تشرینی دووەم 20, 2019

یاد و وەفایەك بۆ وەرزشوان و ناوبژیوانی كۆچكردوو محەممەد عەزیز

ڕۆژی 22 ی نیسانی 2018 ساڵێكی تەواو بەسەر كۆچی دوایی ناوبژیوانی كۆچكردوو محەمەد عەزیز گوزەر دەكات ئەو مرۆڤەی كە هەموو تەمەنی خۆی بە وەرزش و كاری ناوبژیوانی بەخشی، هەر بۆ ئەو مەبەستەش وێنەگری فۆتۆگرافی شاری هەولێر مەحموود هەولێری وەك یاد و وەفایەك بۆ ئەو ناوبژیوانە كۆچكردووە بە هاوكاری لەگەڵ بنەماڵەكەیدا كوڕاسێكی جوان و شایستەی چاپ كردووە كە هەموو ژیانی تایبەتی خۆی و كاری وەرزشی تێدایە ئەوەش بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەو ناوبژیوانە هەرگیز لەبیر نەچێتەوە، لەمبارەیەوە مەحموود هەولێری دەڵێ دیارە ماوەی ساڵێكە مامۆستا و وەرزشوان و نووسەری وەرزشی محەمەد عەزیز كۆچی دوایی كردووە و بەلاشە لەناومان نەماوە، بەڵام بە رۆح هەمیشە لەگەڵماندا دەژی و هەرگیز لەبیر و هزرمان دەرناچێ، بۆیە منیش وام بە چاك زانی لەگەڵ بنەماڵە بەڕێزەكەی و خاو خێزانی وەك وەفایەكی بچووك كوڕاسێكی بۆ چاپ بكەم كە هەموو ژیانی خۆی تێدایە بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەر چاومان بێت و بتوانین هەموو چركە ساتێك یادی بكەینەوە، چونكە بەڕاستی ئەو كۆچكردووە لە چەندین لاوە خزمەتی پێشكەش كردووە وەك مامۆستا و وەرزشوان و نووسەری وەرزشی و كاری ئیداری وەرزشی و سەرپەرشتیاری پێشبڕكێكانی وەرزشی و گەلێك كار و بەخششی دیكە، بۆیە دەبووایە زۆر لەوە زیاتری بۆ بكرێ و ماندووبوونەكانی بەرچاو بخرێ، جێی وەبیرهێنانەوەیە مامۆستای كۆچكردوو محەمەد عەزیز عەزیز لە ساڵی 1956 لە شاری هەولێر لە دایك بوە و لە ساڵی 1977 ئامادەیی پیشەسازی تەواو كردوە و لە ساڵی 1978 ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و خاوەنی 7 كۆرپەی چاوگەشە بە ناوەكانی كەژاڵ و بێخاڵ و ساماڵ و ژاڵە و هەڤاڵ و سومەییە و یاسر و لە ساڵی 1980 بە مامۆستا دامەزراوە و ماوەی 38 ساڵ خزمەتی بواری پەروەردە و فێركردنی كردووە و لە ساڵی 1983 وەك ڕۆژنامەنووسی وەرزشی قۆڵ و باسكی خۆی لێ هەڵماڵیوە و لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا نووسینی جوان و سەرنجڕاكێشی هەبووە و هەر لە ساڵی 1985 تا ساڵی 2006 وەك ناوبژیوانێكی دادپەروەر و كارامە لە گۆڕەپانی وەرزشیدا بووە، بەڵام بەداخەوە نەخۆشیەكی سەخت بەڕۆكی گرت و لە ڕۆژی 16 ی ئاداری ساڵی 2017 نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆ ئەنجام درا، دواتر باری تەندروستی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەچوو تا لە ڕۆژی 22 ی نیسانی ساڵی 2017 بۆ دوا جار چاوەكانی لێك نا و كۆچی دوایی كرد و تەرمە پیرۆزەكەیشی لەڕێو ڕەسمێكی شایستە بە خۆی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بە خاك سپێردرا، بۆیە لەو یادە پڕ لە سوێیەدا هەزاران دروود و ڕەحمەت بۆ گیانی پاكی دەنێرین

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler