تشرینی یەکەم 25, 2020

ئەلابا بۆندەكەی نوێ ناكاتەوە و میونشنیش گووشاری لێ ناكا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

بارتۆمیۆ لە نوێكردنەوەی بۆندی شتیگن دڵنیایی بە هاندەرانی یانەكەی دا

خۆزێ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، دووپاتی كردەوە كە یانەكەی بۆندی لەگەڵ تیر شتیگنی گۆڵپارێزدا نوێ كردووەتەوە و تەنیا ڕاگەیاندنی ماوە.

مێدیا ئیسپانییەكان، بڵاویان كردەوە، كە یانەی بەرشلۆنە لە گفتوگۆكانیدا لەگڵ تیر شتینگدا گەییشتووەتە ڕێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی.

بە پێی زانیاریی مێدیاكان، بۆندی تیر شتیگنی 28 ساڵان كە خۆی تا هاوینی 2022 بوو، تا هاوینی 2025 نوێ كراوەتەوە.

هەر بە پێی گوتەی بارتۆمیۆ و زانیاریی مێدیاكان، هەفتەی دادێ نوێكردنەوەكەی بۆندی نێوانیان واژۆی لەسەر دەكرێ.

هەرچەندە دانوستانەكان ئاسان نەبوون، بەڵام هۆی سەرەكی سەرخستنی، ئەوە بوو كە تیر شتیگن خواستی مانەوەی لە یانەكە زۆر بوو و گووشاری بۆندی هیچ یانەیەكی دیكەشی لەسەر نەبوو، بەڵكوو هەر لە سەرەتاوە خوازیاری مانەوە بووە لە بەرشلۆنە.

شتیگن داوای كردبوو پاداشتێكی زۆری پێ بدرێ، بەڵام پەتای كۆرۆنا رێی لەم خەونەی گرت، بۆیە دەبێ بە بڕێكی كەمتر لەوەی خواستی لێ بوو، ڕازی بووبێ، لەگەڵ ئەوەیشدا لە بۆندی پێشتری زیاترە، شتیگن لەوە تێ دەگا یانەكەی بە هۆی كۆرۆناوە بە دۆخێكی ناهەمواری داراییدا دەگوزەرێ، هەر ئەوەیش وای كرد لە داواكارییەكانی بێتە خوار.

تا ئێستە بە هۆی پێكانەوە، شتیگن بەشداریی هیچ یارییەكی یانەكەی نەكردووە، بڕیارە لە چەند هەفتەی دادێ بگەڕێتەوە و بەشداریی یارییەكانی یانەكەی بكا.

بۆ بیرهێنانەوە، تیر شتیگن لە هاوینی 2014ـدا بە بوڕسیا میونشنگلادباخەوە بە بۆندێكی 12 ملیۆن یۆرۆیی چووە بەرشلۆنە.

 

ئەلابا بۆندەكەی نوێ ناكاتەوە و میونشنیش گووشاری لێ ناكا

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بڕیاری دا هیچ گووشارێك لەسەر یاریزانی نێودەوڵەتی نەمسایی "دەیڤید ئەلابا" بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی دروست نەكا.

ئەلابا نایەوێ لەگەڵ یانە ئەڵمانییەكە بەردەوام بێ و دەیەوێ بچێتە یانەیەكی دیكە و ئەزموونێكی تازە تاقی بكاتەوە.

ئێستە ئەو یاریزانە 28 ساڵانە لە نێو كۆتاساڵی بۆندەكەیەتی لەگەڵ یانە باڤارییەكەدا، دوای بەریەككەوتنی نێوان كارگێڕیی یانەكە و باوكی یاریزانەكە، دۆخەكە ئاڵۆز بوو و یاریزانەكە نزیك بووەتەوە لە جێهێشتنی یانە پاڵەوانەكەی ئەورووپا.

رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، بڵاوی كردووەتەوە كە ئەلابا رەتی كردووەتەوە بۆندەكەی نوێ بكاتەوە، لە كاتێكدا ساڵێك كەمتر لە ماوەی بۆندەكەی ماوە.

بە پێی سەرچاوە ئەڵمانییەكان، ئەلابا خەون بەوەوە دەبینێ بچێتە یەكێك لە یانەكانی بەرشلۆنە یان ریاڵ مەدرید، كە هەردوو یانەیش بایەخ بە تواناكانی دەدەن. یانە ئەڵمانییەكەش هیچ گووشارێكی لەسەر ناكا و ئازادیی رۆییشتنی پێ دەدەن.

 

 

مامەیارە ئەحمد

© 2017 Hawler