تشرینی دووەم 19, 2019

شۆک لە بارسیلۆناوە، هەڕەشەی وازهێنانی ڤاڵڤێردێ هاتە كایەوە

نە پاڵەوانیەتیی لالیگا و نە بردنەوەی جامی شای، هیچکام نەیانتوانیوە مۆتەكەی ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکان لە هزری دەستەی کارگێڕی بار سێلۆنا پاک بێتەوە.

دوای درەوشانەوەی 5-0 بەسەر سێڤییا و بردنەوەی کوپا دل ری، وا پێدەچێ ئاسمانی بارسێلۆنا بێ پەڵە هەورێکیش بێت، بە تایبەت بە بردنەوەی تاکە خاڵێک لە یارییەکانی لالیگا، دەبێتە پاڵەوان و دەبێتە براوەی دووانە. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا دەبێ هەموو شت باش بێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بەو بڕیارەی ڤاڵڤێردێ بەو زووانە دەیگرێ، هەموو شت بشێوێ.
ڤاڵڤێردێ هاوینی ڕابردوو جێگەی ئێنریکێی گرتەوە و بۆندەکەی تا یۆلیۆی 2019ـەیە و تا ئێستە لە لایەن دەستەی کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا بۆ درێژکردنەوەی بۆندەکەی هیچ پەویوەندییەکی لەگەڵدا نەگیراوە. هەڵبەت دەنگۆی ئەوە هەیە دەستەی کارگێڕی لەگەڵ نانەوەی ڤالڤۆردیدا نین.

هەواڵێك كە ڤاڵڤێردێی تێكدا
بەیانی ڕۆژی یاریی کۆتایی کوپا دل ری بوو کە مۆندۆ دیپۆرتیۆ هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لادانی ڤالڤێردی کرابوو، هەڵبەت ئەگەر بەرانبەر بە سێڤییا بدۆڕی. دەرکەوت کێشەیەکی نهێنی لەنێوان ڤالۆردێ و دەستەی کارگێڕی هەیە.
هەموو شت دوای شکستی 3-0 بەرانبەر بە ڕۆما لە چامپیونزلیگ دەستی پێ کرد و دیواری بێ متمانەیی لە نێوان دوولایەن هەڵکێشرا. بەڕێوەبەرایەتی بارسێلۆنا لەسەر ئەو باوەڕەیە ڤاڵڤێردێ نەیتوانیوە پێکهاتەکەی بە باشی بەرانبەر بە ڕۆما ئامادە بکات، ئەویش لە کاتێکدا 4-1 بردبوویەوە و هەموو کەس بارسێلۆنایان لە چوارگۆشەی زێڕیندا دەبینی. کەچی شکستە چاوەڕواننەکراوەکەیان لە ئۆلۆمپیکۆ فەشەڵی بە پیشبینییەکان هێنا و بلۆگرانا بۆ سێیەم ساڵی بەدوای یەک نەیتوانی بگاتە چوار گۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.

ڤالڤێردی تۆمەتباری دۆڕانە
 لە یانەی بارسێلۆنا، ڤاڵڤێردێ بە تۆمەتباری سەرەکی ئەو کارەساتە دەزانن و لەو ناوەدا بەردەوامبوونی پێپ سگورا و رۆبێرت فێرناندز، دوو ئەندامی باڵای دەستەی کاریگەری بەشی تۆپی پێی بارسێلۆنا لە ئەگەر و مەگەردایە.
ڕەنگە سەرکەوتنی 5-0 بەسەر سێڤییا وڵامێکی توند لەلایەن ڤاڵڤێردێ بەرانبەر بە ڕەخنەگرانی بێت، بەڵام هێشتایش لە ناو دەستەی کارگێڕی یانەکەدا کەسانێک هەن کە ئەو ڕاهێنەرێکی ئایدیال نییە بۆ بارسێلۆنا و ئەوانیش لەبیریان کردووە کە ڤاڵڤێردێ لە چ بارودۆخێکدا بارسیڵۆنای وەرگرت.

نێیماری لەدەستدابوو و لە ڕیاڵ دۆڕابوو
بارسێلۆنایەک کە نێیماری لە دەستدابوو و لە سوپەر کاپی ئیسپانیا بەرانبەر بە ڕیال دووجار دۆڕابوو، تا ئێستەی لالیگا تاکە دۆڕانێکی نەبوو و وا خەریکی بردنەوەی دوانەی گەورەیە (هەشتەمین لە مێژووی یانەکەدا) بەو خاڵەشەوە شکست بەرانبەر بە ڕۆما و ماڵئاواییان لە خولی یانە پاڵەوانەکان سێبەری خستۆتە سەر دوانەکەیان.
دەنگۆی ئەوە هەیە، ئەرنێستۆ ڤاڵڤێردێ دوای پاڵەوانی بارسێلۆنا لە کوپا دل ری لە ناو دۆستانی خۆیدا وتوویەتی، زۆر بە جددی بیر لە جێهێشتنی بارسێلۆنا دەکات و بە هۆی کێشەی لەگەڵ بەشێکی گەورە و گرینگ لە دەستەی بەڕێوەبەری یانە، ئیتر توانای کارکردنی لێ بڕاوە و بەو زووانە بڕیاری خۆی بە گوێی هەموو لایەک هەڵدێنێ.
ڕەنگە جیابوونەوەی ڤاڵڤێردێ پێشوازییەکی باشی لەلایەن یانەوە لێ بکرێ، بەڵام شک لەوەدا نییە هەڵبژاردنی ڕاهێنەی نوێ بە بیرکردنەوەی جیاوازەوە دەبێتە سەرئێشە، بە تایبەت بۆ یاریزانەکان، چونکە لە لایەن یاریزانەکانی پالاپشتییەکی بێ وێنەی لێ دەکرێ. سێ ساڵ لەمەوبەر ڕووداوێکی هاوشێوە ئانچیلۆتی ڕاهێنەری ئەوکاتی ڕیاڵ مەدریدی گرتەوە، لە کاتێکدا هەموو ئەستێڕەکانی ڕیاڵ پاڵپشتیان دەکرد و دواتر ڕیاڵ لەگەڵ بنیتس تووشی گەلێک دۆڕان و ئاستنەزمی بوو.

یەكەم دەستكەوت، بردنەوەی دووانە
وازهێنانی ڕاهێنەری خۆشەویستی یاریزانان، ئەویش دوای بردنەوەی دووانە لە ئیسپانیا، بێ شک دەبێتە سەرچاوەی قەیرانی نوێ لە بارسێلۆنا، قەیرانێک کە زیاتر لە هەمووان لەلایەن ڕیال مەدرید و هاندەرانی پێشوازی لێ دەکرێ. زۆر کەس لەو باوەڕەدان بایەخی کارە گەورەکەی بارسێلۆنا لەو وەرزەدا بە چارەنووسی ڕیال مەدریدەوە لە خولی یانە پاڵەوانەکانەوە بەستراوەتەوە و کە ئەمشەو بەرانبەر بە بایرن میونشن یاری دەکات و هاندەرانی بارسێلۆنا دەستەودوعا ڕاوەستاون بەڵکوو ڕیاڵیش بدۆڕێ، هەرچەند بردنەوە لێی، ئەویش لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا کارێکی ئاسان نییە. ئەگەر ڕیاڵ مەدرید ئەم وەرزەیش ببێتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، دووانەی بارسێلۆنا تامێکی ئەوتۆی نامێنێ، هەڵبەت بە فیتی ڕەخنەگرانی دەبێ و جیابوونەوەی ڤاڵڤێردێش قسەی تێ دەچێ. ئەگینا و ئەگەر ڕیاڵ نەیباتەوە، ئایا بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا بوێری وەرگرتنی نامەی وازهێنانی ڕاهێنەرە خۆشەویستەکەیان دەبێ یان نا؟

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler