تشرینی یەکەم 25, 2020

دی بڕۆینە لە بارەی چوونی میسی بۆ مان سیتی: بۆم گرینگ نییە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

سەرۆكی لا لیگا: رۆییشتنی مێسی لە بەرشلۆنە بیرۆكەیەكی دروست نییە

خافیێر تیباس، سەرۆكی دەستەی خولی ئیسپانیا، بڕیاری رۆییشتنی مێسی لە بەرشلۆنە، بە بڕیارێكی ناتەندروست دادەنێ.

تیباس، بۆ مێدیاكان، وتی: وەك هەمیشە وتوومە، دەمەوێ بەردەوام مێسی لە لالیگا ببینم، ئەگەر لە بەرشلۆنە بمێنێ لە بەختباشییانەوەیە، مانەوەی لە قازانجی بەرشلۆنەیە، لە سوودی بۆ خۆی و بۆ لا لیگاش دەبێ.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە مێسی دەمێنێتەوە و ئێمە مافی چوار ساڵ پەخشی لا لیگامان فرۆشتووە و هیچ كەسێكیش داوای لێ نەكردووین ئەو بۆندە هەڵبووەشێتەوە لە بارێكدا مێسی خولەكە جێ بهێڵێ.

بە پێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، تیابس وتوویەتی مێسی ئامێری دەستخستنی پارە و سامانە.

 

دی بڕۆینە لە بارەی چوونی میسی بۆ مان سیتی: بۆم گرینگ نییە

ئەستێرەی بەلژیكی یانەی مانچستەر سیتی كیڤن دی بڕۆینە، لە بارەی ئەگەری چوونی مێسی بۆ مانچستەر سیتی ئەوەی خستە روو، ئەو كارە بۆ ئەو گرینگ نییە.

دی بڕۆینە، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ئەو لە مانچستەر سیتی ئاسوودەیە و هەست بە حەوانەوە و دڵنیایی دەكا، ئەگەر بەرپرسانی یانەكەیش بیانەوێ گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، ئەو ئامادەیە.

لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە وابەستەبوونی مێسی بە مانچستەر سیتییەوە دەكەن، وتوویەتی بایەخ بەوە نادەم، ئەگەر مێسی بێ، شتێكی باش دەبێ، ئەگەر نەشیەتە مانچستەر سیتی، ئێمە یاریزانی زۆر باشمان هەیە، كە چێژ لە یاریكردن لەگەڵیاندا وەردەگری.

بە درێژایی هاوینی رابردوو، ناوی مێسی وابەستەی بەرشلۆنە كرا، بەڵام دواجار مێسی لەو بڕیارەی پاشەكشەی كرد، ئەگەریش هەیە وەرزی دادێ ئەگەری چوونی مێسی بۆ ئەو یانە ئینگلیزییە سەرهەڵبداتەوە.

 

وەزیری وەرزشی عێراق: چاككردنەوەی یاریگەكانی عێراق خولی نایاب ڕاناگرێ

وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، دڵنیایی ئەوەی دایە یانە بەشداربووەكانی خولی نایابی عێراق، كە یاریگەكان نابنە هۆی ڕاگرتن و دواخستنی وادەی بڕیارلێدراوی دەستێكی خولی نایابی عێراق.

دوێنێ دووشەممە عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە وەزارەكەیان كۆشاوە بۆ ئەوەی هەموو بەربەستەكانی بەردەم خولەكە لا بدات و لە كاتی خۆیدا خولەكە دەست پێ بكا.

ئەوەشی وت، كە چیمەنڕێژكردنی هەندێ یاریگە، ناكرێ دوابخرێ، چونكە ئەو پەیوەندیی بە وەرزەوە هەیە و بە كۆتاهاتنی ئەم مانگە دەكرێ.

ئەوەشی وت، كە ئەو پرۆسەیە واتەی پەككەوتنی یارییەكان نییە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە یاریگەی شوێنگرەوە هەیە و یارییەكانی لەسەر بەڕێوە دەچن تا ئەوكاتەی كارەكان تەواو دەبن و لەوانەیە ئەو پرۆسەیە  هەر مانگێك بخایەنێت.

ئەم گوتە و لێدوانی عەدنان درجال، دوای ئەو دەنگۆیانە هات، كە باسیان لە نائامادەیی یاریگەكان عێراق و دواخستنی خولەكە بۆ ماوەیەكی كاتی دەكرد.

 

مامەیارە ئەحمد

© 2017 Hawler