تشرینی دووەم 20, 2019

8 یانه‌ له‌ پێناو 4 پلیتی سه‌ركه‌وتن بۆ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان ڕكه‌به‌ری ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ قۆناخێكی تری یارییه‌كانی خولی یانه‌ پله‌ دووه‌كانی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات، كه‌ گرنگترین قۆناخی خوله‌كه‌یه‌ و یانه‌كان له‌ پێناو گه‌یشتن بۆ خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌جه‌نگن، له‌ قۆناخی یه‌كه‌مدا 32 یانه‌ به‌شدارییان كرد بوو 8 یانه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌م قۆناخه‌، یارییه‌كانیش به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ و به‌شێوه‌ی ناوچه‌ی جوگرافی به‌ شێوازی ده‌رچوون به‌ دوو دۆڕان به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م
یارییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ پێك دێن له‌ 3 یانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر و یه‌ك یانه‌ی پارێزگای دهۆك كه‌ یانه‌ی شێخانه‌، ئه‌مڕۆ یانه‌ی بروسكی پاڵه‌وانی دوو وه‌رزی خولی یانه‌ نایابه‌كانی كوردستان كه‌ به‌ هۆی خراپی بارودۆخی دارایی له‌ خولی نایابه‌وه‌ پێش چەند وەرزێك كشایەوە و بە هۆیەوە دابه‌زی بۆ خولی پله‌ دوو، دوای ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌تییه‌كی زۆری له‌ قۆناخی یه‌كه‌م بینی تا گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌، به‌ هیوایه‌كی زۆره‌وه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی شێخان ده‌كات، براوه‌ی ئه‌م یارییه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ له‌ قۆناخی كۆتایی و گه‌یشتن به‌ ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌، بروسك له‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆیدا دوای یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ وه‌ك یانه‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وت، یانه‌ی شێخانیش هاوشانی یانه‌ی ئاسۆ سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م قۆناخه‌.
هه‌ر له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا و له‌ یارییه‌كی هاوسه‌نگدا، یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی ئاسۆ ده‌كات، سیسته‌می خوله‌كه‌ وایه‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك دوو یاری بباته‌وه‌ ده‌گاته‌ قۆناخی كۆتایی و ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان، بۆیه‌ هه‌موو یارییه‌كان هاوشێوه‌ی یاریی كۆتایی به‌هێز و گرینگن، له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ ئه‌م یارییه‌ به‌ یارییه‌كی لوتكه‌ هه‌ژمار ده‌كریت و براوه‌یان له‌گه‌ڵ براوه‌ی یاری بروسك و شێخان یاری ده‌كات.

یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م
له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا دوو یانه‌ی سه‌ر به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و دوو یانه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌ خۆ ده‌گرێت و ڕكه‌به‌ری ده‌كه‌ن له‌ پێناو دوو پلیتی كۆمه‌ڵه‌كه‌ و گه‌یشتن به‌ خه‌ونی هانده‌رانیان كه‌ خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانه‌.
له‌ یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا له‌ خانه‌قین یانه‌ی خانه‌قین میوانداری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، یانه‌ی میواندار له‌ دوایین یاریی خۆیدا به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ یانه‌ی په‌یامی هه‌ڵه‌بجه‌ی برده‌وه‌ و سه‌ركه‌وت بۆ ئه‌م قۆناخه‌، هه‌رچی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵیشه‌ له‌ قۆناخی یه‌كه‌مدا به‌ شایسته‌یی 3 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر یه‌كی تۆمار كردوو به‌بێ شكست گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌ چاره‌نووسسازه‌ و هه‌ردوولا گه‌ره‌كیانه،‌ به‌بردنه‌وه‌ له‌م یارییه‌ نیوه‌ی ڕیگه‌ ببڕن و خۆیان بۆ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ئاماده‌ بكه‌ن.
له‌ شارۆچكه‌ی بازیانیش یانه‌ی بازیان میوانداری یانه‌ی ڕزگاری ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان ده‌كات، بازیان ماندوو بونی زۆری دیت تا گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌و له‌ دواین یاریشدا له‌ مه‌لعه‌به‌كه‌ی سلێمانی به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ یانه‌ی پیره‌مه‌گرونی برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناخه‌، یانه‌ گه‌رمیانیه‌كه‌یش هه‌ر زوو پلیتی ئه‌م قۆناخه‌ی ده‌سته‌به‌ر كرد و به‌ بێ شكست قۆناخی یه‌كه‌می بڕی، هاوشێوه‌ی یاری خانه‌قین و چه‌مچه‌ماڵیش ئه‌م یارییه‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌.

قۆناخی دووه‌می خوله‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت:
خوله‌كه‌ به‌ شێوازی ده‌رچوون به‌ دوو دۆڕان به‌رێوه‌ ده‌چێت.1
 یارییه‌كان له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2018/4/25 ده‌ست پێده‌كات.2
 سه‌رجه‌م كارته‌ زه‌رد و سووره‌كانی یاریزانان ده‌سرێته‌وه‌.3
 هه‌ر یانه‌یه‌ك بۆی هه‌یه‌ سێ یاریزانی دیكه‌ له‌ لیستی یاریزانان زیاد بكات.4
 ده‌ستنیشانكردنی یاریگه‌ له‌سه‌ر هه‌مان سیسته‌می قۆناغی یه‌كه‌م ده‌بێت.5
 له‌ هه‌رگرووپێك دوو یانه‌ بۆ خولی یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان سه‌ر ده‌كه‌وێت.6
 7. قۆناغی كۆتایی (چوارگۆشه‌ی زێرین) بۆ چوار یانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.
8.له‌قۆناغی كۆتایی، یه‌كه‌می گرووپی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ دووه‌می گرووپی دووه‌م یاری ده‌كات، دووه‌می گرووپی یه‌كه‌م و یه‌كه‌می گرووپی دووه‌میش له‌ دوو یاری به‌ شێوازی چوون و هاتن یاری ده‌كه‌ن، براوه‌یان له‌ یاری كۆتایی پێك ده‌گه‌ن و پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م پێك دێت له‌: (ئاسۆ، بروسك، شێخان، شه‌قڵاوه)‌
 كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م پێك دێت له‌: (چه‌مچه‌ماڵ، بازیان، رزگاری، خانه‌قین)
یارییه‌كانی هه‌فته‌ی یه‌كه‌م به‌مشێوه‌یه:‌
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م
بروسك × شێخان ـ یاریگه‌ی بروسك
شه‌قڵاوه‌ × ئاسۆ ـ یاریگه‌ی شه‌قڵاوه‌
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م
بازیان × رزگاری ـ یاریگه‌ی بازیان
خانه‌قین × چه‌مچه‌ماڵ ـ یاریگه‌ی خانه‌قین

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler