تشرینی یەکەم 29, 2020

كاریگه رییه خراپه كانی بڕیارەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به سه ر یاریزانانه وه

تۆپی پێی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه‌، كە به ‌هۆی چه‌ند بڕیارێكه‌وه‌ خه‌ریكه‌ نێو ماڵی وه‌رزشی كوردستان درزی تێ دەكەوێ‌، دوور نییە ئه‌وه‌ی پازده‌ ساڵه‌ كاری بۆ ده‌كرێت تا به‌شێوه‌یه‌كی باش رێكی بخه‌نه‌وه  لە دەست بچێت، بە شێوەیەكی گشتی یاریزانانی تۆپی پێی كوردستان، وای دەبینن كە  بڕیارەكان بە زیانی ئەوانە، ئێسته‌ ئه‌وان له‌ دۆخێكی خراپدان، چارەنووسی خۆیان لێ دیار نییه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، شه‌مه‌نده‌فه‌ری تۆپی پێی كوردستان له‌ تونێلێكی تاریكدایه‌، نازانن كه‌ی و چۆن لێی ده‌ربازده‌بێت، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌م راپۆرته‌دا كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

 

ئه‌مه‌ دوا بڕیاری هه‌ڵه‌ نابێت

د. ئالان قادر یابه‌، ئه‌مینداری لێژنه‌ی ئۆلیمپیی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م پرسه‌ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند و گوتی: ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ڵانه‌ی ئه‌م دواییه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ و دواینجاریش نابێ، چونكه‌ ئه‌م یه‌كێتییه‌ وه‌رزشیانه‌ پێناسه‌یه‌كیان بۆ كار كردن هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن، له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ یاسایه‌كه‌ی خۆیان كار بكه‌ن، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نووسراوێكیان بۆ نه‌كه‌ین تا پاره‌یان بۆ خه‌رج بكرێت، ئه‌و كات ده‌چن به‌رێگایه‌كی دیكه‌ له‌ رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزشه‌وه‌ نووسرا و ده‌كه‌ن و بۆ وه‌زاره‌تی دارای به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی كاری لێژنه‌ی ئۆلمپییه‌، كه‌ بۆی دیاریكراوه‌، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ش كۆكراوه‌ی بڕیاره‌ نادرووسته‌كانی پێشوون و وه‌ ئیتریشی به‌دوادا دێت.

 

وه‌زیر بڕیاره‌كه‌ی خۆی راست كرده‌وه‌

ئه‌مینداری لێژنه‌ی ئۆلیمپی له‌سه‌ر نووسراوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی  وه‌زیری رۆشه‌نبیری و لاوان وتی: ئه‌مه‌ كاری ئه‌و نییه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی كارێكی یه‌كێتییه‌كی وه‌رزشی بدات، چونكه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ وه‌رزشییه‌ سه‌ر به‌ لێژنه‌ی ئۆلیمپیی هه‌رێمی كوردستانه، كه‌ لێژنه‌كه‌ش رێكخراوه‌یه‌كی نیمچه‌ سه‌به‌رخۆیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌و وه‌زراه‌ته‌وه‌ نییه‌، وه‌زیر بڕیاره‌كانی خۆی راستكرده‌وه‌، له‌ نووسراوی دووه‌‌م هه‌ڵه‌كانی پێشووی خۆی چاكرده‌وه‌.

 

داوا ده‌كه‌ین یاریزان له‌م دۆخه‌ خراپه‌ ده‌ربازبكه‌ن

هه‌ڵمه‌ت عادل، یاریزانی یانه‌ی شێروانه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ی تۆپی پێی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ یاریزان له‌ دۆخێكی خراپ دایه‌، له‌ ڕووی دارایه‌وه‌ مافێكی زۆری خووراوه‌، كه‌س باس له‌و مافه‌ زه‌وتكراوانه‌ی یاریزانان ناكات، هه‌مووی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیار ده‌ده‌ن، ماوه‌ی هه‌شت مانگه‌ یاریزان دینارێكی له یانه‌كه‌وه‌ نه‌هاتووته‌ گیرفان، كه‌ بژێوی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌م موچه‌ و گرێبه‌سته‌یه‌، لێره‌وه‌ داوا ده‌كه‌م، به‌ زووترین كات بڕارێك بده‌ن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یاریزانانی ماف خووراو بێت.

 

توانای جه‌سته‌ی یاریزان زۆر لاواز ده‌بێت

ئیدریس كاكه‌، كاپتنی یانه‌ی سۆران، بۆ ئه‌م پرسه‌ ئاماژه‌ی به‌ كاریگه‌ییه‌ خراپه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ی تۆپی پێی كوردستان كرد، كه‌ وه‌ستانی خولی نایابی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر جه‌سته‌ی یاریزانانه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌شقیش بكات به‌ ته‌نها وه‌ك ئه‌وه‌ سوودی نییه‌ به‌ كۆمه‌ڵ و له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی مه‌شق بكات و سوودی هه‌بێت، بۆیه‌ یاریزان به‌ دانیشتنی له‌و ماوه‌ زۆره‌، ناتوانێ وه‌رزی نوێ به‌ ئاسانی توانای جه‌سته‌ی وه‌رزی رابردووی درووست بكاته‌وه‌، پێموایه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌یه‌كی كورت چاره‌نووسی خولی نایابی كوردستان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی یارییه‌كان دیاریی بكرێت، له‌ ڕووی دارایشه‌وه‌ دۆخی ئێمه‌ له‌ هه‌موو یانه‌كان خراپتره‌، موچه‌یه‌كی زۆرمان فه‌وتاوه‌ و هیچ هیوایه‌ك نییه‌ وه‌ریبگرینه‌وه‌، ئێسته‌ش چاوه‌ڕێی وه‌رزی نوێ ده‌كه‌ین تا گرێبه‌ستی تازه‌ و نوێ ئه‌نجام بده‌ین.

 

هه‌رێم ته‌حسین: له‌ ساڵێك ته‌نیا پێنج مانگ مووچه‌ وه‌رده‌گرین

هه‌رێم ته‌حسینی یاریزانی یانه‌ی برایه‌تی، بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر باسی ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ی كردوو وتی: له‌ راستیدا ئێمه‌ بۆ ساڵێك گرێبه‌ست ده‌كه‌ین، كه‌چی ته‌نها موچه‌ی پێنج مانگ وه‌رده‌گرین، خۆزگه‌ وه‌ستانی خولی نایابی كوردستان ته‌نها كۆرۆنا بووایه‌ نه‌ك ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێسته‌ له‌ دژی یه‌كتر ده‌یكه‌ن، هیوادارم به‌ چه‌ند بڕیارێك په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش له‌ مێژووی كاركردنی خۆیان نه‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ لایه‌كی تریش یاریزان به‌و هه‌موو دۆخه‌ ئێسته‌ بیر له‌هه‌موو كارێك ده‌كاته‌وه‌ ته‌نها وه‌رزش نه‌بێت، پێویسته‌ یانه‌كانیش سوپاسی یاریزانه‌كان بكه‌ن، سه‌رباری ئه‌م دۆخه‌ش ئاماده‌ن جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خزمه‌تی درێسی یانه‌كه‌ بكه‌ن.

 

كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر ده‌روونی یاریزانه‌وه‌ هه‌یه‌

هاوكار له‌تیف، كاپتنی یانه‌ی نه‌ورۆز، سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌ و گرفتانه‌ی ڕووده‌ده‌ن له‌ گۆڕه‌پانی وه‌رزشی كوردستان وتی: یاریزان له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیارانه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه و له‌ رووی دارای وده‌روونییه‌وه‌ له‌ دۆخێكی خراپدان، هه‌مووی به‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌دا ده‌گه‌ڕێن، كه‌ی و چۆن یارییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ یاریزان هه‌یه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانی ئه‌و موچه‌یه‌ له‌ یانه‌كه ‌وه‌ریده‌گرێت، ئه‌مه‌ش نزیكه‌ی هه‌شت مانگه‌ موچه‌كه‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌گه‌ر یانه‌یه‌كیش یه‌ك دوو موچه‌ی زیاتر دابێت، چیتر نادات، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری وه‌ستانی خول و چالاكییه‌كان ئه‌وه‌یش ئاماده‌ نییه‌ چیتر موچه‌ بدات، ئێمه‌ وه‌ك یاریزانان داوا ده‌كه‌ین ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ تێپه‌ڕبكه‌ن و چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌، چونكه‌ یاریزان ته‌نانه‌ت له‌ رووی جه‌سته‌یه‌شه‌وه‌ وێران بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی یاریزانان به‌ ته‌نها مه‌شق ناكه‌ن و هه‌وڵناده‌ن، تا پارێزگاری له‌ تواناكانیان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ راهێنانی به‌ كۆمه‌ڵ ده‌ستت ده‌كه‌وێت هه‌رگیز له‌ مه‌شقی تاكه‌ كه‌سی ده‌ستت ناكه‌وێت.

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler