نیسان 02, 2020

له‌ هێرشبه‌رییه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ باشترین گۆڵپارێزه‌كانی كوردستان

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

دەشتی عەبدوڵڵا یەکێکە لە گۆڵپارێزە دیار و بەرچاوەکانی دەڤەری بتوێن و پشدەر، ماوەی ٧ ساڵ لە یانەی ڕانیە یاریکردووە، بەهۆی بەرزی ئاستیەوە گرێبەستی لە زۆر یانەی کوردستان بۆ هاتووە، ئەو گۆڵپارێزە کە کۆمەڵێک دەسکەوتی زۆری تاکەکەسی هەیە ئەم وەرزە لە ڕیزی یانەی سەیدساق یاری دەکرد، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا بەم جۆرە باسی ژیانی وەرزشی خۆی و ئاوات و حەزە وەرزشیەکانی خۆی کرد.

لە هێرشبەرەوە بۆ گۆڵپارێز
لەدەسپێکدا دەشتی باسی ژیانی وەرزشی خۆی کرد گووتی: لە منداڵیەوە خولیای یاری کردنم هەبوو لە ٨ ساڵیەوە دەستم کرد بە یاریکردن لە تیپە میلیەکان، دواتر لە تیپی بنکەی وەرزش و لاوانی ڕانیە هەر لە یاریکردن بەردەوام بووم، دواتر لە خولی تیپە میلیەکانی ڕانیەیش لە تیپی شوارێ یاریم دەکرد، لەسەرەتای یاریکردنم لە هێڵی هێرشبەر یاریم دەکرد، ماوەیەکی زۆر هەر یاریزان بووم.
 لە ساڵی ٢٠١٠ لە یەکێک لە یارییەکاندا، گۆڵپارێزی تیپەکەمان بە کارتی سووری کرایە دەرەوە، من بووم بە گۆڵپارێز، بەهۆی ئاست بەرزیم لەو یارییەدا، بە کۆی دەنگی هاوڕێیانم لە تیپەکە بووم بە گۆڵپارێزی سەرەکی و تا ئێستەیش بەردەوامم، دواتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستم وەکو گۆڵپارێز بانگهێشتی یانەی ڕانیە کرام و ٧ ساڵ یاریم بۆ ڕانیە کردووە، هەروەهای یەک ساڵیش لەگەڵ یانەی قەڵادزێ یاریم کردووە، ئەم وەرزەیش ئەزموونێکی نوێم تاقی کردەوە و لە خولی یانە پلە یەکەکان لەگەڵ یانەی سەیدسادق یاریم کرد.

بە کام گۆڵپارێزی جیهانی سەرسامە؟
گۆڵپارێزەکەی سەیدسادق زیاتر باسی ئەزمووین یاریکردنی خۆی کرد و هێمای بۆ ئەوە کرد، کە کۆمەڵێک کەس لە ژیانیدا هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەو وەک گۆڵپارێز لە یاریکردن بەردەوام بێت، یەکێک لەوانە ئاکۆ عەبدوڵڵا بووە کە ئێستە ڕاهێنەری یانەی چوارقوڕنەیە، گوتیشی هاندانی کەسە نزیکەکانی فاکتەرێکی بەهێز بووە بۆ ئەوەی کە زیاتر مەشق بکات و سەیری یاریکردنی گۆڵپارێزە جیهانییەکان بکات و ئەزموونیان لێ وەربگرێت، گوتیشی زۆر بە گۆڵپارێزی ئیسپانی ئیکەر کاسیاس و ئەلیسۆن پیکەری بەڕازیلی سەرسامم، لەسەر ئاستی نێوخۆیش پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ سەرجەم گۆڵپارێزەکانی کوردستان هەیە، وەکو هاندەری تۆپی پێیش هاندەری یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی بەڕازیلم.

جگە لە وەرزش حەزی لە چ بوارێکە؟
دەشتی جگە لەوەی کە گۆڵپارێزێکی بەتوانایە، حەزیشی لە خوێندنەوە و شێعرە، دەربارەی ئەوەی ئەگەر وەرزشی نەکردبایە، حەزی لە چ بوارێکی تر بوو، گووتی: زۆر حەزم لە نوسین و شێعرە و حەزم دەکرد نوسەر بوومایە و لەو بوارەدا کارم بکردایە، زۆریش دەخوێنمەوە و چاودێرێکی باشی ڕۆمان و دەقە شێعرییەکان دەکەم.

