ئایار 25, 2020

ڕۆناڵدۆ ژمارەیەكی باتیستۆتای یەكسان كردەوە و مێژووی بۆ یوڤی تۆمار كرد

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕۆناڵدۆ ژمارەیەكی باتیستۆتای یەكسان كردەوە و مێژووی بۆ یوڤی تۆمار كرد
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، ژمارەیەكی گۆڵكەری ناسراوی ئەرژەنتینی گابریێل باتیستۆتای یەكسان كردەوە و ژمارەیەكی بۆ یانەكەی تۆمار كرد.
هەرچەندە لە یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ئینتەر میلان، لە گەڕی 26ـی یارییەكانی خولی ئیتاڵیا، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نەیتوانی گۆڵ تۆمار بكات و زنجیرەگۆڵەكانی وەستا، بەڵام ژمارەی تازەی تۆمار كرد.
كریستیانۆ ژمارەی گابرێیل باتیستۆتای یەكسان كردەوە، كە تۆماركردنی گۆڵ بوو لە 11 گەڕی لەسەریەكی خولی ئیتاڵی، پێشتر باتیگۆڵ ئەو كارەی لەگەڵ یانەی فیۆرێنتینا كردبوو.
ڕۆناڵدۆ جگە لە كاروانی یاریكردنی لە یوڤی، ئەوە سێیەمجاری بوو كە بتوانێ لە 10 یاریی لەسەریەك یان زیاتر گۆڵ تۆمار بكات، كە پێشتر و لە ساڵانی 2014 و 2018 ئەو كارەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید دووبارە كردووەتەوە.
تۆماركردنی گۆڵ لە 11 یاریی لەسەریەك، یەكەمجارە یاریزانێكی یوڤی بتوانێ ئەو كارە بكات و پێشتر هیچ یاریزانێكی ریزەكانی خانمەپیرەكە بەو ژمارەیە نەگەیشتووە.
ئێستە كریستیانۆ بە 21 گۆڵ، لە دوای یاریزان چیمۆ ئیمۆبیلی یاریزانی یانەی لازیۆوە، لە خانەی دووەمی گۆڵكەرانی خولی ئیتاڵییەوە دێ.

پێكانی تازە لە ریزەكانی ریاڵ مەدریددا تۆمار كرا
هەرچەندە یانەی ریاڵ مەدرید یاریی رابردووی لە گەڕی 27ی لالیگادا بەرانبەر ریاڵ بێتس دۆڕاند و پێشەنگی لە دەست دا، وێڕای ئەوەیش یاریزان مارسێلۆ تووشی پێكان هات و بە پێی پشكنینە سەرەتاییەكانیش، لەوانەیە ماوەیەك لە یاریكردن داببڕێت.
بە كاریگەریی ئەو پێكانە، مارسێلۆی بەرگریكاری چەپ، لە خولەكی 59ـوە یارییەكەی جێ هێشت، كە پێی راپۆرتەكان، پچڕان لە ژێیەكانی ئەژنۆی چەپی هەبووە.
بە پێی پشكنینەكان، لە یاریی دادێی یانەكەی بەرانبەر یانەی ئێیبار لە لا لیگا، كە هەینی ئەنجام دەدرێ؛ دادەبڕێ و ئەگەر هەیە بەرانبەر مانچستەر سیتیش لە چامپیۆنس لیگ یاری نەكات.
وێڕای ئەوانەیش، پشكنینی زیاتر بۆ ئەو یاریزانە دەكرێ و دواتر بە وردی ڕاددەی پێكانەكەی و ماوەی دووركەوتنەكەی ئاشكرا دەكرێ.
لە لایەكی دیكەوە، مێدیاكاری متمانەپێكراو خۆسیە لویس سانچێز لە بەرنامەی چیرینجۆدا وتوویەتی، كە گۆڵپارێز تیبۆ كۆرتوایش كێشەی هەیە، بەو پێیەی زێدەكێشی لەسەر ڕانیدا هەیە و بە باشی ناتوانێ یاری بكات.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 09 ئازار 2020 15:15
© 2017 Hawler