تشرینی یەکەم 25, 2020

كێشەی نێوان بەیڵ لەگەڵ زیـــــدان دووبارە دەبێتەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

هۆی ڕاگەیاندنی ڕۆییشتنی خامیس ڕۆدڕێگز لە ریاڵ ئاشكرا بوو

راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، هۆكاری دواكەوتنی ڕاگەیاندنی فەرمی رۆییشتنی یاریزانی كۆڵۆمبیی یانەی ریاڵ مەدرید خامیس ڕۆدڕێگز لە یانەی شایانەوە بۆ ئێڤەرتۆنی ئینگلیزییان ئاشكرا كرد.

ئەو یاریزانە كۆڵۆمبییە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر نانی ئێوارەی لەگەڵ كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ئێڤەرتۆن خوارد، كە پێشتریش راهێنەری خۆی بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا، تا ئێستە هیچ كام لە یانەكانی ریاڵ مەدرید یان ئێڤەرتۆن بە فەرمی ئەو بۆند و گواستنەوەیەیان ڕانەگەیاندووە.

رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە، كە دوو هۆكار لە پشت ئەو ڕانەگەیاندنە فەرمییەوەن، یەكەمیان ئەوەیە كە هێشتا هەندێ وردەكاریی دیكە هەن، كە دەبێ بە دانوستان لە نێوان هەردوو یانەدا یەكلا بكرێنەوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە، كە یانەی ئێڤەرتۆن دەیەوێ پێشكەشكردنێكی تایبەتی بۆ بكا و بۆ ئەو مەبەستە خۆی ئامادە كردووە.

مێدیاكە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە هەردوولا دەزانن كە ئەو یاریزانە ئێوارەخوانێكی لەگەڵ كارلۆ ئەنچیلۆتی خواردووە و بە دڵنیاییەوە زۆر بابەتیان لە بارەی گواستنەوەیەوە بۆ ئێڤەرتۆن خستووەتە بەر باس، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ لە چەند رۆژی دادێ، بە فەرمی ئەو بۆندە ڕابگەیەندرێ.

كێشەی نێوان بەیڵ لەگەڵ زیدان دووبارە

دەبێتەوە

ڕاپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، ئەوەیان دووپات كردەوە، كە یانەی ریاڵ مەدرید تووشی كێشەیەك بووە، ئەویش دەستبەرداربوونی گاریس بەیڵە، كە بە یاریزانێكی زیاد لە پێكهاتە و پلانی زیدانی راهێنەری یانەكە دادەنرێت.

ریاڵ مەدرید خوازیاری دەستبەردابوونە لەو یاریزانانەی زیادە و ناپێویستن، دەیشیەوێ ئەو كارە پێش چوونە نێو كێبەركێی دەستخستنی هەر یاریزانێكی دیكە ئەنجام بدات، بە تایبەت كە لە كاتێكدایە یانەكەیان لە كێشەی ئابووریدایە، كە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كێشەیەكی گشتییە.

كێشەی زیدان و ریاڵ مەدرید، ئەوەیە كە دەیانەوێ دەستبەرداری گاریس بەیڵ بن، بەڵام بەیڵ نایەوێ بەم زووانە بڕوات و سوورە لەسەر مانەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە ماریانۆ دیازیش نایەوێ لە ئێستەدا یانەی ریاڵ مەدرید جێ بهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی كە زیدان لە وەرزی تازەدا پشتی پێ نابەستێت. ئەمە لە كاتێكدایە، هەواڵی ئەوە هەبوو، كە ریاڵ مەدرید لەگەڵ یانەی بەنفیكا گەییشتووەتە ڕێككەوتن بۆ بەخواستندانی ماریانۆ، بێ ئەوەی یاریزانەكە ئاگەدار بێ، كە بە تەواوی ئەو ڕێككەوتنەی پاشگوێ خست، ئەوەیش وای كرد، كە یانە پورتوگالییەكە بە ڕێككەوتنەكەدا بچێتەوە.

ماریانۆ بۆندی لەگەڵ ریاڵ مەدرید تا ساڵی 2023ـیە، كە مووچەی ساڵانەی 4.5 ملیۆن یۆرۆیە، كە بڕەپارەیەكی كەم و سادە نییە.

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler