساتێكیش خۆشی نەنواند، تەنیا لەبەر خوای خۆی پاڕایەوە.

خۆكوژی لە جۆری ڕۆمی
بیست خولەكی بوێرانە و ئاستبەرزانە، شەس خولەكی كارەساتبار و لە كۆتاییدا دە خولەكی پیاوانە، واتە پیاوانی دی فرانچیسكۆ بەردەوام لە هەڵبەزدابەزدا بوون، هەم فڕبن و هەم كەوتن.. بەڵام لێدانی سێ گۆڵیش كارێكی ئەستەمە، هەرچەند ڕۆما لە بارسێلۆنایەكی داوە كە ئێستە براوەی دووانەی وڵاتەكەی خۆیەتی. فرانچیسكۆ لەو یارییەدا ڕووی كردە بەرگریكردنی سێ كەسی، واتە دەیویست تۆپ لە گۆڵی خۆی دوور بكاتەوە، ناوەڕاستی گۆڕەپانەكە بگرێ، واتە جۆرێك خۆكوژی. لیڤەرپوولییەكان لێهاتوون لە هێرشی خێرا و پێچەوانە و هەشتا و حەفت گۆڵی سەڵاح، فرمینیۆ و مانە یاری هێرشبەرانەی لیڤەرپوول دەسەلمێنێ. هەرچەند مانە دەیتوانی چەند گۆڵی دیكەش لە ڕۆما بدات. واتە كاری ڕۆما یەكسەرە و تەواو بكات.
ئەم شكستەی ڕۆمییەكان ئەوەی سەلماند كە جیالوروسییەكان لە ماوەی بیست و حەفت یاری دوور لە ماڵەوە نەیانتوانیوە گۆڵیان لێ نەكرێ. ئەوەی سەلماند كە یەك لە ژمارەپێوانەیی خراپ دوای سێلتیك هی ئەوانە. ئەو كاتەی یەك بەدوای یەك گۆڵیان لێ دەكرا، بیرم لەوە دەكردەوە بۆ مەگەر لە ئیتاڵیاوە نەهاتوون؟ بۆ مەگەر ئیتاڵییەكان لە بەرگریكردندا بەتوانا نین؟. دەمپرسی و داڕمانی ڕۆما لە ئۆلترافۆردم بیرهاتەوە لە ساڵی 2007 بەرانبەر بە شەیتانەسوورەكان. دنیلە دێرۆسی ئەو شەوەی باش بیرە، شەوێك كە لەماوەی شەست خولەكدا شەش گۆڵیان لێ كرا، یارییەك بە ئەنجامی 7-1 بۆ شەیتانەسوورەكان.
ڕۆمییەكان لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا براوە و دۆڕاو بوونە. لە لایەك لە شازدە یاری دەرەوەیان تەنیا یارییەكیان بردووەتەوە و لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە لێدانی گۆڵ لەناو یاریگەی ڕكابەر ماڵئاواییان بە بارسێلۆنا و شاختار كردووە. ئەدین دزێكۆ كە پێشووتر بە درێسـی مان سیتی لە ساڵانی 2012 و 2015 لە سێی یاریدا دوو گۆڵی لیڤەرپوول كردبوو، ئەویش لە ئەنفێڵد، ئەوجارەشیان دوور لە ماڵەوە گۆڵێكی لێدا بۆ ئەوەی ڕۆمییەكان تروسكە هیوایەكیان مابێ. بەڵام ئایا ڕۆمییەكان دەتوانن سێ گۆڵ بە لیڤەرپوول بدەن، ئایا دیسان بردنەوەی بارسێلۆنا دووبارە دەكەنەوە؟ ئەی بۆ ناتوانن؟ بەڵام ترسی هاندەرانی ڕۆما لەوەدایە هەر یانەیەكی لە بارسێلۆنا دەباتەوە، یاری دواتر دەستی خۆبەدەستەوەدان دەباتەسەر، ڕێك وەكوو یۆڤێنتوسی پار بەرانبەر بە ڕیاڵ مەدرید.

ئەدی بۆ دەڵێن ئەمرییكییەكان لە تۆپی پێدا لاوازن!
ئەو یارییەی چوارگۆشەی زێڕین دەریخست خاوەندارە ئەمریكییەكان ئەوەندەش نەزان نین و بەشی خۆیان لە تۆپی پێ دەگەن. وەڵامێك بوو بۆ ئەو كەسانەی ڕەخنەبارانی ئەمەریكییەكانیان دەكرد. تامر ورنر لە لیڤەرپول و جێمز پالۆتا لە ڕۆما كە زۆر كەس سەركۆنەی ئەوەیان دەكەن لە تۆپی پێدا هیچ نازانن، خۆیان سەلماند. هەر دووكیان لە بۆستون خاوەنی یانەیەكی بێ تۆپ پێ بوونە. ورنر خاوەنی بیس لاڵی رێدساكسە و پالۆتا خاوەنی یانەی باسكەی بۆستون سێلتیكە، بەو جیاوازییەی ڕۆمییەكان شانازی بەوە دەكەن پالۆتا ناسنامەی ئیتاڵیشی هەیە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler