کانونی یەکەم 16, 2019

ئەستێرەیەكی پێشووی چێڵسی، ڕێنوێنیی كڵۆپ دەكات بۆند لەگەڵ ئیبراهمۆڤیچدا بكا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

نێیمار، لە پێناو بەرشلۆنە بۆندەكەی لەگەڵ پی ئێس جی نوێ ناكاتەوە
پرسی ڕۆییشتنی نێیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەڕازیلی، لە یانەی پاریس سانت جێرمان و پێوەندیكردنی بە یانەی بەرشلۆنە هێشتە كۆتایی نەهاتووە و لەوانەیە لە ماوەكانی گواستنەوەی داهاتوودا ڕێی بەرشلۆنە بگرێتەوە.
هەمووان دواساتەكانی ماوەی گواستنەوەی ڕابردوویان لە بیرە، كاتێك نێیمار زۆر نزیك بوو لەوەی پێوەندیی بە بەرشلۆنەوە بكا، بەڵام ئەو هەوڵەی بەرشە بە هۆكاریی بەرزی خواستی پی ئێس جییەوە سەرنەكەوت.
ئێستەیش لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی گواستنەوەی زستانەدا، ئەو باسە هاتووەتە گۆڕێ ڕۆژنامەی ئێكسپرێس ئەوەی خستووەتە ڕوو، هێشتە نێیمار سوورە لەسەر ئەوەی یانەی پاریس سانت جێرمان جێ بهێڵێ و بچێتەوە بەرشلۆنەی كۆنەشوێنی.
رۆژنامەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە نێیمار ئۆفەرێكی گەورەی پی ئێس جی بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی ڕەت كردەوە، ئەوەیش بە هیوای ئەوەی بچێتەوە بەرشلۆنە.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە تەمەن 27 ساڵانە، لە سەروەختی پێوەندیكردنەوەی بە پاریس لە سەرەتای وەرز، هێرشێكی زۆری لەسەر بوو، بەڵام دواتر بەرەبەر ئەو هێرشە كەم بووەوە و لە دۆخەكە ڕاهاتەوە.

ئەستێرەیەكی پێشووی چێڵسی، ڕێنوێنیی كڵۆپ دەكات بۆند لەگەڵ ئیبراهمۆڤیچدا بكات
ئەستێرەی پێشووی یانەی چێڵسی، كریج بۆرلی سكۆتلەندی، ڕینوێنی ڕاهێنەری ئەڵمانی یۆرگن كلۆپی كرد، كە بۆند لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سوێدیدا واژۆ بكات، بۆ بەهێزتركردنی ڕیزەكانی پێشەوەی.
ئەو یاریزانە 38 ساڵانە، لە رێێ تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە، ڕوونی كردەوە كە بۆندەكەی لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلێس گالاكسیدا نوێ نەكردووەتەوە، كە لە 31ـی دیسمێبەردا كۆتایی پێ دێ و لەوە بە دوا ئازاد دەبێ لە چوونی بۆ هەر یانەیەكی دیكە.
پێشتر كلۆپ ئەوەی ڕاگەیاندبوو، كە بیر لەوە دەكەنەوە بۆند لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچدا واژۆ بكەن، ئەگەر یاریی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد نەكات.

ململانێی چوار یانە لەسەر یاریزانێكی ناپۆلییە
هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید، وێڕای یانەكانی پاریس سانت جێرمان و مانچستەر یونایتد، ئامادەن لە هاوینی دادێ، بۆند لەگەڵ یاریزانی فابیان رۆیز، ئەستێرەی ناوەڕاستی ناپۆلی واژۆ بكەن.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئەوەی روون كردەوە، كە هەر چوار یانەی ناوبراو، دەكۆشن تا خزمەتەكانی ئەو یاریزانە دەست بخەن، هەرچەندە هەندێ بۆچوون هەیە، كە ئەو یاریزانە لە یانەی ریاڵ مەدرید نزیك بووبێتەوە، بەڵام چەندان سەرچاوە، ئەوە باس دەكەن، كە هێشتە هیچ یانەیەك لە پێش ئەوی دیكە نییە بۆ دەستخستنی یاریزانی ناوبراو.
هاوكات، بۆندێك لە یانەی ریاڵ مەدریدەوە گەییشتووەتە كارگێڕیی یانەی ناپۆلی، بۆ دەستكەوتنی ئەو یاریزانە، بە پێی بۆندەكە، مووچەی ساڵانەی رۆیز 3 ملیۆن یۆرۆ دەبێ و ماوەی بۆندەكەیشی 5 ساڵە، ئەم بۆندەیش، بە بۆندێكی جێبایەخ بۆ ناپۆلی ناژمێردرێ، بۆیە ئێستە چاوەڕێی بۆندی هەر سێ یانەكەی دیكە دەكا، تا بڕیاری خۆی بدا.
وێڕای ئەو باسانە، ئەوەیش خراوەتە ڕوو، كە شێوازی یاریكردنی ئەو یاریزانە، نزیكترینە لە شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشلۆنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە یاریزانەكە خواستی بۆ ڕۆییشتن لەو یانە ئیتاڵییە دەرنەبڕیوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler