ئەیلول 18, 2020

بە دوای كێشە و گرفته كانی یاریی تێنسی سەرزەوی له كوردستاندا دەگەڕێ

تێنسی سەرزەوی له‌ كوردستان قۆناغ بە قۆناغ فرەوانتر ده‌بێت، شاره‌كانی كوردستان یاریزانی دەركەوتوو و ئاستباشیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا شاره‌زایان پێیانوایه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ جیهانییه‌ی كه‌ یاریزانان خه‌ونی پێوه ‌ده‌بینن، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م یاریزانه‌كان و نه‌بوونی پێدوایستی مادی و مه‌عنه‌وی، رێگرن له‌به‌رده‌م به‌ جیهانیبوونی یاریزانانی تێنس له‌ كوردستان، تێنس له‌ جیهاندا له‌ رووی كۆكردنه‌وه‌ی هانده‌ران له‌ دوای تۆپی پێیه‌وه‌ دێت،  جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌ خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌، پرسیاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن بتوانین تێنسی كوردستان بگه‌ینینه‌ ئاستی جیهانی، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی تێنس له‌ هه‌ولێر و كوردستان ده‌كۆلێته‌وه‌.

 

تێنس له‌ كوردستان بێ پاڵپشتییه‌

كه‌مال عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی لقی هەولێری یەكیەتیی تێنسی سەرزەویی كوردستان، له‌سه‌ر ئەو یارییە و قۆناغەكانی و كێشە و گرفتەكان، بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: یاریی تێنسی سەرزەوی له‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق قۆناغی باشی بریوه‌، به‌ڵام هێشتان له‌ ئاست خواستی ئێمه‌ دا نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت یاریزانی كورد بگاته‌ ئاستی پاڵه‌وانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام نه‌بوونی پاڵپشتی مادی مه‌عنه‌وی بۆ یاریزانه‌كان، هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حه‌زه‌ی ئێمه‌ نه‌یه‌ته‌دی، چونكه‌ ئێمه‌ بۆچوونمان وایه‌ ئێمه‌ی كورد به‌ یاری تۆپی پێ ناتوانین كێبركێی جیهانی بكه‌ین، به‌ڵام به‌ یاری تاك وه‌ك تێنس ئاسانتره‌ بگه‌یه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان و ئۆلمپیك و ملوانكه‌ ببه‌یته‌وه‌.

وتیشی: له‌ ماوه‌ی داهاتوو دوو پاڵه‌وانێتی له‌سه‌ر ئاستی كوڕان و كچان بۆ یاری تێنس له‌ شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ بانگهێشتی زۆربه‌ی یاریزانه‌كان ده‌كه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش به‌ نیازین به‌رۆكی حكومه‌ت بگرین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو پاڵپشتیمان بكات و ئه‌و پێداویستیانه‌ی هه‌مانه‌ بۆمانی دابین بكه‌ن.

 

یاریگه‌ی شیاو له‌ كوردستان به‌ تێنس نییه‌

ئه‌حمه‌د عه‌بدولستار رێكخه‌ری پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌ كوردستان و شاری هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م تێنس له‌ كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ له‌ كوردستان یاریگه‌ی تایبه‌ت و شیاومان نییه‌، ئه‌و جۆره‌ یاریگه‌یه‌ی ئێسته‌ له‌ هه‌ولێر كوردستان هه‌یه‌، له‌ هیچ شوێنێكی دونیا نه‌ماوه‌، هه‌مووی بووه‌ته‌ یاریگه‌ی تارتان و چیمه‌ن یاخود خۆڵ، به‌ڵام له‌ كوردستان هیچ یاریگه‌یه‌كی ستاندارمان نییه‌، بۆیه‌ یاریزان كاتێك بۆ پاڵه‌وانێتییه‌ك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بێت و بێ ئه‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

وتیشی: یاریزانانی ده‌ره‌وه‌ كاتێك ده‌چنه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كی ده‌ره‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌ك گه‌شت بۆ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئاماده‌كاری تاییبه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌ كوردستان رۆژی پێش یارییه‌كه‌ ده‌گه‌نه‌ وڵاته‌كه‌ و هه‌ندێجاریش شه‌وی پێش یارییه‌كه‌، كه‌ نه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وای یارییه‌كه‌ راهاتووه‌ نه‌ له‌ زه‌وی یاریگه‌كه‌، هیوادارم یاریگه‌ی شیاو دروستبكرێت.

 

پاڵه‌وانێتیه‌كانی ئێره‌ لۆكاڵین

لاڤه‌ رۆسته‌م، كچه‌ تێنسزانی كوردستان، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ لێهاتووه‌كانه‌، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند و گوتی: من ده‌مه‌وێ به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ك بكه‌م خاڵی له‌سه‌ر بێ، چونكه‌ زۆربه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئێره‌ خاڵی له‌سه‌ر نییه‌ و هه‌وڵ و ئه‌نجام و ماندووبوونی ئێمه‌ به‌فیڕۆ ده‌ڕوات، جگه‌ له‌وه‌ش زۆربه‌ی جار له‌و یاریگه‌یانه‌ تووشی پێكان ده‌بیت، چونكه‌ كێشه‌ی زۆری تێدایه‌.

گوتیشی: خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان وه‌ك كچه‌ تێنسزانێكی كورد له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كانی جیهان به‌شداری بكه‌م، سوپاسی دایك و باوكیشم ده‌كه‌م، كه‌ به‌رده‌وام پاڵپشتیم ده‌كه‌ن و هه‌وڵم له‌گه‌ڵ ده‌ده‌ن تا به‌خه‌ونه‌كانم بگه‌م.

 

هه‌ندێ كه‌لوپه‌لی یارییه‌كه‌ هه‌یه‌ زۆر گرانن

محه‌مه‌د ئه‌بوزێد، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، گرفتی خۆی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر خسته‌ڕوو وتی: هیچ پاڵپشتییه‌كی مادی ناكرێین، كه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌ بۆ ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ رێكتێكی باش بكڕیت نرخی له‌ سێ سه‌د دۆڵاری ئه‌مریكیه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ی قوتابی زۆره‌ و به‌ ئاسانی ناكڕێت، جیا له‌وه‌ش له‌ كوردستان نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زۆر گرانتره‌، ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ بیكڕیت، یا هه‌ر پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی مه‌شقكردن له‌ یاری تێنس نرخی گرانه‌ و ماوه‌ی كارپێ كردنیشی كورته‌، هیوادارم پاڵپشتیمان بكرێت، چیدیكه‌ ئه‌و باره‌ قووڕسه‌ نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی دایك و باوكمان، كه‌ له‌ قووتی خۆین ده‌گرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ئێمه‌ دابین بكه‌ن.‌

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler