ئاب 11, 2020

خۆزێ مۆرینهۆ بە فەرمی بووە راهێنەری یانەی تۆتنهام

یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی، بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند كە خۆزێ مۆرینهۆ بووەتە ڕاهێنەری یانەكە و شوێنی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی ئەرژەنتینی گرتووەتەوە.
یانەی تۆتنهام، سێشەممەی ڕابردوو، راهێنەر پۆچیتینۆی لە پای ئەنجامە خرپەكانی یانەكە دوور خستەوە و دوێنێ چوارشەممە، بە خۆزێ مۆرینهۆی ڕاهێنەری ناسراو، جێی پڕ كردەوە.
یانەی تۆتنهام، ئەنجامەكانی ڕووەو خراپی بوون، بە جۆرێك لە 10 یاریی ڕابردوودا، تەنێ توانیبووی سێ یاریی سەركەوتن بە دەست بهێنێت.
یانەی تۆتنهام، هیچ ڕوونكردنەوەی زیاتر و وردتری لە بارەی نێوەڕۆكی بۆندی مۆرینهۆ نەخستووەتە ڕوو، بەڵام  دانیێل لیڤی، سەرۆكی یانەی تۆتنهام، لە بارەی پێوەندیكردنی مۆرینهۆ بە یانەكەیان و دەستبەكاربوونی وەك راهێنەر، ئەوەی خستە ڕوو، كە ناوبراو یەكێكە لە سەركەوتووترین راهێنەرەكانی بواری تۆپی پێ، ئەزموونێكی زۆری هەیە، توانایەكی بەرزی تەكتیكی هەیە، دەتوانێ تیپەكە بەرەو پێش ببات.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا لە بارەی ناوبراوەوە، وتی: شكۆیەكی گەورەیە بۆ هەر یانەیەك كە مۆرینهۆ راهێنەری بێ، پێمان وایە كە هەموو وزە و تواناكانی یانەكە كۆ دەكاتەوە و ئەنجامی باشی دەبێ.
لای خۆیەوە، مۆرینهۆ لە بارەی دەستبەكاربوونی وەك راهێنەری یانەی تۆتنهام، وتی: من بەجۆشوخرۆشم بۆ پێوەندیكردن بە یانەی تۆتنهامەوە، كە سەروەتێكی گەورەیە، بە تایبەت كە بەو جۆشوخرۆشییە پێشوازیم لێ دەكەن و پشتیوانمن، توانای هەمووان لە تیپەكە و كاركردنی لەگەڵ ئەو یاریزانانە، حەزی بوون بە ڕاهێنەری ئەو یانەیەی لا دروست كردم.
بۆ زانین، یەكەم یاریی تۆتنهام لە ژێر سەرپەرشتیی مۆرینهۆدا، ڕۆژی شەممەی دادێ بەرانبەر یانەی وێست هام دەبێ، كە لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕێ سێزدەی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرایە.
بۆ بیرهێنانەوە، پێشتر مۆرینهۆ ڕایگەیاندبوو، دەگەڕێتەوە بواری راهێنەرایەتی و ناوی ئەو یانەیەیش دەزانێ كە دەبێ بە راهێنەری، بەڵام ئاشكرای نەكردبوو.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler