ئەیلول 18, 2020

كۆمان؛ گەرەكیەتی محەممەد سەڵاح بباتە بەرشلۆنە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

كۆمان؛ گەرەكیەتی محەممەد سەڵاح بباتە بەرشلۆنە

سیاك سفارت، ئەستێرەی پێشووی یانەی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی و هاوڕێی رۆناڵد كۆمانی تازەڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، دووپاتی كردەوە، كە راهێنەرە هۆڵەندییەكەی بەرشە، ئارەزووی لە دەستخستنی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە.

سیاك، ئاشكرای كرد، كە كۆمان نیازی وایە سەڵاح بباتە ریزەكانیانەوە، بەو پێیەی كۆمان، سەڵاحی لە سادیۆ مانیی سەنیگالی پێ باشترە.

سیاك وتوویەتی: من دەزانم كە كۆمان، سەڵاحی دەوێ و دەیشزانم كە سەڵاح دەیەوێ لە لیڤەرپوول بڕوات، بەڵام ناكرێ سەرچاوەی زانیارییەكە ئاشكرا بكرێت.

سەڵاح بە تاكە یاریزانی داوكراو و خواستلەسەر لە یانەی بەرشلۆنە دانانرێت، بەڵكوو راهێنەرەكە نوێیەكە دەیەوێ چەند یاریزانێكی دیكەیش بباتە ریزەكانیانەوە، لەوانە جۆرجینۆ فینالدۆمی یاریزانی هەمان یانەی سەڵاح. جگە لەوە، یاریزانی مێمفیس دیبای، یاریزانی یانەی لیۆنی فەرەنسیش یەكێكە لەو یاریزانانەی كە جێبایەخی كۆمانی راهێنەری پێشتری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە.

محەممەد سەڵاح، ئێوارەی شەممە، بەشداریی یەكەم یاریی بۆ یانەكەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی ئینگلیزی ئەنجام دا و توانیی هاتریك لە تۆڕی یانەی لیدز یونایتد تۆمار بكات.

بۆ بیرهێنانەوە، محەممەد سەڵاح بەم دواییانە ناوی وابەستەی هەریەك لە یانەكانی بەرشلۆنە، یان ریاڵ مەدرید كراوە، ئەوەیش بە هۆی ئەو ئاستەیەتی كە لەگەڵ یانەكەیدا پێشكەشی كردووە.

یانەی بەرشلۆنە، دوای وەرزێكی خراپ و بێئەنجام، دەیەوێ تیپێكی باشتر لە وەرزی رابردوو دروست بكا و بگەڕێتەوە سەر سەكۆی پاڵەوانیەتییەكان، بە تایبەت دوای ئەوەی لیۆنێل مێسییش بڕیاری دا لە ریزەكانی یانەكەیدا بمێنێتەوە و بەڵێنی ئەوەی دا كە هەرچی لە توانایدا بێ بیخاتە خزمەت یانەكەیەوە بۆ پێشكەشكردنی ئاستێكی باش و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایان بە ناوی بەرشلۆنە.

 

ئمباپێ داوای رۆییشتنی كرد و بەرپرسانی یانەكەی تووشی شۆك كرد

ئەستێرەی فەرەنسی كیلیان ئمباپێ، بەرپرسانی یانەكەی تووشی شۆك كرد، كاتێك بە فەرمی داوای جێهێشتنی ریزەكانی یانەی پاریس سان جێرمانی كرد.

ڕاپۆرتی مێدیا ئینگلیزییەكان، دوێنێ یەكشەممە ئەوەیان دووپات كردەوە، كە كیلیان ئمباپێی ئەستێرەی یانەی پی ئێس جی، داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە، كە ریزەكانی یانەكەی جێ دەهێڵێت.

رۆژنامەی تایمزی بریتانی، بڵاوی كردەوە، كە ئمباپێ، بەرپرسانی یانەكەی تووشی شۆك كردووە، كاتێك پێی وتوون كە دەیەوێ لە هاوینی دادێ ریزەكانی پاریس جێ بهێڵێت.

ئمباپێ، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی یانەكە، وتوویەتی كە دەیەوێ وەرزێكی تر لە یانەكە بەردەوام بێت، تا یانەكە ڕێ بدا لە بۆندی فرۆشتنەكەی پارەی دەست بكەوێ.

رۆژنامە بریتانییەكە، سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، كە ئمباپێ، پلان دادەنێ كە بچێتە خولی ئینگتەرا، یان ئیسپانیا.

هەروەها مێدیاكە، ئەوەی خستووەتە روو، كە ئمباپێ، پێی خۆشە لە یانەی مانچستەر یونایتد یاری بكات، پێشتریش ئەوەی دەربڕیوە كە سەرسامە بە ئاستی لیڤەرپوول و راهێنەرەكەی یۆرگن كلۆپ.

تایمز، ئەوەیشی وتووە، كە ریاڵ مەدرید پارە كۆ دەكاتەوە تا هاوینی دادێ و لە ماوەی گواستنەوەدا، بتوانێ ئمباپێ بباتە ریزەكانییەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بۆندی ئمباپێ لەگەڵ پاریس سان جێرمان تا هاوینی 2022ـە.

 

ئۆساكای ژاپۆنی بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتیی كراوەی ئەمەریكا

نعۆمی ئۆساكا، خانمە تێنسزانی ژاپۆنی، دوای سەركەوتنی بەسەر ڤیكتۆریا ئازارینكای بیلارووسی، بووە پاڵەوانیەتی پاڵەوانیەتیی كراوەی ئەمەریكا بۆ تێنسی سەرزەوی.

دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا، بە ئەنجامی دوو كۆمەڵە بەرانبەر كۆمەڵەیەك (1-6، 6-3 و 6-3) لە ئازارینكای بردەوە، ئۆساكا بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەكە.

ئەو یاریزانە 22 ساڵانە، ئەمە دووەم جارە ئەو پاڵەوانیەتییە دەباتەوە و سێیەم جارە لە چوار پاڵەوانیەتییە گەورەكەی تێنس دەبێتە پاڵەوان، بە ئەستێرەیەكی ئاستهەڵكشاوی تێنس دادەنرێ.

ناوبراو لە ساڵی 2018ـدا، دوای بردنەوەی لە سیرینا ولیامز، بۆ یەكەمجار ئەم پاڵەوانیەتییەی بردبووەوە، لە كاتێكدا پەیژەی یاریگە پڕ لە هاندەر و جۆشوخرۆش بوو، بەڵام ئەمجارە لە یاریگەیەكی چۆڵدا ئەو ناسناوەی بردەوە، ئەوەیش بە هۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆڤید نۆزە، بەرناس بە كۆرۆنا. ناوبراو لە ساڵی 2019ـیش توانیبووی پاڵەوانیەتیی كراوەی ئوسترالیا بۆ تێنسی سەرزەوی بباتەوە.

بۆ ئازارینكا، ئەمە سێیەمجارە لە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتیی كراوەی ئەمەریكادا دەدۆڕێت، كە پێشتر لە ساڵانی 2012 و 2013ـیش بە هەمان شێوەی 2020 شكستی خواردووە، هەرچەندەیش تەمەنی 31 ساڵانە، بەڵام دوای 7 ساڵ نەگەییشتن بە یاریی كۆتایی، ئەمجارە بە شێوەیەكی چاوەڕێنەكراو گەییشتە یاریی كۆتایی.

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler