نیسان 07, 2020

سه‌رجه‌م ئه‌و گۆرانكارییانه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ یانه‌كان له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌دا له‌ پێكهاته‌كه‌یان كردوویانه‌

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

ئه‌مڕۆ و سبه‌ی گه‌ڕی چوارده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌ كاتژمێر 2:30 ده‌بێت، یانه‌كان گۆڕانكاری زۆریان كردووه‌، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی زۆرترین گۆڕانكاری كردووه، زێره‌ڤانی بیرۆكه‌ی مانه‌وه‌ی بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ گۆڕیوه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش به‌ گرێبه‌ستی تازه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ كردنی خاڵه‌ لاوازه‌كانی داوه‌.

له‌م گه‌ڕدا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ هێنانی چه‌ند یاریزانێكی تازه‌ میوانداریی هه‌ولێر ده‌كات، دهۆكیش له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به‌ كێشه‌ داراییه‌كانی به‌ هێنانی 3 یاریزانی پیشه‌گه‌ر خۆی بۆ ده‌ربه‌ندیخان ئاماده‌ كردووه‌، برایه‌تیش حه‌وت یارییه‌ نه‌یبردۆته‌وه‌، چاوی له‌ ڕاهێنه‌ره‌ تازه‌كه‌یه‌تی تا له‌ دێربی پایته‌خت له‌ هه‌ندرێن بباته‌وه‌، نه‌ورۆز نایه‌وێت له‌م یارییه‌ به‌رامبه‌ر سۆران ده‌ستپێكه‌ خراپه‌كه‌ی سه‌ره‌تای وه‌رز دووباره‌ بكاته‌وه‌، شێروانه‌ش له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌ت دا پێشوازی له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، زێره‌ڤانی به‌ به‌رگێكی تازه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر حیسابی سیروانی نوێ خۆی له‌ پێشه‌نگ ببینێته‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری پێشوازی له‌ قۆناخی دووه‌م ده‌كات
ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی هه‌ولێر ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ دواین ڕیزبه‌ندی ده‌بینرێت، له‌گه‌ڵ گۆڕینی راهێنه‌ریش نه‌یتوانی خۆی له‌ ناوچه‌ی سوور رزگار بكات، به‌ڵام له‌م قۆناخه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ئاماده‌كاری كردووه‌، هه‌شت یاریزانی به‌ڕێ كردووه‌ ئه‌وانیش (سه‌عید ره‌بیع، حوسێن ره‌حیم، ته‌ها محه‌مه‌د، به‌نده‌ن هه‌ڵۆ، محه‌مه‌د خه‌لیل، ڕه‌وه‌ند به‌هادین، كارزان مسته‌فا و سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د)، له‌ به‌رانبه‌ریشدا شه‌ش یاریزانی هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی (ئه‌حمه‌د به‌شار، ئه‌حمه‌د فازل، عامر فازل، دانا كامه‌ران، موهه‌نه‌د كه‌ریم، خالید ره‌شید)، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ له‌ دواین ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
هه‌ولێر، قۆناخی یه‌كه‌می به‌شیوه‌یه‌كی باش كۆتایی پێهێنا، ئه‌م ئه‌نجامه‌شی به‌ پاڵپشتی یاریزانانی به‌شدار له‌ خولی عێراقی به‌ده‌ستهێنا، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی عێراقی ئه‌وا ئه‌م پاڵپشتییه‌ی نامینێت، بۆیه‌ جارێكیتر په‌نا ده‌باته‌ به‌ر یاریزانه‌ لاوه‌كان تا له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وام بێت، (هیدایه‌ت له‌تیف و عه‌لی ئه‌حمه‌د)ـیش یانه‌كه‌یان جێهیشتووه‌، هه‌ولێر خاوه‌نی 17 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی پێنجه‌م دێت.

دهۆك 3 یاریزانی پیشه‌گه‌ری هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی
ئه‌مڕۆ دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، له‌ كاتێكدا یاریزانه‌كان نزیكه‌ی 100 رۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش خراپترین دۆخه‌، كه‌ دهۆك پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش یاریزانان (مه‌حموود شاكر و شه‌عبان بجیل) یانه‌كه‌یان جێهێشت، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ دهۆكییه‌كان هه‌ر یه‌ك له‌ یاریزانان (حه‌كیم شه‌مسه‌دین و سامر محه‌مه‌د و ره‌حیم ئۆلاب)ـی بۆ ریزه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه‌، یاریزانه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایان دواین واده‌یان بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی دیاریكردووه‌، ئه‌گه‌ر تا دووشه‌مه‌ی داهاتوو مووچه‌كانیان نه‌ده‌ن ئه‌وا مان ده‌گرن و به‌شداری یارییه‌كان ناكه‌ن، دهۆك خاوه‌نی 16 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێت.
ده‌ربه‌ندیخان، پێچه‌وانه‌ی وه‌رزی ڕابردوو له‌ ده‌ره‌وه‌ باش یاریی ده‌كات و له‌ یاریگه‌ی خۆی خراپ، گۆڕانكاریشی له‌ پێكهاته‌كه‌ی كردووه‌ شه‌ش یاریزانی هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی ( كارزان مسته‌فا، به‌رهه‌م عه‌لی، حه‌مزه‌ تاڵیب، مه‌ناف یاسین، عه‌لی كازم و سه‌عد ره‌بیع)، به‌ڵام سێ یاریزانی پێكانی هه‌یه‌ ئه‌وانیش (هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د، ئارام قادر، شوانه‌ كه‌مال) جگه‌ له‌مانه‌ش هۆگر عه‌بدوڵڵای راهێنه‌ر ناتوانێت به‌ هۆی سزاوه‌ یاوه‌ری تیپه‌كه‌ی بكات، ده‌ربه‌ند 14 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی یازده‌یه‌م دێت.

برایه‌تی حه‌وت یارییه‌ نه‌یبردۆته‌وه‌
سبه‌ی هه‌ینی برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێنی دراوسێی ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كان حه‌وت یارییه‌ نه‌یان بردووته‌وه‌، به‌ڵام بۆئه‌م قۆناخه‌ راهێنه‌رێكی تازه‌یان هیناوه‌، برایه‌تی تا ئێسته‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، كه‌ گۆڵتۆمار نه‌كردنه‌، هه‌رچه‌ند حه‌یده‌ر جه‌عفه‌ریان هێناوه‌، به‌ڵام باش ده‌رنه‌كه‌وت و به‌ڕێیانكرد، هاوكات دڵشاد حه‌مه‌ره‌شیش له‌ یانه‌كه‌ نه‌ماوه‌، هیوا جه‌لالی ناوه‌ڕستكاریشی به‌هۆی كارتی سووره‌وه‌ یاریی ناكات، به‌ڵام به‌دوای ئه‌وه‌ن گرێبه‌ستی تازه‌ ئه‌نجام بده‌ن، برایه‌تی خاوه‌نی 16 خاڵه‌ و خانه‌ی هه‌شته‌م به‌شیه‌تی.
هه‌ندرێن، له‌ قۆناخی یه‌كه‌م سه‌ره‌تایه‌كی خراپی هه‌بوو، به‌ڵام له‌ گه‌ڕه‌كانی كۆتایی 3 بردنه‌وه‌ی گرینگی به‌ده‌ستهینا و دۆخی یانه‌كه‌ راستبووه‌ته‌وه‌، (ئامانج ئه‌كره‌م و عامر فازل)ـیش یانه‌كه‌یان جێهێشت، دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ر له‌ یارییه‌ زه‌حمه‌ته‌كان تیپه‌كه‌ی باش ده‌رده‌كه‌وێت، 15 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی نۆیه‌م دێت.

نه‌ورۆز گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كه‌ی كردووه‌
نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سۆران ده‌كات، نه‌ورۆز له‌ دوای چوار گه‌ری یه‌كه‌م و ده‌ستپێكێكی خراپ راهێنه‌ریان گۆڕی، به‌ڵام یونس سلێمانی راهێنه‌ری ئێسته‌ باری لاسه‌نگی تیپه‌كه‌ی راستكرده‌وه‌ و هێنایه‌ خانه‌ی دووه‌م، ئه‌مه‌ش دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی باش روویدا، بۆ ئه‌م قۆناخه‌ش هه‌ر یه‌ك له‌ یاریزانان (حه‌كیم شه‌مسه‌دین و دانا كامه‌ران) رۆشتوون، عومه‌ر بیبۆی ناوه‌ڕاستكاریشی به‌هۆی سی كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی ناكات، ئاسۆ رۆسته‌میش به‌هۆی خولی عێراقییه‌وه‌ بۆ یانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام (به‌نده‌ن هه‌ڵۆ و هاوڕێ ئه‌نوه‌ر) په‌یوه‌ندیان به‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ كردووه‌، نه‌ورۆز خاوه‌نی 19 خاڵه‌ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ ره‌نگه‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ وه‌رگرێت.
سۆران، كێشه‌ی دارای به‌رۆكی یانه‌كه‌ی گرتووه‌، نزیكه‌ی سێ مانگه‌ مووچه‌ی یاریزانه‌كان نه‌دراوه‌، به‌ڵام یاریزانه‌كان وه‌ك سه‌رباز به‌رگری له‌ ناوی سۆران ده‌كه‌ن، ئه‌م دواكه‌وتنی موچه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كان دروست كردووه، به‌ڵام سۆران ده‌یه‌وێت وه‌ك قۆناخی یه‌كه‌م ببێته‌ تیپێكی سه‌رسه‌ختی یانه‌كان، سۆران هیچ گۆڕانكارییه‌كیشی له‌ پێكهاته‌كه‌ی نه‌كردووه‌، خاوه‌نی 16 خاڵه‌ و پله‌ی شه‌شه‌م به‌شیه‌تی.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ گۆرانكاری زۆره‌وه‌ گه‌شتی گه‌رمیانی كردووه‌
شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ كه‌لار میوانداریی نوێنه‌ره‌كه‌ی پیرمام ده‌كات، ئه‌م وه‌رزه‌ شێروانه‌ به‌ نێو تونێلێكی پر كێشه‌ دا ده‌ڕۆیشت، چونكه‌ له‌ چه‌ندین پێگه‌دا كیشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ دروست ده‌بوو، ئێسته‌ش له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار و دابه‌زین نزیكه‌، ئه‌گه‌ر فریای خۆی نه‌كه‌وێت ئه‌وا له‌ كۆتایی دا پێگه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام (ئامانج ئه‌كره‌م) په‌یوه‌ندی به‌ شێروانه‌وه‌ كردووه‌، یاریزانان (ئه‌نه‌س مالك و سه‌عد جاسم) به‌هۆی خولی عێراقیه‌وه‌ دابڕاون له‌ تیپه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌نه‌س رۆژی یاریكردن به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌ ده‌بێت، عه‌باس له‌فته‌ش به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی ناكات، عه‌لی كاكه‌مینه‌ش نزیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، شێروانه‌ خاوه‌نی 9 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، ئاستی وه‌ك ساڵی ڕابردوو نییه‌، چونكه‌ چه‌ند ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی پێكهاته‌كه‌ی له‌ده‌ست دا، له‌ به‌ختی ئه‌و یانه‌كانی ركه‌به‌ری باش ده‌رنه‌كه‌وتن، بۆیه‌ له‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ دوور نییه‌ و هیوای بۆ ناسناوه‌كه‌ ماوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سێ یاریزانی هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی (سه‌یف سه‌لمان، مه‌حموود شاكر و ئه‌حمه‌د كۆنێ)، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا دوو یاریزانی به‌ڕێكردووه‌، كه‌ (عه‌بدولره‌حمان هێرش و ئه‌حمه‌د به‌شار)ـن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی قۆناخی یه‌كه‌می پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌رگریه‌كه‌ی بوو، كه‌ 13 گۆڵی لیكراوه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌ویت ئه‌م قۆناخه‌ به‌شێویه‌كی باشتر ده‌ربكه‌ون و پاریزگاری له‌ ناسناوه‌كه‌ بكه‌ن، به ‌19 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌م دێن.
زێره‌ڤانی ده‌یه‌وێت سیناریۆی پاڵه‌وان بوونی ساڵانی پێشووی دووباره‌ بكاته‌وه‌
زێره‌ڤانی له‌ شاری دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی سیروانی نوێ ده‌كات، زێره‌ڤانی دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی باش له‌ گه‌ڕه‌كانی كۆتایی، ئێسته‌ پلانی تیپه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و بیر له‌ ناسناوه‌كه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه (بارزان ئه‌حمه‌د) هێرشبه‌ری یانه‌ی زاخۆیان گواسته‌وه‌ بۆ ریزه‌كانیان، له‌گه‌ڵ (دلۆڤان سالح)ـیش، كه‌ یاریزانی زاخۆیه‌ له‌ گفتوگۆدان تا بیبه‌نه‌ ریزه‌كانیان، سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆی ساڵانی بوون به‌ پاڵه‌وان دووباره‌و بكاته‌وه‌، له‌ قۆناخی دووه‌م باش ده‌ربكه‌وێت و یارییه‌كان ببنه‌وه‌، بیر له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سیروانی نوێ ببه‌نه‌وه‌ دوو ئامانج ده‌پێكن، هه‌م خۆیان ره‌نگه‌ بچه‌نه‌ پێشه‌نگ، هه‌م پاڵه‌وانی قۆناخی یه‌كه‌میش تووشی دۆڕان ده‌كه‌ن، زێره‌ڤانی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 17 خاڵ له‌ پله‌ی چواره‌م دێت.
سیروانی نوێ، هه‌فته‌یه‌ك زیاتر پشووی له‌ یانه‌كانی دیكه‌ وه‌رگرتووه‌، چونكه‌ دواین گه‌ر یاریی نه‌كردوو چاوه‌ڕوان بوو، پاڵه‌وانی قۆناخی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ش بوو، هیچ گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌شی ئه‌نجام نه‌داوه‌، به‌ڵام رزگار عه‌لی راهێنه‌ر به‌رده‌وام پشت به‌ یاریزانی لاو گه‌نج ده‌به‌ستێ تا پلانه‌كانیله‌ یاریگه‌دا جێ به‌جێ بكه‌ن، سیروانی نوێ ده‌یه‌وێت بۆ یه‌كه‌مجار ببێته‌ نوێنه‌ری شاری سلێمانی و ناسناوی خولی نایابی كوردستان بباته‌وه‌، هه‌مووان شۆك بكات، به‌ڵام بۆ ئه‌م كاره‌ تووشی قۆناخی سه‌خت ده‌بێت و له‌و پێناوه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م سه‌ختیانه‌ سه‌ركه‌وێت، سیروانی نوێ خاوه‌نی 20 خاڵه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه‌.
زاخۆ ئه‌م گه‌ڕه‌ پشووه‌، به‌ڵام به‌ هێنانی چه‌ند یاریزانێك له‌ پێكهاته‌ی خولی عێراقی خۆی رێكخستووه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت لۆكاس سانتۆسی به‌رازیلی و هێرشبه‌ر، كه‌ وه‌رزی رابردوو ئاستیكی باشی بۆ زاخۆییه‌كان نیشان ده‌دا، زاخۆ خاوه‌نی 15 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، یه‌كێك له‌و یانانه‌یه‌، كه‌ ته‌نها هه‌شت گۆڵی له‌ قۆناخی یه‌كه‌م لێ تۆمار كراوه‌، ئه‌مه‌ش كه‌مترین رێژه‌یه‌، جگه‌ له‌ زاخۆش برایه‌تی و سۆرانیش هه‌مان رێژه‌ی گۆڵیان لێ تۆمار كراوه‌، هه‌روه‌‌ها یانه‌كانی هه‌ولێر و شێروانه‌ به‌ 16 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی گۆڵ لێ تۆمار كردنن، (میلاد نه‌جم) هێرشبه‌ر له‌ یانه‌ی سیروانی نوێ به‌ 7 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكه‌رانی قۆناخی یه‌كه‌می گرتووه‌، پێشمه‌ره‌گه‌ی سلێمانی و شێروانه‌ش ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، كه‌ كه‌مترین رێژه‌ی بردنه‌وه‌یه‌، یانه‌كانی سیروانی نوێ، نه‌ورۆز، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌ پێنج بردنه‌وه‌ زۆرترین ریژه‌ی بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌.‌

 

© 2017 Hawler