ئەیلول 18, 2020

به‌رگریكاره‌ پۆڵایينه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یانەی هه‌ولێر نه‌گه‌یشته‌ رێكکه‌وتن

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

نیاز محه‌مه‌د، به‌رگریكاری یانه‌ی هه‌ولێر دوای ئه‌نجامدانی گفتوگۆ و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر نه‌گه‌شتنه‌ رێكه‌وتن، بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراقی بكات

نیاز محه‌مه‌د له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌مه‌ له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كان له‌ یانه‌ی هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌ رێكنه‌كه‌وتن، بڕایاریداوه‌ یانه‌كه‌ جێبێهێڵێت، نیاز هۆكاری رێكنه‌كه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاسه‌وانانی قه‌ڵای زه‌رد بۆ كه‌می ئه‌و موچه‌یه‌ی مانگانه‌ گێڕایه‌وه‌، كه‌ یانه‌كه‌ بۆی دیاریكردبوو.
نیاز رازی دڵی خۆی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر دركاند و گوتی: به‌ شێوه‌ی زاره‌كی گفتوگۆم له‌گه‌ڵ چه‌ند یانه‌یه‌یه‌ك كردووه‌، كه‌ گرێبه‌ستی باشتر و زیاتر ده‌ده‌ن تا وه‌رزی داهاتوو له‌ ریزه‌كانیان یاریی بكه‌م، له‌ وانه‌ یانه‌كانی زه‌وڕا، زاخۆ، نه‌فتی وه‌سه‌ت، قوه‌ی جه‌ویه‌ و مینا، به‌ڵام من لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئۆفه‌ره‌كان ده‌كه‌م كامیان بۆمن باشتر بێت و له‌ پێگه‌ و ئاستی مندا بێت روو له‌و یانه‌یه‌ ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ی كۆتایی له‌گه‌ڵ هه‌ولێریش گفتوگۆكانمان نه‌گه‌شتووه‌ته‌ بنبه‌ست.
نیاز محه‌مه‌د پێشووتر له‌ وه‌رزێك له‌ ریزی یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت یاریكردووه‌، ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كردووه‌، چه‌ندین جاریش بۆ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌ره‌تای ئۆلمپیكی عێراقی و هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می تیپه‌كه‌ بانگهێشتراوه‌، به‌ڵام دواتر بۆ پێكهاته‌ی كۆتایی دوورخراوه‌ته‌وه‌، ره‌نگه‌ یاریكردنی له‌ یانه‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌غداد پاڵنه‌رێكی باشبێت بۆ نیاز تا له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌ربگیرێت.

چه‌ندان یاریزانی دیكه‌ش له‌ یانه‌ی هه‌ولێر جیاده‌بنه‌وه‌
جگه‌ له‌ نیاز چه‌ند یاریزانێی دیكه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر نزیكن له‌وه‌ی یانه‌كه‌ جێبهێڵن و ماڵئاوایی له‌ یانه‌ی دایك بكه‌ن، ئه‌وه‌یش به‌هۆی ئه‌و مووچه‌ كه‌مه‌ی یانه‌كه‌ پێشنیاری ده‌كات بۆ یاریزانه‌كان، ته‌نانه‌ت دانا عوسمانی هێرشبه‌ریش هه‌فته‌ی پێشوو به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی  له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ده‌ستبه‌رداربوونی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌فتی ناوه‌ڕاست بكات، پێشبینی ده‌كرێت چه‌ند یاریزانی دیكه‌ش له‌ یانه‌ی هه‌ولێر جیاببنه‌وه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی به‌شێك له‌ یاریزانه‌كانی راگه‌یاند
یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند گرێبه‌ستێك ئاماده‌كارییه‌كنی ده‌ستپێكردووه‌، له‌وانه‌ ئیبراهیم ئه‌زوه‌ر، عه‌لی سه‌رحان، عومه‌ر جه‌نگی، ئه‌میر ئیسماعیل، میران خه‌سرۆ، عومه‌ر ئیبراهیم، محه‌مه‌د هاوار، دیدار غازی، دلێر حاته‌م، ئێسته‌ش له‌ گفتوگۆدان له‌گه‌ڵ پۆلێكیتر له‌ یاریزانه‌كانی پێكهاته‌ی وه‌رزی رابردوو تا گرێبه‌سته‌كانیان نوێ بكه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌ شوان مامۆ، بارزان شێرزاد، ئیڤان خالید، كه‌ گرنگترین یاریزانه‌كانی پێشووی هه‌ولێرن.
ده‌سته‌ی كاتی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراقی بریاریداوه‌ رۆژی 29ـی مانگی داهاتوو تیروپشكی خوله‌كه‌ ئه‌نجام بدات، له‌ رۆژی 20 ئه‌یلولی داهاتووش یه‌كه‌م گه‌ڕی خولی نایابی عێراقی بۆ وه‌رزی 2020-2021 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام تا ئێسته‌ چاره‌نووسی خولی رابردوو دیارینه‌كراوه‌، كه‌ كێ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان، هه‌رچه‌ند بڕیاربوو خولێكی بچوك بۆ چوار تیپه‌كه‌ی ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت تا یانه‌كان به‌شدار له‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا و یه‌كێتی ئاسیا و پاڵه‌وانێتی عه‌ره‌بی بكرێت، به‌ڵام كاتی به‌ڕێوه‌چوونی دیاری نه‌كراوه‌.
یانه‌ی هه‌ولێر به‌ رابه‌رایه‌تی رادان كاسانین بڕیاریداوه‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاب ده‌ست به‌ئاماده‌كارییه‌كان بكات، به‌ڵام ئه‌م راهێنه‌ر كه‌ به‌ بڕی 7000 هه‌زار دۆڵاری مانگانه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كراوه‌، كێشه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر دروستبووه‌، سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌حه‌مد موناجد شوێنگره‌وه‌ی رادان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بۆ نده‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.
هه‌ولێر، له‌ مێژووی به‌شداریكردنی له‌ خولی نایابی عێراقی چوار جار ناسناوه‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌، دوو جاریش له‌سه‌ر ئاستی جامی یه‌كێتی ئاسیا پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌.

© 2017 Hawler