نیسان 07, 2020

پوتراگینۆ، پەیامێكی گرینگی زیدان بۆ یاریزانەكانی ئاشكرا دەكا

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مانچستەر یونایتد، نرخی پۆگبا بۆ ریاڵ و یوڤی دیاری دەكا
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، ئاماژەی بەوە كردووە، راپۆرتە بریتانییەكان تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی، كە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، مەرجی ئەوەی هەیە بڕی 175 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێ، بۆ دەستبەرداربوون لە ئەستێرەی فەرەنسیی یانەكەی پۆڵ پۆگبا، لە هاوینی دادێ.
ئەو یاریزانە 26 ساڵانە، ماوەیەكی زۆرە بووەتە جێی سەرنج و تەمای هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی.
پۆگبا، خوازیاری ئەوەیە كە یانەی مانچستەر جێ بهێڵێ، بۆندەكەیشی لە یۆنیۆی 2021ـدا كۆتایی پێ دێ، بەو جۆرەیش یانە ئینگلیزییەكە ناچار دەبێ بە بڕەپارەیەكی كەمتر دەستبەرداری بێ، بەڵام یانەكەی بڕەپارەیەكی زۆری بۆ دەستبەرداربوون خواستووە.
ئاس، ئاماژەی بەوە كردووە، سەرەڕای ئەوەیش، یانە ئینگلیزییەكە، مینۆ ڕایۆلای بریكاری پۆگبای ئاگەدار كردووەتەوە، كە بە بڕەپارەیەكی زۆر نەبێ، دەستبەرداری نابن.
مێدیاكە، ئەوەیشی خستووەتە روو، كە یانەی یوڤی، لە ریاڵ نزیكترە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە، چونكە ریاڵ كەمێك كشاوەتەوە و بایەخی كەمتر كردووەتەوە، ئەوەیش بە هۆی ئاستەبەرزەكەی فیدریكۆ ڤاڵڤێردیی ئۆرگوایی، هاوناوەندی یاریكردنی پۆگبا لە یانەكەیاندا.
بۆ بیرهێنانەوە، پۆگبا لە سەرەتای وەرزەوە تەنێ بەشداریی 610 خولەكی یارییەكانی یانەكەی كردووە، دوو گۆڵیشی تۆمار كردووە.
بایرن میونشن ئامادەی بۆندێكی گەورەیە بۆ ئەستێرەیەكی لیڤەرپوول
راپۆرتی مێدیا ئینگلیزییەكان، ئاشكرایان كردووە، كە یانەی بایرن میونشن، ئامادەیە بڕەبۆندێكی گەورە پێشكەشی رۆبێرتۆ فێرمینۆ، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی لیڤەرپوول بكا، كە ئەو كارەی بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینی دادێ هەڵگرتووە.
رۆژنامەی زە سەنی بریتانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە یانەی بایرن میونشن، خواستی زۆری بۆ واژۆكردنی بۆند لەگەڵ فێرمینۆ و سانی هەیە، كە یاریزانی دووەمیان لە ریزەكانی یانەی مانچستەر سیتیدا یاری دەكەن، بۆ هاوەڵیكردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانەكە، كە تەمەنی گەییشتووەتە 32 ساڵان.
مێدیاكە، ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، كە میونشن ئامادەیە بڕی 75 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بۆ كڕینی تواناكانی رۆبێرتۆ فێرمینۆ، یایزانی لیڤەرپوول تەرخان بكات.
فێرمینۆ، بە پاڵەوانێكی ونی یانەی لیڤەرپوول دادەنرێ، ئەم وەرزە 10 گۆڵی تۆمار كردووە، رۆڵێكی كاریگەریشی لەو تۆپانەدا هەیە، كە بۆ محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانی دەچن و بە هۆیەوە گۆڵی پێ تۆمار دەكەن. بایرن، وای دەبینێ، هەوڵی لیڤەرپوول بۆ دەستخستنی هێرشبەری یانەی لایپزیگ تیمۆ فێرنەر، هەلێكی باشە بۆ ئەوەی فێرمینۆ بباتە ریزەكانییەوە.
فێرمینۆی تەمەن 28 ساڵان، ئەزموونی خولی ئەڵمانیشی هەیە، بەو پێیەی پێشتر 4 وەرز و نیو لە ریزەكانی یانەی هۆفینهایمدا یاریی كردووە.
یانە ئەڵمانییەكە، دەیەوێ بۆند لەگەڵ لیرۆی سانیشدا واژۆ بكا، بە مەبەستی پێكەوەنانی هێڵێكی هێرشبەریی پتەو لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپا.

پوتراگینۆ، پەیامێكی گرینگی زیدان بۆ یاریزانەكانی ئاشكرا دەكا
ئیمیلیۆ پوتراگینیۆ، بەڕێوەبەری پێوەندییە دامەزراوەییەكانی یانەی ریاڵ مەدرید، ئاماژەی بە پەیامێكی زینەدین زیدان، راهێنەری یانەكە كردووە، ئەو لێدوانەی دوای بردنەوەیان 4-1 لە ئۆساسۆنا لە گەڕی 23ـی لا لیگادا، بۆ مێدیاكان دا.
پوتراگینیۆ، وتوویەتی: دوای ئەو ئاستە بەرزە، ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین، هەروەها كە دوو گۆڵ لە لایەنی یاریزانی یەدەگەوە تۆمار كرا، ئەمە گرینگە و پەیامێكی روونی زیدانە، بەوەی هەمووان لە یانەكەدا گرینگن، هەموو جارێكیش بە هەموو یاریزان دەڵێن خۆتان بۆ یاریكردن ئامادە بكەن.

© 2017 Hawler