کانونی یەکەم 08, 2019

ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندیی یانەکان و گۆڵکارانی خولەکە و خشتەی یارییەکانی گەڕی داهاتوو دەخاتە ڕوو

لە میانی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، لە کۆی شەش یاریدا زۆرترین گۆڵ بەبەراورد بە سێ گەڕی ڕابردوو تۆمارکران، کە ژمارەی گۆڵەکان ١٥ گۆڵ بوون، یانەی سیروانی نوێ دێربی شاری سلێمانی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە و پێشەنگی یانەکانی لە یانەی سۆران وەرگرت، سۆران لەگەڵ برایەتی دۆڕا و یانەی برایەتی بەم بردنەوە هاتە خانەی دووەم، یانەی دەربەندیخانیش لەسەر تۆمارکردنی ڕیکۆردەکەی بەردەوامە و بۆ چوارەم یارییە گۆڵەکەی بەخاوێنی هێشتەوە گۆڵی لێ تۆمار نەکرا، دوای بردنەوەی لە یانەی شێروانە لەیاری دێربی گەرمیاندا، پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو گەڕایەوە بۆ سەرکەوتن و لە یانەی هەندرێنی بردەوە.

گەڕێک زۆرترین گۆڵی تێدابوو
لەم گەڕدا یانەی سۆران پێشەنگی یانەکانی لەدەستدا و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک بە برایەتی دۆڕا، ئەمە یەکەم دۆڕانی سۆران بوو لە مێژووی بەشداریکردنی لە خولی نایابدا، هەروەها یانەی هەولێریش لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بەسێ خاڵ لە زاخۆ گەڕایەوە، دوای بردنەوەی لە یانەی زاخۆ بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک و خۆی گەیاندە خانەی چوارەمی ڕیزبەندی.
پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی ڕابردوویش دووەم سەرکەوتنی خۆی تۆمارکرد و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە هەندرێنی بردەوە، لە یاری دێربی شاری دهۆکیشدا هەردوو یانەی دهۆک و زێرەڤانی بە دوو گۆڵ یەکسان بوون.
لەیاری لوتکەی ئەم گەڕەیشدا لەشاری سلێمانی سیروانی نوێ بووە میوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و بە گۆڵێکی هاوکار یەحیا یارییەکەی بردەوە، ئەمەیش سیروانی نوێ گەیاندە سەرووی ڕیزبەندی یانەکان، لە دەڤەری گەرمیانیش یاری دێربی گەرمیان ئەنجامدراو دەرەبەندیخانی پڕ هاندەر بووە میوانی شێروانەی فرە هاندەر، دەربەندیخان بەردەوامی بە ئەنجامە باشەکانیداو بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکی بردەوە و خۆی گەیاندە خانەی سێیەم و برینەکانی شێروانەی قوڵتر کرد، ئەم گەڕە زۆرترین گۆڵ تۆمارکرا لەچاو سێ گەڕی ڕابردوو، ڕێژەی گۆڵەکان لە خولەکەدا لە بەرزبونەوەدایە.

یەکەم ڕاهێنەر لە پۆستەکەی نەما
دوای چوار گەڕ بەسەر تێپەڕبوونی خولی نایابی کوردستان، دکتۆر یاسین مەناف ڕاهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوو بە یەکەم ڕاهێنەر، کە لە پۆستی یانەکەی نەمێنێت، ناوبراو دوای ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی پێشمەرگەی سلێمانی، کە تەنیا ١ خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکان دێت، لەگەڕی ڕابردویشدا دوای دۆڕانی لەگەڵ یانەی سۆران دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی دەستەی کارگێڕی یانەکە کرد بوو، بەڵام کارگێڕانی ئەو یانەیە داواکەیان ڕەتکرد بۆوە.
دوای دۆڕانی لەیاری دێربی سلێمانی بەرامبەر بە سیروانی نوێ، جارێکی تر یاسین مەناف داوای کرد دەست لەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت ، دەستەی کارگێڕی پێشمەرگەیش قبوڵیان کرد، ئەو ڕاهێنەرە لەگەڕی هەژدەیەمی وەرزی ڕابردوەوە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی پێشمەرگەی سلێمانی وەرگرتبوو، بەپێی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنیش وەلی کەریمی ڕاهێنەری پێشووی یانەی هەڵەبجە نزیکترین کەسە کە پۆستی ڕاهێنەرایەتی پێشمەرگە وەربگرێت.

چەند ئامار و زانیارییەک لەسەر خولەکە
لەم وەرزدا تاکو ئێستا یانەکانی سیروانی نوێ و هەولێر خاوەنی زۆرترین گۆڵن ٥ گۆڵیان تۆمارکردووە، یانەی دەربەندیخان تاکە یانەیە لەم وەرزە تاکو ئێستا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی ماوەتەوە و زیاتر لە ٣٦٠خولەکە هیچ گۆڵێکیان لێنەکراوە، یانەکانی هەندرێن و دهۆک تا ئێستا زۆرتین یاری یەکسان بوون، لەچوار یاریدا لە سێ یارییاندا لەم وەرزە بەرامبەر بوون، یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و شێروانە لە هەموو یانەکانی تر زیاتر دۆڕاون لە چوار یاریدا سێ یارییان دۆڕاندووە.
یانەی دەربەندیخان زیاتر لە ٤٥٠ خولەکە توشی هیچ دۆڕانێک نەبووە، کەدەکاتە ٥ یاری، لەدواین گەڕی وەرزی ڕابردوو دەرەبەندیخان بە سێ گۆڵ بەرانبەر بەگۆڵێک لە زێڕەڤانی بردەوە، ئەم وەرزەیش لەچوار یاری سەرەتایدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بە کۆکردنەوەی ٨ خاڵ لە پلەی سێیەمدایە، دواین دۆڕانی دەربەندیخان لە خولی نایابی کوردستان لە وەرزی ڕابردوو بوو، کاتێک لەگەڕی ٢٥ی خولەکە، لەسەر دەستی یانەی نەورۆز دۆڕاوە.
لەم گەڕدا لەکۆی شەش یاریدا ١٥ گۆڵ تۆمارکران، کە دەکاتە ڕێژەی ٢،٥ گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ئەمەیش بەبەراورد بە گەڕی ڕابردوو ڕێژەیەکی زیاترە، کە ١٠ گۆڵ تۆمارکرا بوون.
یاریزان میلاد نەجمی و بەهادین بەکر لە یانەی سیروانی نوێ و سیاکۆ مستەفا لەیانەی سۆران، هێمن ڕزگار لەیانەی دەربەندیخان، عەبدوڵڵا سەربەست و ڕەوا یوسف لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، هۆگر حوسێن لە یانەی هەولێر لە چوار گەڕی ئەم وەرزدا هەر یەکەو دوو گۆڵیان تۆمارکردووە و لەپێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن، لەم گەڕدا سێ لێدانی سزا بۆ یانەکانی هەندرێن و سۆران و زێرەڤانی هەژمارکران، ئامانج ئەکرەم لەیانەی هەندرێن و عومەر ئەحمەد لە یانەی زێرەڤانی، بارزان قاسم لە یانەی سۆران هەرسێ لێدانە سزاکەیان بەسەرکەوتووی جێ بەجێ کرد.
ئەم وەرزە لە چوار گەڕدا ٢٤ یاری ئەنجامدراون، ٤٣ گۆڵ تۆمارکراوە، ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ١،٧ گۆڵە، لە چوار گەڕی ڕابردوودا ٨ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمارکراون، لەگەڕی یەکەم سێ لێدانی سزاو، لەگەڕی سێیەمیش دوو لێدانی سزا هەبوون، هەروەها لەگەڕی چوارەمدا ٣ لێدانی تر بۆ یانەکان هەژمارکران.

ڕیزبەندی یانەکان دوای یارییەکانی گەڕی چوارەم بەم شێوەیە:
١-سیروانی نوێ ٤ یاری ١٠ خاڵ
٢- برایەتی ٤ یاری ٨ خاڵ
٣- دەربەندیخان ٤یاری ٨ خاڵ
٤- سۆران ٤ یاری ٧ خاڵ
٥- هەولێر ٤ یاری ٧ خاڵ
٦- پێشمەرگەی هەولێر ٣ یاری ٦ خاڵ
٧- زاخۆ ٣ یاری ٤ خاڵ
٨- دهۆک ٤ یاری ٣ خاڵ
٩- هەندرێن ٤ یاری ٣ خاڵ
١٠- زێرەڤانی ٣ یاری ٢ خاڵ
١١- نەورۆز ٣ یاری ٢ خاڵ
١٢- شێروانە ٤ یاری ١ خاڵ
١٣- پێشمەرگەی سلێمانی ٤ یاری ١ خاڵ

خشتەی یارییەکانی گەڕی پێنجەم
نەورۆز - دهۆک  یاریگەی نەورۆز
هەولێر – پێشمەرگەی هەولێر  یاریگەی هەولێر
زێرەڤانی – پێشمەرگەی سلێمانی یاریگەی زێرەڤانی
دەربەندیخان – زاخۆ یاریگەی دەربەندیخان
سیروانی نوێ - برایەتی یاریگەی سیروانی نوێ
سۆران - شێروانە  یاریگەی سۆران

یانەی هەندرێن چاوەڕوانە

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler