کانونی یەکەم 08, 2019

سبەی یارییەکانی گەڕی چــوارەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوەدەچن

لە میانی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان، سبەی گەڕێکی تری یارییەکانی خولەکە بەڕێوەدەچن، لاوانی سیروانی نوێی پێشەنگی یانەکان لە هەولێر دەبێتە میوانی لاوانی ئاڵا، هەر لە شاری هەولێر دوو یاری تر بەڕێوەدەچن، هەندرێن ڕووبەڕوی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە، هەولێریش میوانداری لاوانی شێروانە دەکات، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دووەمی ڕیزبەندیش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی زاخۆ دەکات.

بارودۆخی یانەکان چۆنە؟
بە ئەنجامدانی شەش یاری گەڕی چوارەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئاستی هونەری یارییەکان لە ئاستێکی بەرزدایەو ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە لەنێوان یانەکاندا بەردەوامە.
لەم گەڕەدا سیروانی نوێ کە بەبێ لەدەستانی هیچ خاڵێک و بە ٩ خاڵ پێشەنگی یانەکانی گرتووە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا ڕووبەڕوی یانەی ئاڵا دەبێتەوە، کە ٤ خاڵی هەیە لە پلەی هەشتەم دێت، لەشاری سلێمانیش یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خاوەنی پلەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکان، بە ئامانجی برەودان بە ئەنجامە باشەکانی میوانداری یانەی زاخۆ دەکات، کە ٤ خاڵی هەیە و خانەی حەوتەمی گرتووە.
لەم گەڕەدا زۆرترین یاری لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچن، لەسەر یاریگەی خۆی لاوانی هەندرێن کە بەبارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و بە سێ دۆڕان لە کۆتا پلەی ڕیزبەندی دێت، میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات کە بە ٦ خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، هەندرێن بۆ ڕزگار بوون لەو دۆخە و پێشمەرگەیش بۆ بەردەوام بوون لەسەر ڕکەبەری ناسناوەکە دەجەنگن.
لەسەر یاریگەی دووەمی شەهید فڕانسۆ هەریریش، لاوانی هەولێر میوانداری لاوانی شێروانە دەکات، هەولێر ٢ خاڵی هەیە و خانەی دەیەمی گرتووە، شێروانەیش بە ٤ خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستە.
لەشاری سلێمانیش لاوانی یانەی نەورۆز میوانداری لاوانی کۆیە دەکات، نەورۆز بە کۆکردنەوەی ٤ خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە، کۆیەیش بەهەمان ژمارەی خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت.
لە دواین یاریشدا لە شارەزوور لاوانی یانەی سیروانی شارەزوور میواندرای لاوانی زێرەڤانی دەکات، یانەکەی شارەزوور هیچ خاڵێکی نیەو لە پلەی پێش کۆتایی دێت، زێرەڤانیش بە ٦ خاڵ لە خانەی چوارەم دەبیندرێت.
خولی لاوانی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٢ یانە و بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت و هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەروەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش بۆ خولی لاوانی پلە یەک دادەبەزن.

خشتەی یارییەکانی گەڕی چوارەم بەم شێویە دەبێت:
هەندرێن - پێشمەرگەی هەولێر
پێشمەرگەی سلێمانی - زاخۆ
سیروانی شارەزوور- زێرەڤانی
ئاڵا- سیروانی نوێ
هەولێر - شێروانە
نەورۆز- کۆیە

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler