نیسان 21, 2018

مۆرینهۆ به‌ ئاشكرا دژایه‌تی ئه‌ستێره‌كانی ده‌كات

واپێدەچێ مەرینهۆ تووسی نەخۆشی كێشە لەگەڵ ئەستێرەكان بووە و بەجۆرێك سەردەمی ئەم ڕاهێنەرە لە ڕیاڵ مەدرید و چێڵسیدا، لە مانچێسته‌ر یونایتدیشدا بەرۆكی گرتۆتەوە.
ئەوەی بۆ باسكردن دەبێ، ئێستە مۆرینیۆ بەینی لەگەڵ چەند یاریزانێكی خۆش نییە، هەر چۆن لە یانەكانی ڕیاڵ مەدرید و چێڵسیشدا نێوانی لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكدا نەبوو.
دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە وای كردووە لە خۆشەویستی مۆرینیۆ كەم بكاتەوە و بێشك كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی یانەی مانچێستەریشدا دەبێت.
مۆرینۆ لە چەند حەوتووی رابردوو بەردەوام ڕەخنەی لە یاریزانەكانی گرتووە و بە مناڵ وینای كردوون، یاریزانانی یونایتد به‌هۆی ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ی سپشه‌ڵ وه‌ن وا هەست دەكەن لە دیدی ڕاهێنەرەكەیاندا ئاستێكی ئەوتۆیان نییە، دەبێ چ بیركردنەوەیەكیان لەبارەی خۆیاندا هەبێ.

پرتەوبۆڵەكانی مۆرینیۆ
پێویستە كاتێك یاریزانێكی مانچێسته‌ر یونایتد لەناو یاریدا تۆپی لە كیس دەچێ، یان پاسێكی هەڵەی هەیە، یان لێدانێكی جوان ئاراستە ناكات، سەیری هەڵسوكەوتی مۆرینیۆ بكەی كە چۆن پرتەبۆڵەیەتی، ئایا یاریزانەكانی ئەوجۆرە هەڵوێستانە نابینن؟ بۆ ئەوەی پێكهاتەیەكی بەهێزت هەبێ، دەبێ یەكگرتووییەكی پتەو لەنێوان دەستەی ڕاهێنەران و یاریزاناندا هەبێ، ئەو شتەی ئەمڕۆژانە لە مان یونایتددا بەدی ناكرێت. بە واتایەكی دیكە، بۆشاییەكی گەورە كەوتۆتە نێوان مۆرینیۆ و یاریزانەكانی.
شك لەوەدا نییە كە ڕاهێنەری شەیتانە سوورەكان بەرامبەر بە سەركەوتنەكانی زۆر هەستیارە، بەڵام بەو شێوەیە و تا ئەو ڕادەیە سەركۆنەكردنی یاریزانەكانی، لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵڵایەكی گەورەی لێ دەكەوێتەوە و، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی پێگەی ڕاهێنەر مۆرینیۆ.

فرۆشتنی لۆك شاو و میختاریان
ئەو بابەتە لەبارەی لۆك شاو لە یاری بەرامبەر بە ساوتهمپتۆن بە جوانی بینرا. مۆرینیۆ لە پێنج مەتری یاریزانەكەیدا دەستی كرد بە پرتەبۆڵە، ئەوە لەكاتێكدایە دەبوایە زیاتر متمانەی بە یاریزانەكانی هەبێت و لە كۆتاییدا بینیمان چۆن كاریگەری خراپی لەسەر لۆك شاو دانا و لەدەست مۆرینیۆ بێزار و تووڕە بوو. مۆرینیۆ ئیتر متمانەی بە لوك شاو و میختاریان نەماوە و ڕەنگە لە ڕووی ئەنقەستەوە بێت، چونكە سیاسەتی ڕاهێنەری یۆنایتدییەكان فرۆشتنی ئەو یاریزانەیە، بەڵام دەبێ بەرپرسیار بێت بەرامبەر بەو هەڵسوكەوتانەی لەگەڵ یاریزانەكانی دەكات.

گواریۆلا هاوڕێ و هاودەمی یاریزانەكانی
هەڵبەت دەكرێ ئاستی جێسێ لینگارد بە شۆڕشێك بەرامبەر بە هەڵسوكەوتەكانی ڕاهێنەری مان یونایتد بزانین، چونكە لە سەرەتای وەرزدا دژ بەوە بوو یاری بەو یاریزانە بكات، بەڵام ئێستە ئەستێرەی لاوی ئینگلتەرا لە باشترین ئاستیدایە و بەجۆرێك بۆتە ئەستێرەی یانەكەی.
مۆرینهۆ له‌ داویین لێدوانیدا له‌ باره‌ی لینگارد گوتی: ئه‌وه‌ی لینگاردی بچووك له‌ نێو یاریگه‌ ده‌یكات به‌ زۆرێك له‌ یاریزانه‌ گه‌وره‌كانی جیهان ناكرێت.
ئه‌مجۆره‌ وه‌سف و ستایش و پێداهه‌ڵدانه‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ مۆرینهۆ ده‌بینرێت، به‌ڵام ئاستبه‌رزی لینگارد له‌ دوو یاری رابردووی له‌ پرێمه‌رلیگ مۆرینهۆی ناچار كرد بێته‌ سه‌رهێڵ و دوو قسه‌ی خێری

له‌سه‌ر بكات.
لەلایەكەی دیكەوە گواردیۆلا بۆتە هۆی پێشوەچوون و ئاستبەرزی هەموو یاریزانەكانی مانچێسته‌ر سیتی، بەڵام ئەو بابەتە لە مۆرینیۆدا نابینرێت، بەتایبەت لە ئاست میختاریان و لۆك شاو. لە ڕووی ئاستبەرزییەوە "ڕاشفۆرد" و "مارسیال" لە ئاستی "لیرۆی سانی" و "ئسترلینگ"دان، بەڵام مۆرینیۆ نەیتوانیوە لە هێرشبەرە لاوەكانی بە باشترین شێوە كەڵك وەربگرێت.
هەرچەند مۆرینیۆی پورتوگالی لە ئۆلترافۆرد هەنگاوی گرینگ و بەسوودی ناوەتەوە. مۆرینیۆ پێكهاتەیەكی بەتەمەنی وەرگرت، كەچی لە وەرزی یەكەمی خۆیدا توانی دوو جام بباتەوە، بەڵام ئێستە گەورەترین ئەركی نۆژەنكردنەوەی پێكهاتەی مانچێسته‌ر یونایتدە بۆ ئەوەی دەستی زیاتر بڕوات و ئەنجامەكانیشی باشتر بكات، ئەویش بۆ دوای پشووی وەرزی زستانەدا.

چێژ یان دڵەڕاوكێ
تا پێش یاری مانچێستەر یونایتد بەرامبەر بە لیڤەرپول یاریزانەكانی مانچێسته‌ر بە حەزی خۆیان یاریان دەكرد، بەڵام ئیتر ئەو ئازادییە كۆتایی هات. یاریزانانی مان سیتی چێژ لە یاریكردنیان وەردەگرن، بەڵام لە پێكهاتەی مۆرینیۆدا ئەو چێژە نابینرێت، واتە چێژەكەی كەمترە و دڵەڕاوكێ جێگەی چێژوەرگرتنی گرتۆتەوە. كێشەكە لێردەدایە، یارییەكی بەرگریكارانە بكەی، بەڵام كاتێك ئەنجامەكەت وەرنەگرت، ئەو جۆرە یاریكردنە هیچ چێژێكی نە بۆ یاریزانەكان دەبێ و نە بۆ هاندەران. لەدەستدانی پەیوەندی دۆستانەی مۆرینیۆ لەگەڵ یاریزانەكانی كارەساتی گەورەی لێ دەكەوێتەوە و ڕەنگە دووبارەش بێتەوە و ئەوكات دەستەی كارگێڕیی مانچێسته‌ر یونایتدە كە دەبێ لە نێوان مۆرینیۆ و یاریزانە ئەستێرەكانی یەكیان هەڵبژێرێت.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 03 کانونی دووەم 2018 10:39
© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.