کانونی دووەم 20, 2020

یانەكانی هه‌ندرێن و هه‌ولێر دێربیی پایته‌خت ئه‌نجام ده‌ده‌ن و؛ برایه‌تیی پێشه‌نگیش میوانداریی یانەی زێره‌ڤانی ده‌كات

ئه‌مڕۆ گه‌ڕی شه‌شه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چیت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كات 2:30ـی ئێوارە ئه‌نجام ده‌درێن، له‌ یارییه‌كی گرینگدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، شێروانه‌یش له‌ كه‌لار یاریی له‌گه‌ڵ سیروانی نوی ده‌كات، هه‌ندرێن و هه‌ولێریش دێربیی پایته‌خت ئه‌نجام ده‌ده‌ن، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و نه‌ورۆزیش له‌ بارودۆخێكی خراپ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، زاخۆ و سۆرانیش له‌ سه‌ر سنور به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، برایه‌تی له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ پێشه‌نگ یاریی له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی یانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، دواین زانیاری و گۆڕانكارییه‌كانیش له‌ یانه‌كان ئاشكرا ده‌كات.

زێره‌ڤانی بۆیاریی برایه‌تی ئه‌ستێره‌یه‌كی له‌ ده‌ستداوه‌
برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری زێره‌ڤانی ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر، بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌شیوه‌یه‌كی سه‌د له‌ سه‌د بۆیارییه‌كه‌ ئاماده‌ن، چونكه‌ هیچ یاریزانێكی نه‌ به‌هۆی پێكان نه‌ به‌هۆی كارتی ره‌نگاو ره‌نگ له‌ یارییه‌كه‌ دانابڕێت، جگه‌ له‌وه‌ش (گه‌یلان لوقمان)ـی بۆ ئه‌م یارییه‌ بۆ گه‌ڕاوته‌وه‌، له‌ ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌یشه‌وه‌ له‌وه‌په‌ڕی ئاماده‌ باشیدان، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یازده‌ خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌یان گرتووه‌، چاویان له‌وه‌یه‌ خۆیان له‌ یه‌كه‌می ریزبه‌ندی قایمتر بكه‌ن.
زێره‌ڤانی، نوێنه‌ره‌كه‌ی بادینان بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ دۆخێكی باشدان، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو یه‌كه‌م بردنه‌وه‌یان له‌ خوله‌كه‌دا تۆمار كرد، به‌ڵام گرفتی زێره‌ڤانی له‌م یارییه‌، دابڕانی دۆدۆی هێرشبه‌ری به‌ڕازیلییه‌، كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی خێزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی، له‌م یارییه‌ به‌شداری ناكات، هه‌روه‌ها هاوڕی ئه‌نوه‌ری یاریزانی باڵه‌كانیشی به‌هۆی پێكان به‌شداری ناكات، به‌ڵام سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ پایته‌خت، گورزێكی كوشنده‌ له‌ برایه‌تی بدات و سێ خاڵی گرینگ بۆ یانه‌كه‌ی به‌ده‌ستبهینێت، ده‌شزانێت ئه‌ركی ئاسان نییه‌، زێره‌ڤانی خاوه‌نی پێنچ خاڵه‌ و پله‌ی نۆیه‌م به‌شییه‌تی.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام بۆ ده‌ربه‌ندیخان ئاماده‌یه‌
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ، به‌ته‌واوی كه‌تیبه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، ئامانجیشیان بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌، چونكه‌ به‌رده‌‌وام پێشمه‌رگه‌ چاوی له‌ ناسناوه‌كه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕان و یه‌كسان بوونی كێشه‌ی زۆری بۆ دروست ده‌بێت،  پێشمه‌رگه‌كانی پیرمام خاوه‌نی حه‌وت خاڵن و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێن.
ده‌ره‌به‌ندیخان، به‌ دۆڕانی له‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی، نه‌یتوانی پارێزگاری له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌ بكات، ته‌نانه‌ت دوای چوار یاریی تۆڕی گۆڵه‌كه‌شیان هه‌ژێنرا، بۆیه‌ هیچی له‌به‌رده‌م دانییه‌، جگه‌ له‌ نیشاندانی ئاستێكی باش دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 8 خاڵ له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێن.

هه‌ندرێن و هه‌ولێر له‌ دێربی پایته‌خت ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
هه‌ندرێن، له‌ یاریگای خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، تیپه‌كه‌ی دڵشاد مه‌عروف، گه‌ڕی رابردوو پشوو بووه‌، خۆی به‌ باشی ساز و ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام گرفتی له‌ هێلی به‌رگریه‌، چونكه‌ محه‌مه‌د شێرزادی به‌رگریكاری به‌هۆی كارتی سوور یاریی ناكات، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن، له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی هه‌ولێر تۆمار بكه‌ن، له‌ كۆی چوار یاریی ته‌نها سێ خاڵیان هه‌یه‌ و پله‌ی ده‌یه‌م به‌شیانه‌.
هه‌ولێر، به‌ تیپێكی لاو هینانی چه‌ند یاریزانێكی به‌ ئه‌زموون پێكهاته‌یه‌كی گونجاویان دروست كردووه‌، ئه‌نجامیشیان به‌ به‌راورد به‌ وه‌رزی رابردوو باشتره‌، یاریی دوای یاریی متمانه‌ی زیاتر بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن، گه‌ڕی رابردووش به‌رامبه‌ر به‌هێترین تیپ یه‌كسان بوونه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ ته‌نها دانا عوسمانی هێرشبه‌ر ره‌نگه‌ به‌هۆی پێكان نه‌توانێ به‌شداری یارییه‌كه‌ بكات، هه‌ولێر خاوه‌نی 8 خاڵه‌ و پله‌ی پێنجه‌می گرتووه‌.

شێروانه‌ له‌ كه‌لار باوه‌شی بۆ سیروانی نوێ كردووته‌وه‌
شێروانه‌ له‌ كه‌لار له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سیروانی نوێ ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ كه‌لارییه‌كان گرینگه‌، چونكه‌ ده‌مێكه‌ تامی سه‌ركه‌وتنیان نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت دوای گۆڕینی راهێنه‌ریش ته‌نا یه‌كسان به‌شیان بووه‌، به‌ڵام ئه‌م یارییه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا دڵی هانده‌رانی كه‌لار ئاشت بكاته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردووش هانده‌رانی شێروانه‌، له‌ رێگای سۆشیاڵ مێدیاوه‌، پاڵپشتی ته‌واوی خۆیان بۆ تیپه‌كه‌ دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌نه‌س مالیك بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام به‌شداری كردنی به‌مۆ غه‌ریب مسۆگه‌ر نییه‌، شێروانه‌ ته‌نها دوو خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌م دێت.
سیروانی نوێ، دوای دۆڕانی گه‌ڕی رابردوو، له‌ده‌ستدانی پێشه‌نگی خوله‌كه‌، به‌دوای راستكردنه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی خۆی ده‌گه‌ڕێت، دوو یاریزانی گرینگیشی بۆ ئه‌م یارییه‌ بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش (سه‌ركه‌وت ئازاد و ئیبراهیم محه‌مه‌د)ن، به‌ڵام یاریی كردنیان بۆ ئه‌م یارییه‌ بۆ پلانی راهێنه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سیروانی نوێ، (10) خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌م دێت.

یاریی ئاگرین له‌ سلێمانی ده‌بێت
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی میوانداری نه‌ورۆزی هاوشاری ده‌كات، به‌ دێربی سلێمانی ناسراوه‌، ئه‌م دوو تیپه‌ بارودۆخیان خراپه‌، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هه‌رچه‌ند راهێنه‌ریشی گۆڕی، به‌ڵام گه‌ڕی رابردووش هه‌ر دۆڕان به‌شی بوو، كه‌چی ده‌یه‌وێت دۆخی خراپی نه‌ورۆز بقۆزێته‌وه‌ و ئه‌م یارییه‌ی لێ بباته‌وه‌، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانی ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ند دێن. نه‌ورۆز، ئه‌م هه‌فته‌یه‌، راهێنه‌رێكی تازه‌ی هێناوه‌، یونس سلێمان له‌ شوێنی پرسیار عه‌بدولره‌زق ئه‌ركی راهێنانی یانه‌ی نه‌ورۆزی وه‌رگرت، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی ئه‌م راهینه‌ره‌یه‌ له‌ گه‌ڵ یانه‌یه‌ك، كه‌ له‌ خولی نایاب یاریی بكات، هه‌موو جه‌ماوه‌ری نه‌ورۆز چاوه‌ڕێن تا یونس كێشه‌كانی ئاست خراپی یاریزانه‌كان و سستی و كه‌مته‌رخه‌می پێكهاته‌كه‌ی نه‌هێڵێت، نه‌ورۆز خاوه‌نی دوو خاڵه‌ و پله‌ی سێیه‌می گرتووه‌.

زاخۆ و سۆران به‌یه‌كده‌گه‌ن
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سۆران ده‌كات، دوو یانه‌ی خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی تایبه‌ت، زاخۆ بارودۆخی باشه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ نێو زه‌حمه‌ترین یاریگه‌ی پڕ هانده‌ر له‌ ده‌ره‌بندیخان بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا له‌سه‌ر بردنه‌وه‌كانی به‌رده‌وام بێت، خاوه‌نی حه‌وت خاڵن و له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێن.
سۆران، میوانێكی تازه‌ی نایاب، تیپێكی به‌هێز ركابه‌رێكی سه‌رسه‌خت بۆ یانه‌كان، به‌ڕای شڕۆڤه‌كارانی وه‌رزشی گرفتی سۆران دره‌نگ هاتنه‌ نێو كه‌ش و هه‌وای یارییه‌كانه‌، بۆیه‌ش زۆربه‌ی كات له‌ گێمی دووه‌م باشتر یاریی ده‌كات، سۆران ده‌یه‌وێت له‌ دوای دۆڕانی له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو به‌سه‌ركه‌وتن له‌ زاخۆ بۆ ئه‌نجامه‌ باشه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌، خاوه‌نی هه‌شت خاڵن و پله‌ی سێمیان داگیر كردووه‌.
دهۆك، ئه‌م گه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بردنه‌وه‌ی تۆمار كردبوو، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش ده‌توانێت باشتر گرفته‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، و پێكهاته‌كه‌ی رێك بێخێته‌وه‌، خاوه‌نی شه‌ش خاڵن و پله‌ی هه‌شته‌م به‌شیانه‌.

© 2017 Hawler