کانونی یەکەم 16, 2019

له‌ دوای چوار گه‌ڕ، دوو راهێنه‌ر له خولی نایابی كوردستان وازیان لە ئەركەكانیان هێنا

ته‌نیا چوار گه‌ڕ له‌ خولی نایابی كوردستان تێپه‌ریوه‌، كه‌چی دوو راهێنه‌ر ده‌ستیان له‌ پۆسته‌كانیان كیشاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپه‌نه ‌هات، كه‌ یانه‌كانیان دووچاری بوونه‌وه‌.
وه‌لید محه‌مه‌د، راهینه‌ری شێروانه‌ی گەرمیان، دوای ئه‌نجامدانی چوار یاریی ته‌نیا یه‌ك خاڵ له‌ هه‌گبه‌ی تیپه‌كه‌یدا بوو، بۆیه‌ چه‌ند داواكارییه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ كرد، یه‌كێك له‌وانه‌ دوورخستنه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانیك بوو، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌، بۆیه‌ وه‌لید محه‌مه‌د، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد و به‌ نامه‌یه‌ك ماڵئاوایی له‌ یانەكە و هاندەرانی كرد.
ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانەی شێروانه‌ هه‌فته‌یه‌ك یاریده‌ده‌ری راهینه‌ری پێشووی كرده‌ راهێنه‌ری یه‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌ویش بەخت یاوەری نەبوو، بۆیه‌ كارگێڕی یانه‌كه‌ گریبه‌ستی له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌د سه‌بری) راهینه‌ر واژۆ كرد، كه‌ پێشووتر راهێنه‌ری یانه‌ی (مینا)ـی شاری به‌سڕە بووه‌، بڕیاریشه‌ رۆژی پێنجشه‌مه‌ له‌ یه‌كه‌م یاریی خۆی له‌گه‌ڵ شێروانه‌ ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی سۆران ببێته‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی راهێنه‌ری تازه‌ی ده‌ستنیشان كرد
یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، هه‌رگیز ئه‌نجامه‌كانی له‌گه‌ڵ قۆناخی ئاماده‌كاری پێش خوله‌كه‌ نه‌ده‌گونجا، چونكه‌ له‌ ئاماده‌كاریدا زۆر باش بوو، به‌ڵام له‌ له‌ چوار یاریی فه‌رمی له‌ خولی نایاب ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌بوو، بۆیه‌ یاسین مه‌نافی راهێنه‌ر دركی به‌ ئاستخراپیی یانه‌كه‌ی كرد و هه‌ر له‌ دوای یاریی سێیه‌م، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی یانه‌كه‌  كرد، به‌ڵام ئه‌وان رازی نه‌بوون، تا یاریی چواره‌میش دۆڕان، جارێكی تر یاسین مه‌ناف نامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌وانیش له‌سه‌ر داوای خۆی به‌ داواكارییه‌كه‌ی رازی بوون.
ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌، بۆ رۆژی دواتر (وه‌لی كه‌ریم)ـی وه‌ك راهێنه‌ری یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دیاریی كرد، كه‌ پێشووتر راهێه‌رایه‌تی یانه‌كانی  شێروانه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدی كردووه‌، هه‌روه‌ها یاریی له‌ ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عیراقدا كردووه‌، رۆژی پێنجشه‌مه‌ی داهاتوو له‌ یه‌كه‌م یاریی له‌ دهۆك ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی زێره‌ڤانی، كه‌ ئه‌ویش له‌ بارودۆخیكی خراپدایه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler