کانونی دووەم 25, 2020

بارودۆخ و ڕیزبەندیی یانەکان و خشتە یارییەكان و بڵاو دەکاتەوە

لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان، سبەی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گەڕێکی تری یارییەکانی خولەکە بەڕێوەدەچن، لاوانی سیروانی نوێی پێشەنگی یانەکان لە سەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی نەورۆز دەکات، لەکەلاریش لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتە میوانی شێروانە، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش ڕوودەکاتە دەڤەری بادینان و ڕووبەڕووی لاوانی زاخۆ دەبێتەوە.

بارودۆخی یانەکان پێش یارییەکانی گەڕی پێنجەم
سبەی گەڕێکی تری خولی لاوانی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، دوای چوار گەڕ بەسەر بەڕێوەچوونی خولەکەیش یانەکانی سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی و پێشمەرگەی هەولێر و زێرەڤانی پلەکانی پێشەوەیان گرتووە و ڕکەبەری دەکەن.
لە دێربی سلێمانیدا لاوانی سیروانی نوێی پێشەنگی یانەکان میوانداری لاوانی نەورۆزی هاوشاری دەکات کە ٧ خاڵی هەیە و خانەی پێنجەمی گرتووە، سیروان گەرەکیەتی بەبردنەوەی یارییەکە پێشەنگی یانەکان قایمتر بکات، کوڕانی سەفا نوریش بۆ نزیک بوونەوەی پلەکانی پێشەوە بۆ بردنەوە دەجەنگن.
لە دەڤەری گەرمیانیش یانەی شێروانە میوانداری لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات، کە ١٠ خاڵی هەیە و پلەی دووەمی گرتووە، پێشمەرگە نایەوێت لە ڕکەبەری کردن دووربکەوێتەوە و هەوڵی ئەوەدەدات بە سێ خاڵ بگەڕێتەوە.
لە یارییەکی تریشدا لاوانی پێشمەرگەی هەولێر کە لە چوار گەڕی ڕابردوودا ٩ خاڵی کۆکردۆتەوە و خانەی سێیەمی بەدەستە، ڕوودەکاتە زاخۆ و لەگەڵ لاوانی ئەو شارە یاری دەکات، کە بە ٤ خاڵ لەپلەی حەوتەمدایە، لە یارییەکی تریشدا سیروانی شارەزوور و هەندرێن لە شارەزوور بەیەک دەگەن، هەردوو یانە لە دۆخێکی خراپدان و هیچ خاڵێکیان نیە، بۆیە یارییەکە شەڕی خۆ ڕزگار کردنە لە دوور کەوتنەوە لە ڕیزبەندی کۆتایی یانەکان.
لاوانی هەولێریش کە پاڵەوانی وەرزی ڕابردوون گەشتی کۆیە دەکەن و لەگەڵ لاوانی ئەو شارۆچكەیە ڕووبەڕوو دەبنەوە، هەولێر ٥ خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەم دێت، کۆیەیش بە ٤ خاڵ لە خانەی دەیەم دەبیندرێت.
لە دوایین یاریی ئەم گەڕەیشدا تیپی لاوانی یانەی زێرەڤانی لەسەر یاریگەی خۆی لە دهۆک میوانداریی لاوانی ئاڵا دەکات، زێرەڤانی خاوەنی ٩ خاڵە و لە پلەی چوارەم دێت، یانەی ئاڵایش ٤ خاڵی هەیە و لە خانەی هەشتەم دێت.
خولی لاوانی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بە بەشداریی ١٢ یانە و بە یەک قۆناغ بەڕێوە دەچێت و هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش بۆ خولی لاوانی پلە یەک دادەبەزن.

خشتەی یارییەکانی گەڕی پێنجەم بەم شێویە دەبێت:
زاخۆ - پێشمەرگەی هەولێر
زێرەڤانی - ئاڵا
سیروانی شارەزوور- هەندرێن
کۆیە - هەولێر
سیروانی نوێ - نەورۆز
شێروانە – پێشمەرگەی سلێمانی

ڕیزبەندی یانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەیە:
١- سیروانی نوێ ٤ یاری ١٢ خاڵ
٢- پێشمەرگەی سلێمانی٤ یاری ١٠ خاڵ
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٤ یاری ٩ خاڵ
٤- زێرڤانی ٤ یاری ٩خاڵ
٥- نەورۆز ٤ یاری ٧ خاڵ
٦- هەولێر ٤ یاری ٥ خاڵ
٧- زاخۆ ٤ یاری ٤ خاڵ
٨- ئاڵا ٤ یاری ٤خاڵ
٩- شێروانە ٤ یاری ٤ خاڵ
١٠- کۆیە ٤ یاری ٤ خاڵ
١١- سیروانی شارەزوور ٤ یاری ٠ خاڵ
١٢- هەندرێن ٤یاری ٠ خاڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler