ئاب 06, 2020

یانه‌ی هه‌ولێر به‌ گرێبه‌ستێكی 7 هه‌زار دۆلار گرێبه‌ستی رادان گاسانینی نوێ كرده‌وه‌

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

یانه‌ی هه‌ولێر، به‌ فه‌رمی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی رادان گاسانینی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ی راگه‌یاند، بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراقی، پاسه‌وانانی قه‌ڵاومناره‌ له‌ ئێسته‌وه‌ ده‌ستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ كردووه‌ و پلانی كاركردنیان داڕاشتووه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی به‌رۆكی یانه‌كه‌ی گرتووه‌، بۆ زانینی بڕی گرێبه‌ستی راهێنه‌ر و ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی پلانی كاركردنی یانه‌كه‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر دواین زانیاری له‌ عه‌بدوڵڵا مه‌جیدی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌.

ماوه‌ی گرێبه‌ستی رادان
له‌سه‌ر ماوه‌ی گرێبه‌ستی رادانی راهێنه‌ر سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی راهێنه‌ره‌ كرواتییه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز ده‌بێت، كه‌ سه‌رپه‌رشتی تیپه‌كه‌ ده‌كات، وه‌ بڕی گرێبه‌سته‌كه‌شی (7000) هه‌زار دۆڵار ده‌بێت.

هه‌ولێر دوو رێگای كاركردنی له‌به‌رده‌مه‌
یانه‌ی هه‌ولێر دوو رێگای كاركردنی له‌ پێشه‌ بۆ وه‌رزی تازه‌، عه‌بدوڵڵا مه‌جید باسی ئه‌م دوو رێگایه‌ی كاركردنی یانه‌كه‌ی ده‌كات و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ پلانی یه‌كه‌م پشتبه‌ستنه‌ به‌ یاریزانی ناوه‌خۆ به‌ تایبه‌ت ئه‌و یاریزانه‌ كوردانه‌ی ئاستیانبه‌رزه و ئه‌دایه‌كی باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی یاریزانه‌كان بۆ خودی راهێنه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هێنانی چه‌ند یاریزانی پیشه‌گه‌ر بۆ تیپه‌كه‌ تا به‌ ئاستێكی باش ده‌ربكه‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ پێی پلانێك بیر له‌ دروستكردنی تیپیك بكه‌ینه‌وه‌ بۆ وه‌رزه‌كانی داهاتووی یانه‌كه‌ش سوودی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای پشتبه‌ستن به‌ یاریزانه‌ لاوه‌كان و پلانه‌كانی راهێنه‌ر ده‌بێت.
سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌شڵێت: پلانی دووه‌م ئه‌گه‌ر توانای دارایی باشبێت و حكومه‌ت پاڵپشتی باشمان بكات، ده‌توانین یاریزانی باش بهێنین و شه‌ڕ له‌سه‌ر ناسناوه‌كه‌ بكه‌ین، به‌ڵام بۆ وڵاتی عێراق له‌ ئێسته‌ دا ئاسان نییه‌ له‌م‌ دۆخه‌ تێبگه‌یت.

ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ولێر بۆ وه‌رزی نوێ كه‌ی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌؟
عه‌بدوڵڵا مه‌جید بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاتی مه‌شق و راهێنانه‌كانی گوتی: ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و كاته‌ی دیاریكراوه‌، كه‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوله‌ خولی نایابی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ی هێشتان ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ بچووكه‌ی، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ته‌مووز ئه‌نجامبدرێت به‌مه‌به‌ستی دیاركردنی پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی و خاوه‌نی پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌م چاره‌نووسی دیار نییه‌ و نازانرێ  كه‌ی ته‌واو ده‌بێت، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌م كاتی ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوابكه‌وێت.
ده‌شڵێت: ره‌نگه‌ یانه‌ی هه‌ولێر له‌ سه‌رتای مانگی هه‌شت ده‌ست به‌ مه‌شقه‌كانی بكاته‌وه‌، ئه‌و كاتێك نزیكه‌ی 45 بۆ 50 رۆژمان پێویسته‌ تا ئاماده‌كاری باش بكه‌ین.

یاریزانه‌كان به‌ پێی گرێبه‌سته‌كانیان مافی دارایی خۆیان وه‌رگرتووه‌
سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ بارودۆخی داراییان باش نییه‌ و چاوه‌ڕوانی پاڵپشتی دارایی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، چونكه‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ هیچ داهاتێكمان له‌سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانه‌وه‌ بۆ نه‌هاتووه‌، به‌ پێی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كانیش تا كاتی وه‌ستانی خولی عێراقی یاریزانانه‌كان مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ خوڵ وه‌ستاوه‌ و یاریی نه‌كراوه‌ ناتوانرێت مووچه‌ی بده‌یت، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گرێبه‌ستی مانگانه‌یه‌ و یاریزانیش یاریی بكات، بۆیه‌ هه‌موو یاریزانه‌كان مافی دارایی خۆیان وه‌رگرتووه‌. رادان گاسانین له‌ 13 یه‌نایه‌ری 1967 له‌ دایك بووه‌، له‌ كۆتاییه‌كانی هه‌شتایه‌كان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان وه‌ك یاریزان یاری بۆ یانه‌كانی (ریپیكا و ئۆرینێت)ـی یوگسلافیای پێشوو كردووه‌، دواتر روویكرده‌ بواری راهێنه‌رایه‌تی زۆرترین ئه‌زموونی له‌ كه‌نه‌داوی عه‌ره‌بی تاقی كرده‌وه‌ و راهێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوێت، یانه‌ی نه‌سری سعوودی و كوێتی كوێتی و ره‌فاعی به‌حرێنی و ئیتیحادی ئیماراتی، قادسیه‌ی كوێت و مه‌ریخی سوودانی كردووه‌ و دوایینجاریش راهێنه‌ری یانه‌یه‌كی عومانی بووه‌، به‌ڵام یانه‌ی هه‌ولێر 7 مانگ له‌مه‌وبه‌ر 9 هه‌زار دۆلاری دایه‌ یانه‌ عومانییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی رادان له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و به‌ مووچه‌ی مانگانه‌ی 7 هه‌زار دۆلار ئه‌وكات په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌.

© 2017 Hawler