باجی ئەوەیانداوە کە دوورن لە شارە گەورەکان
لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا لەگەڵ گۆڵپارێزەکەی شاری ڕانیە، ئەو گۆڵپارێزە باسی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کرد و گووتی: دووریمان لەشارە گەورەکانی وەک هەولێر سلێمانی هۆکارێک بوو کە وەرزشوانانی ئەو دەڤەرە باجەکەی بدەن و زۆر یاریزان و ڕاهێنەری بە توانامان هەیە، بەڵام بەهۆی دووریمان لە شارە گەورەکان باجی ئەوەمانداوە لە زۆر شت بێ بەش بووین و نەتوانراوە ئەو توانایەی لە وەرزشوانانی ئێرەدا هەیە پێشکەشی بکەن، گوتیشی هۆکارێکی تری دەرنەکەوتنی یاریزانانی قەزاو ناحیەکان کەمی خولەکانن، بەشێکی زۆری یانە پلە دووەکان لە قەزاو ناحیەکانن، یاریزانێک لە سالێکدا لە خولی یانە پلە دووەکان بە ٤ یاری ئاستی دەرناکەوێت، دوای ئەوەی خولەکە تەواو دەبێت، تاوەکو یەک ساڵ دەبێت چاوەڕی بکات، ئەمیش نا ئومێدییەکی زۆر لەلای یاریزانی قەزاو ناحیەکان دروستدەکات.

چ شتێک بەهۆکاری ئاست بەرزی خۆی دەزانێت؟
دەشتی لەماوەی چەند ساڵی یاریکردنیدا زیاتر ٥ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی خولی نایابی ڕانیە و خولی قەزاو ناحیەکان، دەربارەی هۆکاری ئاست بەرزی و پارێزگاریکردن لەسەر ئەو ئەنجامانەی کە ساڵان بەدەستی دەهێنێت گووتی: گرنگیەکی زۆر بە جەستەی خۆم دەدەم بەردەوام دوای تەواو بوونی خولەکانیش یاری ئاسن و مەلەوانی دەکەم و لە مەشقی ڕۆژانە بەردەوامم و کات بۆ خەو خواردنی تەندروست دادەنێم.

چ ئاواتێکی وەرزشی هەیە؟
کۆمەڵێک هیواو ئاوات لە هزر و بیری گۆڵپارێزەکەی سەیدسادق هەن و ئاواتی ئەوەیە کە لە داهاتووی ژیانی وەرزشی خۆیدا یاری بۆ یانەیەکی خولی نایابی کوردستان و عێڕاق بکات و بگاتە ئاستی گۆڵپارێزە باشەکانی عێڕاق و توانای خۆی نیشان بدات.

کام یادگارییەی بیر ناچێتەوە
هەر لە میانەی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئەو گۆڵپارێزە خۆشترین و ناخۆشترین یادگاری وەرزشی خۆی باسکرد و گووتی: ساڵی ٢٠١٧ کاتێک بووم بە باشترین گۆڵپارێزی ڕانیە، ئەوە یەکێک بوو لە ڕۆژە خۆشەکانم، یادگارییەکی تاڵ و ناخۆشیش کە بیرم نەچێتەوە ئەو کاتە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ یانە ڕانیە نەماتوانی لە یانەی خەبات ببەینەوە و سەربکەوین بۆ خولی پلەیەک.

پڕۆفایــــل:
دەشتی عەبدوڵڵا
خەڵکی ڕانیە و هەر لەو شارەیش لە ١٩٩١ لە دایک بووە
٧ ساڵ یاری بۆ یانەی ڕانیە کردووە
١ ساڵ یاری بۆ یانەی قەڵادزێ کردووە
له‌م وه‌رزە له‌ ڕیزی یانەی سەیدسادق یاری کردووە
٣ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێزی خولی نایابی تیپە میللیەکانی ڕانیە
٢ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێزی جامی تیپەکانی ڕانیە
١ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێزی خولی قەزاو ناحیەکان
١ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێزی خولی هەڵبژاردە قەزاو ناحیەکانی سنووری بتوێن و پشدەر
١ جار بۆتە باشترین گۆڵپارێزی خولی ڕاپەڕین لەشاری سلێمانی

© 2017 Hawler