کانونی یەکەم 09, 2019

لویس سوارێز چەند نهێنییەكی سەرەتای چوونی بۆ یانەی بەرشلۆنە ئاشكرا دەكا

لویس سواریز، یاریزانی ئۆروگوایی یانەی بەرشلۆنە، هەندێ نهێنیی لە بارەی سەرەتای چوونە بەرشلۆنەی ئاشكرا دەكات، لەو كاتەوەی لە ریزەكانی یانەی لیڤەرپوولەوە، پێوەندیی بە یانە كاتەلۆنییەكەوە كرد.

پێش پێنج ساڵ و ڕێك لە هاوینی 2014 و لە دوای مۆندیالی بەڕازیل، لویس سوارێزی هێرشبەری ناسراوی ئۆروگوایی، بە پێی بۆندێك كە بەهاكەی 94.5 ملیۆن یۆرۆ بوو، چووە ریزەكانی یانەی بەرشلۆنەوە، كە ئەوكات بە هۆی سزادانییەوە لە پای قەپگرتنی، تا ماوەیەكی زۆریش دوای گرێبەستەكەی، نەیتوانی یاریی بۆ یانەی بەرشلۆنە بكات.
لویس سوارێز، دانی بەوەدا نا، كە لەو كاتەدا ڕووبەڕووی ساتەوەختی ناخۆش و ئاڵۆز بووەوە، لەو ڕووەوە یاریزانە 32 ساڵانەكە، وتوویەتی "ئەوكاتەی گەییشتمە بەرشلۆنە، پێشبینی ئەوە دەكرا بەرشلۆنە ناسناوەكان بباتەوە، بەڵام ساتەوەختی گران و ئەستەم و ئاڵۆز بوون، كە یارمەتیی ئەوەت دەدەن گەشە بكەی و پێ بگەی."
سوارێز لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، سەرنجی خستە سەر ئەوەی: یاریزانی تۆپی پێ، لە ژێر گووشاری بەردەوامدا دەژیت، بەڵام ئێمە بۆ ئەوە ئامادە بووین، ئامادە بووین هەمیشە لە دوو یان سێ رۆژ جارێكدا ئاستێكی نموونەیی پێشكەش بكەین، ئەوەیش بە پێی زۆری و گووشاری یارییەكان.
سوارێز، لە ریزەكانی بەرشلۆنەدا دواتر بە توندی جێی خۆی گرت و بە تۆماركردنی رێژەیەكی بەرزی گۆڵ، یارمەتیی یانەكەی دا لە بردنەوەی ناسناوەكاندا.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە ئۆروگواییە، ئێستە بە تۆماركردنی 185 گۆڵ، خاوەن پلەی چوارەمی ریزبەندیی باشترین گۆڵكەرانی مێژوویی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانییە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler