کانونی یەکەم 16, 2019

به‌رازیل بووه‌ پاڵه‌وانی مۆندیال و ئه‌ستێره‌یه‌كیشی له‌ده‌ستدا

له‌م هه‌فته‌یه‌دا چه‌ندان بۆنه‌ و پێشهات و ده‌نگۆی گه‌رم و جیاواز روویدا، دیارترینیان به‌رازیل بووه‌ پاڵه‌وانی مۆندیالی خوار ته‌مه‌ن 17 ساڵان، یانه‌ی یوڤێنتۆسیش به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌ستێره‌یه‌كی گورزێكی كوشنده‌ی به‌ركه‌وت، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ پاریس سانجێرمان شوێنگره‌وه‌ی نێیماری دۆزیوه‌ته‌وه‌.

به‌رازیل بۆ چواره‌مجار بووه‌ پاڵه‌وانی مۆندیال
بڕازیل بۆ جاری چواره‌م مۆندیالی خوار 17 ساڵانی به‌ده‌ستهێنا و له‌ یاریی كۆتاییش به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر شكستی به‌ مه‌كسیك هێنا.
له‌ شاری گامای بڕازیل و له‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی لاوان، به‌ڕازیل و مه‌كسیك رووبه‌رووی یه‌كتر بوونه‌وه‌، گێمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
به‌ڵام له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی 66 بریان گۆنزالێس گۆڵی یه‌كه‌می مه‌كسیكی كرد و هانده‌رانی بڕازیلی له‌ نێو خاكی خۆیان شۆك كرد.
دوای هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی لازارۆ ڤینیسیۆس خه‌ریكبوو له‌ خوله‌كی 81 ئه‌نجامه‌كه‌ یه‌كسان بكاته‌وه‌ به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ستوون رێگری له‌ خاون خاك كرد.
دواتر فاوڵێك له‌ ناوچه‌ی سزای مه‌كسیك درووست بوو ناوبژیوانیش به‌ پشتبه‌ستن به‌ ڤار فیكه‌ی لێدانی سزای بۆ بڕازیل لێدا، كایۆ جۆرج گۆڵكاره‌كه‌ی بڕازیل ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌ و پێنجه‌م گۆڵی خۆشی له‌ مۆندیاله‌كه‌ تۆمار كرد.
دواتر له‌ خوله‌كی 90 لازارۆ ڤینیسیۆس ده‌ركه‌وت و ئه‌و یاریزانه‌ی یانه‌ی فلامینگۆ گۆڵی دووه‌می بڕازیلی كرد و یاریگای هه‌ژانده‌وه‌، به‌مه‌ش یاریی كۆتایی هات بڕازیل بۆ جاری پێنجه‌م له‌ مێژوو بووه‌ پاڵه‌وانی مۆندیالی خوار 17 ساڵان و مه‌كسیكیش نه‌یتوانی بۆ جاری سێیه‌م ناسناوه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌.

ڤان دایك به‌هۆكارێكی نادیار هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندای جێهێشت
ڤێرجیل ڤان دایك به‌ هۆكارێكی نادیار كه‌مپی مه‌شقی راهێنانه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندای جێهێشت.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی هۆله‌ندا رایگه‌یاندووه‌ ڤان دایكی به‌رگریكاری لیڤه‌رپوول كه‌می راهێنانه‌كانی جێهێشتووه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌ ترسی پێكان هانده‌رانی لیڤه‌رپوول نیگه‌ران ده‌كات.
فێدراسیۆنه‌كه‌ ته‌نیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ ڤان دایك به‌ هۆكاری كه‌سی و تایبه‌تی خۆی كه‌مپه‌كه‌ی جێهێشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی روونی بكاته‌وه‌ كه‌ یاریزانه‌كه‌ كێشه‌ی جه‌سته‌یی هه‌یه‌ یاخود نا.
ئه‌م هه‌واڵه‌ش هانده‌رانی رێدز نیگه‌ران ده‌كات، چونكه‌ له‌ هه‌مان كاتدا جوێل ماتیپ پیكانی هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی كێشه‌ بۆ یۆرگن كلۆپی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول.

به‌رازیل ئه‌ستێره‌یه‌كی له‌ده‌ستدا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بڕازیل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی رایگه‌یادووه‌ ئه‌لێكس ساندرۆی یاریزانی باڵی چه‌پی هه‌ڵبژارده‌كه‌ تووشی پێكان بووه‌ و له‌ یاریی دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر كۆریای باشوور داده‌بڕێت.
ئه‌گه‌رچی ساندرۆ له‌ پێكهاته‌ی بڕازیل دوورخرایه‌وه،‌ به‌ڵام هێشتا له‌ژێر چاودێری پزیشكانی هه‌ڵبژارده‌كه‌یه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئیتاڵیا.
به‌ پێكانی ساندرۆ گورزێكی كوشنده‌ به‌ر پێكهاته‌كه‌ی ماوریزیۆ ساری و یۆڤێنتۆس ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ دوو یاریی داهاتوویان له‌ سێریا ئه‌ی رووبه‌رووی ئاتڵانتا ده‌بێته‌وه‌ و له‌ چامپیۆنزلیگیش به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید یاریی ده‌كات.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler