کانونی یەکەم 16, 2019

دانێللۆ: ئەگەر ڕۆناڵدۆ یاریی بۆ بەڕازیل كردبا، 5 مۆندیالی دەبردەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

پاریس سانت جێرمان لەسەر سانشۆ لە كێبەركێدایە
ڕۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێسی بریتانی بڵاوی كردەوە، كە یانەی پاریس سانت جێرمان، یاریزانی یانەی بوڕوسیا دۆرتمۆند گادۆن سانشۆی خستووەتە لیستی ئەو یاریزانانەی خواستیان لەسەری هەیە تا بیانباتە ریزەكانییەوە.
ئەو یاریزانە تەمەن 19 ساڵانە، جگە لە پاریس سانت جێرمان، یانەكانی مانچستەر یونایتد و لیڤەرپوولیش تەمایان لەو یاریزانە ناوە، ئەمە وێڕای دوو تیمە گەورەكەی جیهان "ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە".
بە پێی دواپێشهاتەكان، یانەی پاریس سانت جێرمان، دەستی لەسەر سانشۆ داناوە، وەك ئامانجی یەكەمی بۆ ماوەی گواستنەوەی داهاتووی هاوینە، بۆ پتەوكردن و بەهێزتركردنی هێڵی هێرشبردنی یانەكەی.
دەیڵی ئێكسپرێس، ئەوەیشی روون كردووەتەوە، كە هۆی ئەو هەوڵدانەی پی ئێس جی، ئەوەیە كە گومانی لەسەر مانەوەی نێیمار هەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لە یانەكە، ئەمەیش وای كردووە هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە لە پێناو دەستخستنی سانشۆ،
هاوكات، ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، پێشتر ئەوەی ئاشكرا كردبوو، كە دۆتمۆند داوای بڕەبۆندی 140 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستبەرداربوون لەو ئەستێرە لاوەی كردبوو و لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە پی ئێس جی، ئامادەی جێبەجێكردنی داواكەی یانە ئەڵمانییەكەیە.
بۆ بیرهێنانەوە، سانشۆ، لە سەرەتای وەرزەوە لە هەموو پاڵەوانیەتییەكاندا 16 یاریی بۆ دۆرتمۆند كردووە، كە 4 گۆڵی كردووە و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە.

كروس: ئەڵمانیا بەربژێر نییە بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەكانی 2020
ئەستێرەی ئەڵمانی تۆنی كروس، ئەوەی بە دوورگرت، كە هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە لیستی ئەو تیمانە بێ، كە بەربژێرن بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەكانی ئەورووپای 2020، كە هاوینی دادێ ئەنجام دەدرێت.
ئێوارەی شەممەی ڕابردوو، ناوبراو سەركردایەتیی تیپەكەی كرد، لەوەی بگاتە كۆتاییەكانی ئەو پاڵەوانیەتییە، بەو پێیەی لە كۆی4 گۆڵی تیپەكەی لە بیلاڕووسیا، خۆی دوو گۆڵی تۆمار كرد.
كروس، دوای یارییەكە بۆ سایتی فەرمیی یووفا وتوویەتی: هێشتە پێویستمان بە ئەزموونە، بەڵام كار دەكەین و باشتر دەبین، هەڵوێست و پێگەی خۆمان لە پێش پاڵەوانیەتییەكە دەزانین. هەروەها لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، وتی: لە ئێستەدا، وای نابینم ئێمە لە نێو بەربژێرانی بردنەوەی جامەكەدا بین، بەڵام ئەمە هیچ شتێك ناگۆڕیت.

ئەبیدال: مێسی لە پێناو نوێكردنەوەی بۆندەكەی، لە گفتوگۆدایە
ئیریك ئەبیدال، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنە، دووپاتی كردەوە، كە ئەستێرەی ئەرژەنتینی لیۆنێل مێسی، لە ئێستەدا بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی، لەگەڵ كارگێڕیی بەرشلۆنە لە گفتوگۆدایە.
بەم دواییە زۆر لە بارەی مێسی و داهاتوویەوە وتراوە، بە تایبەت دوای ئەم پێشهاتانەی دوایی لە بەرشلۆنە و جێبەجێنەكردنی خواستەكەی، كە گەڕانەوەی نێیمار بوو.
وێڕای لێدوانی بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، كە دووپاتی كردەوە مێسی ساڵانی داهاتوویش لە بەرشلۆنە دەمێنێتەوە، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە، وردتر روونی كردەوە كە مێسی ئێستە لە گفتوگۆی نوێكردنەوەی بۆندەكەیدایە.
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لێدوانی ئەبیدالی گواستووەتەوە، كە وتوویەتی: لە ئێستەدا، گفتوگۆ لە نێوان مێسی و كارگێڕیی بەرشلۆنەدا هەیە، نازانم بەم نزیكانە دەگەنە ڕێككەوتن یان نا، ئەمە بە دەست خودی یاریزانەكەیە.
ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە نازانێ چ كاتێ بە فەرمی نوێكردنەوەی بۆندەكەی ڕادەگەیەنرێت، بەڵام ناوبراو بە گەییشتنە ڕێككەوتن، گەشبینە، كارەكە هەندێ كاتی دەوێ، هەموو شتێك باش دەڕوا و هەمووان مێسی دەناسن، بۆیە پێویست بە نیگەرانی ناكات.
بۆ بیرهێنانەوە، لیۆنێل مێسی 15 ساڵی لەگەڵ تیمی یەكەمی بەرشلۆنە تەواو كرد، مانگی ڕابردوویش ئاهەنگی 15ـیەمین ساڵی گێڕا، كە بە بۆنەی یەكەمین دەركەوتنییەوە بوو لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە.

