ئەم پەڕەیە چاپ بکە

فێرگەی وەرزین، بە دەست چەندان كێشەوە دەناڵێنن، بەڵام واز لە خەونەكانیان ناهێنن

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

فێرگه‌ی وه‌رزین یه‌كێه‌ له‌ فێرگه‌كانی كوردستان، رۆژانه‌ فێرخوازێكی زۆر مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، به‌دوای ئه‌وەدا‌ وێڵن رێگای گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌كانیان بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بوونی كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌ به‌رده‌میاندا، كاره‌كه‌یان ئه‌سته‌م بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش یاریزانه‌كان به‌رده‌وامن له‌ راهێنان و هیوا بۆ داهاتوو ده‌خوازن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌م راپۆرته‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی فێرگه‌ی وه‌رزینی خسته‌ڕوو

مێژووی دامه‌زراندنی فێرگه‌كه‌ كه‌ی بوو؟
نه‌به‌ز بێستوونی راهێنه‌ری فێرگه‌كه‌، كه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سی ئاسایاویه‌ مێژووی دروستبوونی فێرگه‌كه‌ی خسته‌ڕوو وتی: له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2012 ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ كۆردنه‌وه‌ی یاریزانی لاو به‌هره‌مه‌ند كرد و ئه‌م فێرگه‌ خنجیلانه‌مان درووستكرد و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه‌.
وتیشی: له‌ ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ندین یاریزانمان پێگه‌یاندووه‌، كه‌ ئێسته‌ له‌ ریزی یانه‌كانی كوردستان یاریی ده‌كه‌ن.، كه‌ جێگای شانازی ئێمه‌ن له‌وانه‌ مه‌تین جه‌مال و هه‌ریاد هێمن له‌ یانه‌ی هه‌ندرین.

نه‌بوونی یاریگە كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه‌
نه‌به‌زی راهێنه‌ر له‌سه‌ر پرسی گرفتی فێرگه‌كه‌ی كه‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ یاریگای تایبه‌ت به‌ خۆیان نییه‌، بۆیه‌ رۆژانه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر یاریگاكه‌ی پاركی سامی عه‌بدولره‌حمان، له‌وێش هه‌موو رۆژ به‌ كێشه‌ و گرفتی زۆر و هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی رێگه‌مان پێ ده‌ده‌ن تا مه‌شق و راهێنان بكه‌ین، شوێنێكی گونجاو نییه‌، به‌ڵام به‌ ناچاری په‌نا بۆ ئه‌وێ ده‌به‌ین، هیوادارم رۆژێكبێت ئه‌م كێشه‌یه‌مان نه‌مێنێت.
ده‌شڵێت: بۆ په‌یداكردنی جل و به‌رگ و تۆپ و پێداویستی رۆژانه‌ پشت به‌خۆیان ده‌به‌ستن، به‌ڵام زۆر به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانین سه‌رجه‌م پێدوایستییه‌كانی تیپه‌كه‌ دابین بكه‌یه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌ی یاریزانه‌كان‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كانی وه‌ك (نه‌ورۆز و نیشتیمان و كوردستان ) ‌ له‌‌ فێرگه‌كه‌ یاریی ده‌كه‌ن، گرفتی هاتوچۆشمان زۆره‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێ له‌یاریزانه‌كان ته‌مه‌نیان بچوكه‌ و ناتوانن خۆیان به‌ ئاسانی بگه‌نه‌ كاتی راهێنانه‌كان.

ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانمان دیاریی كردووه‌
سه‌باره‌ت به‌ ته‌مه‌نی یاریزانه‌كان نه‌به‌ز گوتی: پێویسته‌ هه‌ر یاریزانێ یا هه‌ر فێرخوازێك ته‌مه‌نی له‌ نێوان ساڵانی 2005 تاوه‌كو 2009 بێت، دواترئێمه‌ تیپه‌كه‌ به‌سه‌ر دوو چین دابه‌شده‌كه‌ین، چینیكیان له‌ نێوان (2005 تا 2007) به‌یه‌كه‌وه‌ مه‌شق ده‌كه‌ن چینی (2008 له‌گه‌ڵ 2009) به‌یه‌كه‌وه‌ راهێنان ده‌كه‌ن، هه‌فتانه‌ یارییه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ین تا لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان یاریزانه‌كا‌ن درووستبێت.
ده‌شڵێت: له‌ ئێسته‌دا نزیه‌ی 30 یاریزان رۆژانه‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك دوو یا سێ رۆژ مه‌شق ده‌كه‌ین، به‌هۆی ره‌چاوكردنی دۆخی ته‌ندروستی و دارای یاریزانه‌كان مه‌شقه‌كانمان كه‌مكردووته‌وه‌، په‌نا به‌خوا دوای نه‌مانی ئه‌م په‌تایه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ رێچكه‌ی ئاسای خۆمان له‌ مه‌شق و راهێنان كردن زیاتر.

ئامانجمان ته‌نیا پێگه‌یاندنی یاریزانه‌
راهێنه‌ره‌ لاوه‌كه‌ی فێرگه‌ی وه‌رزین ستراتیژیه‌تی كاركردنی خۆی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا كردوو گوتی: له‌ راستیدا هه‌موو ئامانجی ئێمه‌ پێگه‌یاندنی یاریزانه‌ بۆ یانه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و یاریزانانه‌ی ناتوانن بگه‌نه‌ شوێنیتر به‌هۆی گرفتی هاتوچۆ و كه‌م ده‌رامه‌تییه‌وه‌، كاره‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نها خۆشه‌ویستی تۆپی پێه‌، خه‌ونی من ئه‌وه‌یه‌ رۆژیك ئه‌م یاریزانانه‌ پێبگه‌ن و منیش راهێنه‌ری یانه‌یه‌كی گه‌وره‌بم.

ده‌ستكه‌وته‌كانی فێرگه‌ی وه‌رزین
 نه‌به‌ز بێستون، باسی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كرد و ئاشكرای كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵی رابردووی كاركردنیان توانیویانه‌ سێ جار پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی فێرگه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌ده‌ستبهێنن، كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نه‌بووه‌، له‌ ئێسته‌شدا خه‌ریكی بنیاتنانه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ن.
مه‌هدی ئه‌رسه‌لانی كاپتن داهاتووی كوردستانه‌
یاریزان مه‌هدی ئه‌رسه‌لان ته‌مه‌نی 14 ساڵه‌، به‌هۆی جوله‌ جوانه‌كانی و شیوازه‌ نایابه‌كه‌ی له‌ كاتی یاریكردندا هه‌وادارێكی زۆری له‌ خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌، چاودێرانی وه‌رزشی پێانوایه‌ مه‌هدی له‌ ئاینده‌ ده‌بێته‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ستێره‌ نایابه‌كانی تۆپی پێی كوردستان، باوكه‌ی مه‌هدی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: هه‌موو خه‌ونی من ئه‌وه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان كوڕه‌كه‌م له‌ یاریگاكان وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌ركه‌وێت دڵی هانده‌رانی تۆپی پێ خۆشبكات و خۆشی به‌خه‌ون و ئاواته‌كانی بگات.