پیكێ: مانچستەر یونایتد كردمی بە یاریزانێكی باشتر
جارێكی دیكە جێرارد پیكێی ئەستێرەی بەرشلۆنە، لە بارەی ئەو ماوەیەی لە ئینگلتەرا و ڕێك لە یانەی مانچستەر یونایتد بەسەری برد دوا و ئەوەی خستە روو كە ئەو سەروەختە ڕۆڵێكی باشی لە تەواوكردنی كەسایەتییەكەی گێڕاوە.
پیكێ، كە لە تەمەنی 17 ساڵان و لە ساڵی 2004ـدا چووبووە ئەكادیمیای یانەی مانچستەر یونایتد و دواتر لە 2008 چووە یانەی بەرشلۆنە، لە بارەی سەروەختی یاریكردنی بۆ یانە ئینگلیزییەكە دوا.
ناوبراو بۆ مێدیای ئۆبسێرڤەر دواوە و وتوویەتی: گران و سەخت بوو كە هاوڕێیانم جێ بهێڵم، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەزموونێكی گەورە بوو بۆ من.
پیكێ، وتوویشیەتی: لەوێ زۆر پێشكەوتنم بە خۆمەوە بینی، ئەوەی پێی گەیشتم لە سایەی مان یونایتدەوە بوو، هەرچەندە لەوێ زۆر یاریم نەكرد، لە ناوەندی یاریكردنەكەم، دوو یاریزانی هەرەباشترینی جیهان هەبوون، من شانازی بەوەوە دەكەم كە لەوێ بووم.
پیكێ درێژەی بە گوتەكانی دا و ئاماژەی بەوە كرد: ئێستە بیركردنەوەم وایە، كە هەر ساڵێك، ساڵی كۆتاییە بۆ من، دەمەوێ هەموو شتێك بۆ تۆپی پێ تەرخان بكەم، دەمەوێ تا ئەو ڕاددەیەی پێم دەكرێ، بە باشترین شێوە كاروانی یاریكردنم واز لێ بهێنم.
لە كۆتاییدا، وتیشی: نازانم كە ئایا ساڵێك بەردەوام دەبم یان دوو و یانیش پێنج، بەڵام من لە بەرشلۆنە ئاسوودەم.
بۆ بیرهێنانەوە، پیكێ لە یاریی نێودەوڵەتی وازهێنانی ڕاگەیاندووە، بەڵام لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە بەردەوامە و ڕەگەزێكی سەرەكیی یانەكەیە.

دانێللۆ: ئەگەر ڕۆناڵدۆ یاریی بۆ بەڕازیل كردبا، 5 مۆندیالی دەبردەوە
یاریزانی بەڕازیلی دانێلۆ، دووپاتی كردەوە كە ڕۆناڵدۆ كاریگەرییەكی بەهێزی لەسەر تۆپی پێی جیهان هەیە، هەروەك ئەو یاریزانەی یوڤی، ئاماژەی بر ئەو ئاستە بەرز و ئەنجامە باشانەی رۆناڵدۆ كرد، كە لە ماوەی ڕابردوودا تۆماری كردوون.
دانێللۆ، بۆ مێدیای دازن، ئەوەی خستە روو، كە رۆناڵدۆ لە یانەیەك بێ، پاڵنەر و فاكتەری سەرەكییە بۆ بردنەوەی دەستكەوت و ناسناوەكان.
دانێللۆ، وتوویشیەتی: لەو كاتەوەی لە ریاڵ مەدرید بووم ڕۆناڵدۆم ناسیوە، ئێستەیش سەرلەنوێ یاریی لەگەڵ دەكەم، بە لای منەوە ئاستێكی سەرنجڕاكێشی هەیە، ئەو بایەخ بە هەموو وردەكارییەك دەدات و بەردەوام هەوڵی پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرزتر دەدات، ئەمەیش هۆی ئەو ئەنجام و دەستكەوتە هەمیشەییانەیەتی.
دانێللۆ، سەرنجی وەرزشوانانی بۆ ئەوە برد، كە ئەگەر ڕۆناڵدۆ یاریی بۆ بەڕازیل كردبا، هەڵبژاردەكە پێنج مۆندیالی بە هۆی بوونی ئەوەوە دەبرد. لە بەشێكی مێدیاكان، وەها بڵاو كراوەتەوە، كە ڕۆناڵدۆ بە دانێللۆی وتووە، كە ئەگەر ئەو یاریی بۆ بەڕازیل كردبا، پێنج مۆندیالی دیكەیشی دەبردەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، دانێللۆ دوای یانەی ریاڵ مەدرید، پێوەندیی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد، لە هاوینی ڕابردوویش بەرانبەر بۆندێكی 37 ملیۆن یۆرۆیی، ڕووی لە یانەی خانمەپیرەكە كرد.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler